قادر ئەسعەد بەردەوامە لە بانگەوازەكەی
جارێكی دیكەو لە رێگای گۆڤاری گوڵانەوە هونەرمەند قادر ئەسعەد بانگەوازەكەی دووبارەكردەوە بۆ لایەنە پێوەندارەكان بە مەبەستی سازدانی زنجیرەیەك ئاهەنگی گۆرانی لەشارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی بۆ ئەوەی هونەر و هونەرمەندان بە ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان هەستن بەرامبەر وڵاتەكەیان، هەروەها وەك هەوڵێك بۆ ڕەواندنەوی ئەو بارگرژییەی كە لە ماوەی ڕابردوودا باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو.
لەلایەكی دیكەوە سەبارەت بە بەرهەمە نوێیەكەی هونەرمەند قادر ئەسعەد ڕایگەیاند كە بەرهەمەكەی تەواو بووەو تەنیا ماوە كە كۆمپانیای ڤین بڵاوی بكاتەوە، هەروەها سەردانی ئەم جارەشی لەسەر داوای ئەوان بووە بۆ ئەنجامدانی ئەو بەرهەمە، دەربارەی ناوەڕۆكی بەرهەمەكەش وتی: هەموو گۆرانییەكانی هی شاییە و هیوادارم بە دڵی جەماوەر بێت و بتوانم دڵیان خۆش و شادبكەم.