ئەیوب عەلی: زۆر حەز بە گوێگرتنی حەیران دەکەم مافی ئەوە بە خۆم نادەم بڵێم حەیران بێژم

ئەیوب عەلی: زۆر حەز بە گوێگرتنی حەیران دەکەم مافی ئەوە بە خۆم نادەم بڵێم حەیران بێژم
لە كۆمەڵگەیەكی وەك كۆمەڵگەی كوردی ئەگەر كەسێك ئەندازیار بێت و گرنگی بە بوارێكی دیكەی وەك هونەر و گۆرانی گوتن بدات، دەتوانین بڵێین قبووڵكردنی ئەم حاڵەتە رەنگە ئەگەر زەحمەتیش نەبێت، ئەوا ئاسان نییە، بەڵام ئەیوب عەلی ئەوەی سەلماند كە هونەر بەهرە و خۆماندوو كردنە، پسپۆری یان ئەكادیمی بوون رێگە لەهیچ كەسێكی بەهرەمەند یان دڵسۆز بۆ هونەرەكەی ناگرێت لەوەی جگە لە پیشەی خۆی بتوانێت لە بواری هونەریش سەركەوتوو بێت و لە بوارێكی دیكەش خزمەت بە نیشتمان و میللەتەكەی خۆی بكات، هەرچەندە كاك ئەیوب ئەندازیاریش بە جۆرێك لە هونەر دەزانێت، لەم دیمانەیەدا ئەیوب عەلی ئەندازیار و هونەرمەند وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە كە ئەگەر چی كورتیش بوون، بەڵام تایبەت نەبوون بە بواری هونەری بە تەنیا.



* دوور لە هونەر لەگەڵ وەرزش چۆنی؟
- وەرزش کردن کاریگەرییەکی یەجگار گرنگی هەیە لەسەر مرۆڤ چ لەرووی دەروونیەوە بێت یان جەستەییەوە، چالاکی دڵ و هەستەکانی مرۆڤ پێوەندیەکی بەتینیان هەیە لەگەڵ وەرزش. جۆری خواردن و خواردنەوەی تەندروست هەموویان کاریگەرن لەسەر مرۆڤ. بەشبەحاڵی خۆم وەرزشکردن سوودێکی زۆری پێبەخشیوم و لەهەمان کاتیشدا وەک ئەرکێکی لێ هاتووە لە ئەستۆی من لە کاتێکدا من هونەری گۆرانی وتنم هەڵبژاردووە، ئەمەش بەشێکی گرنگە لە‌ راهێنان و گرنگی دان بەو توانا و بەهرەیە بۆ زیاتر بەرەوپێشەوە چوون و هەڵکشان. راکردن و مەلە و پاسکیل سواری و هەندێک راهێنانی تر هەن بە بۆچوونی من و‌ زانستیش ئەوەی سەلماندووە کە زۆر گرنگن بۆ مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەتی گۆرانیبێژ.
یەکێک لەهەرە دیارترین و بەرچاوترین سوودەکانی، کاریگەری هەیە لەسەر جۆری هەناسەدان و زاڵبوون بەسەر درێژکردنی هەناسە لەکاتی وەرگرتن و دانەوەدا لە گۆرانی وتندا. من بەش بەحاڵی خۆم لە هەفتەیەکدا 5 رۆژ وەرزش دەکەم بەتایبەتی راکردن و هەندێک راهێنانی دیکە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە رۆژێکدا. وەرزش بە گشتی سوودێکی بەرچاوی هەیە بۆ کەمکردنەوەو رەواندنەوەی تەنگەژەی دەروونی و دوور بوون لە هەندێک نەخۆشی کە پێوەندیان بە کێشی لەشەوە هەیە.

* هاندەری کام یانەو هەڵبژاردەی و بۆچی؟
-لەم کاتەدا من زۆر سەیری یاریەکان ناکەم لەبەر کەمی کاتم، بەڵام زۆر جار یاری یانە و هەڵبژاردە ئاست بەرزەکانم حەز لێیەو سەیریان دەکەم. هەرچەندە لەبەر ئەوەی خۆم لە وڵاتی ئینگلتەرا دەژیم زۆر حەزدەکەم سەیری یارییەکانی چێلسی و هەڵبژاردەی ئینگلترا بکەم، بەڵام بەگشتی خۆم وا نابینم هاندەری هیچ یانەیەکی دیاریکراو بم بە بەردەوام، ئەوەش هەر رەنگە کەمی کات وای لێکردوم.

* هەندێک ئەندازیار هەن هونەرمەندن. پێتوایە چ پێوەندیەک هەیە لەنێوان ئەندازیاری و کاری هونەری؟
-من ئەندازیاریش هەر بە هونەر دەزانم بەتایبەتی بیناسازی، کە پێموایە هونەر و زانست لەوێدا تێکەڵ بوونە. ئەگەر هونەری گۆرانی خزمەتی دڵ و گیان و دەروونی مرۆڤ و کەلتور و فەرهەنگی نەتەوەیەک بکات، ئەوە ئاندازیاریش خزمەت بە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی و مێژووی شارستانی گەلان دەکات. سەیری کۆشک و تەلارەکانی وڵاتی یۆنان و چەندین وڵاتی دیکەی خاوەن شارستانی بکە لەوێوە بۆت روون دەبێت کە ئەو هونەر و زانستە چەند پەیوەست و یەک مانان و چۆن تەواوکاری یەکترن!

* بیرت لە دوێت نەکردۆتەوە؟
-بەڵی بیرم لێکردۆتەوە بەس لە ئێستادا هونەرمەندەکەم دەستنیشان نەکردووە بۆ کارکردن بەیەکەوە.

* بیرت لەوە نەکردۆتەوە بەیەکجاری بگەڕێیتەوە کوردستان؟
-من بە رۆح و دڵ و خەون و خەیاڵم هەمیشە لە کوچەو کۆلانەکانی کوردستانم، بەڵام کەی زانیم کە زەمینە لەبارە بۆ پەروەردەکردن و بەرەوپێشەوەبردنی هونەرەکەم و کەی پێموابوو پلان و رێوشوێنم ئامادەیە، زۆر بە شانازییەوە دەگەڕێمە وڵاتەکەم.

* لە ژیانتدا لە چ شتێک پەشیمانی؟
-رەنگە هەندێک شت هەبن پێوەندیان بە هونەرەکەم و ژیانی تایبەتی خۆمەوە هەبێت و بڵێم پەشیمانم لێیان، بەڵام هەڵبژاردنی وشەی پەشیمانی سوودێکی ئەوتۆ نابەخشێت، تەنیا ئەزموون لێوەرگرتن گرنگرتین شتە لەلای من.

* چ دیمەنێک هەبووە لەژیانتدا کە هەرگیز نەتوانی لە یادی بکەیت؟
-یەکێک لەو سات و دیمەنانەی کە هەرگیز ناتوانم فەرامۆشی بکەم و لەیاد خۆمی بەرمەوە ئەوە بوو کە لەباوەشی دایکم و باوکم دەگریام و بۆ یەکەم جار وڵاتم بەجێ هێشت.

* زۆر لە هونەرمەندان فەیسبوکیان هەیە، تۆ هەتە؟
- من وەک خۆم فەیسبوکم نییە، بەس چەند کەسێک وەک دەربڕینی خۆشەویستیان بۆمن فەیسبوکیان بەناوی من کردۆتەوە. بەڵام لاپەری فان کلاب بەشێوەیەکی فەرمی بۆمن کراوەتەوە کە خاتوو شۆخان بەرزنجی بەڕێوەی دەبات، من لێرەوە سوپاسی ئەرک و ماندوبوونەکەی دەکەم. کە لەم فان کلابە دۆستان و هەواداران دەتوانن بە بەردەوامی گوێبیستی گۆرانی و چالاکیە نوێیەکانی من بن. وەک هەواڵ و وێنەی تازە.

* حەیرانێکی زۆر خۆشت بەسەر هەولێردا گوت لە ئەلبومی ئەمجارەتدا. ئایا ئەوە هەر بۆ یەکەم جار بوو حەیران بڵێیت یان پێشتر لە ئاهەنگ و کۆنسێرتەکاندا گوتووتە؟
-من زۆر ئاگام لە هونەری فۆلکلۆری گەلەکەمە، حەیرانیش یەکێکە لەو هونەرە رەسەنەی کورد، هەر زۆر حەز بە گوێگرتنی حەیران دصەکەم. هەر بۆیەش وەک خۆشەویستیەکم بۆ ئەو هونەرە رەسەنە هەر بۆ یەکەم جار لە ئەلبومی ئەم جارەم بەشێکی کورتی حەیرانم گوت. من مافی ئەوە بە خۆم نادەم بڵێم حەیران بێژم. پێموایە هەر حەیرانبێژێک تاموچێژێکی جیاوازی هەیە لە یەکێکی دیکە. بۆیە لێرەوە بیسەر سەربەستە لەوەی گوێ لە کامە دەگرێت.

* تێکستی حەیرانەکەت لەلایەن کاک زیرەک ژێدار نووسراوە. ئایا ئەو تاچەند رۆڵی هەبوو لەوەی کە لە بەرهەمەکەت حەیرانی تیابێت؟
-کاک زیرەک زۆر هاوکاری من بووە. ساڵانێکە وەک بەڕێوەبەری کاری رۆژنامەوانی زۆر لەگەڵ من کاری کردووە و ماندوبوونی چەشتووە، منیش زۆر سوپاسی دەکەم. بەڵێ تێکستی حەیرانەکە ئەو نووسیویەتی و لەلام زۆر جوان بوو. هەروەها ئەو زۆر یارمەتی دام لە چۆنیەتی خوێندن و چڕینی حەیرانەکە، چونکە بۆ من کەمێک سەخت بوو وەک حەیرانبێژێکی شاری هەولێر بتوانم حەیران بخوێنم، کە زۆر روون و ئاشکرایە من لە دایک بووی ناوچەی گەرمیانم. بۆیە کاک زیرەک لە چۆنیەتی خوێندن و دەربڕینی وشەکان هاوکاری کردم. هەر لێرەوە داوا لە هۆگر و هاوادارانی حەیران دەکەم کە لە کەموکورتیەکانی حەیرانەکە بمبوورن.
Top