گرووپی بێسارانی لە چەند بەرهەمێكی جیاوازدا

گرووپی بێسارانی لە چەند بەرهەمێكی جیاوازدا
هونەرمەند كامەران حوسێن لە گرووپی بێسارانی ڕایگەیاند دوای نزیكەی سێ ساڵ لە كاری هونەری لە كوردستاندا بە هاوكاری چەند هونەرمەندێكی دەرەوەی كوردستان خەریكی پرۆژەیەكی نوێی هونەرییە.
ئەم پرۆژەیە بریتییە لە چەندین بەرهەمی جیاواز وەك ئاوازە كۆنەكانی مۆسیقای تەموورە كە ئاوازی سەرجەم گۆرانییەكانی بە شێوەزاری سۆرانی لەلایەن (كامەران حەسەن)ەوە دانراوەو ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە مۆسیقای تەموورە ئاواز لەسەر شیعری سۆرانی دادەنرێت و دوای 10 ساڵ لە هەوڵی بەردەوام دێت بۆ نزیك كردنەوەی مۆسیقای تەموورە و شیعری كلاسیكی سۆرانی، بۆ ئەم مەبەستەش كار لەسەر شیعرەكانی مەحوی، حەمدی و چەند شاعیرێكی دیكە كراوە.
هەروەها كامەران حەسەن بە گوڵانی ڕاگەیاند ئەم پرۆژەیە لە شوێنێكی شوێنەواریی تۆمار دەكرێت و وەك كۆنسێرتێك پێشكەش دەكرێت، دواتر بە (DVD) بڵاو دەكرێتەوە و پێشبینی دەكرێت لە بەرهەمە هونەرییە دەگمەنەكانی كورد بێت كە تا ئێستا بەم شێوەیە تۆمار كراوبێت، بۆیە هەوڵ دەدەین لە هەموو لایەكەوە پرۆفیشناڵ بێت وەك دیكۆر و ڕووناكی و دەنگ.
لەلایەكی دیكەوە كامەران حەسەن ڕایگەیاند كە لەم كارە هونەرییەدا چەند كەسێك لەدەرەوەی كوردستان هاوكارمان دەبن وەك گۆرانیبێژ و چەند ژەنیارێك، یەكێك لەو ژەنیارانە ئافرەتێكی خەڵكی ئەمریكایە كە دەف و دایەرە دەژەنیت و زۆریش خۆشحاڵە لەگەڵ ئێمە بەشدار بێت، بەڵام مەسەلەی گۆرانیبێژەكە هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە
Top