قوتبه‌دین سادقی: "سرته له‌گه‌ڵ با" چۆته ناو زمان و دیمه‌نی سینه‌مای جیهانه‌وه
به پێی راپۆڕتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "تاو فیلم"، فیلمی سینه‌مایی "سرته له‌گه‌ڵ با" له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد شه‌هرام عه‌لیدی و به ئاماده‌بوونی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره سنه‌ییه، ئه‌كته‌ری ناوداری كورد خاتوو مریه‌م بووبانی یه‌كێك له ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م فیلمه، پارێزه‌ری ناوداری كورد محه‌مه‌د ساڵح نیكبه‌خت و هه‌روه‌ها به هاوكاری ئه‌نجوومه‌نی زانستی سینه‌مای زانكۆی تاران، له هۆڵی ئاوینی له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی زانكۆی تاران نمایشكرا و له لایه‌ن قوتابیان و بینه‌رانه‌وه پێشوازییه‌كی باشی لێكرا.
دوای نمایشی فیلمی سینه‌مایی "سرته له‌گه‌ڵ با" دانیشتنی لێكۆڵینه‌وه و رخنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی پسپۆڕانه به ئاماده‌بوونی نووسه‌ر و شانۆكاری ناوداری كورد دكتۆر قوتبه‌دین سادقی و به به‌شداری سینه‌ماكاری كورد شه‌هرام عه‌لیدی و خاتوو مریه‌م بووبانی ئه‌كته‌ره‌ی به‌ئه‌زموونی سنه‌یی به‌ڕێوه‌چوو.
له سه‌ره‌تای ئه‌م دانیشتنه‌دا سادقی سه‌باره‌ت به مێژووی جینایه‌تی كۆمه‌ڵكوژی كورده‌كانی عێراق به ناونیشانی "ئه‌نفال" له لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه بۆ قوتابیان و ئاماده‌بووانی ناو هۆڵه‌كه هاته ئاخاوتن و له درێژه‌دا گوتی: ناوه‌رۆكی ئه‌م فیلمه سه‌باره‌ت به كاره‌ساتێكی دڵته‌زێنه به‌ڵام نه‌وه‌كوو به‌شێوه‌ی ئه‌كشن، به‌ڵكوو گێڕانه‌وه‌ی فیلمه‌كه به شێوه‌ی ته‌واو شاعیرانه و ناڕاسته‌وخۆیه و به شێوازی دیمه‌نێكی خه‌ماوییه كه بۆ هه‌ر پلانێكی به دیقه‌ت، گێڕانه‌وه‌یه‌كی شاعیرانه‌یه و دیمه‌نه‌كانیش شاعیرانه هه‌ڵبژێردراوه. شتێك كه له‌م فیلمه‌دا به جوانی سرنجی بینه‌ر بۆلای خۆی راده‌كێشێت، لانگشاته‌كان، رامان و ریتمی هێواشه بۆ ئه‌وه‌ی كه روانینی كامێرا، رامانی تێدایه و عاشقانه‌یه.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێوه له‌م فیلمه‌دا له‌گه‌ڵ سینه‌مایه‌ك روبه‌ڕوون كه لایه‌نی شێعری، خۆشه‌ویستانه و شاعیرانه‌یه و بۆ هه‌ر دیمه‌نێكی تابڵۆیه‌ك به شێوازی تایبه‌ت دروست كراوه و جۆرێك جوانناسی تایبه‌تی هه‌یه، له دنیادا ده‌رهێنه‌ری دیكه‌ش ئه‌م كاره‌یان بۆ وڵاته‌كانیان كردووه، له‌وانه: "تێئۆئانجلۆپلووس" بۆ یوونان، "پاراژانۆف" بۆ ئه‌رمه‌نستان و "ئه‌میر كاستاریكا" بۆ بۆسنی.
مامۆستای زانكۆكانی تاران له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه ئێمه له هونه‌ردا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین ئه‌وه‌یه كه واقعییه‌ت وه‌كوو خۆی كۆپی ناكه‌ین، رۆڵی هونه‌ر خوڵقاندنه. گێڕانه‌وه‌ی واقعییه‌ت جۆرێك شاعیرانه‌یه و شێوازێكی هونه‌رییه و له رێگای دیمه‌نه‌وه نیشانی ده‌ده‌ن و ده‌قاوده‌ق ناتوانرێت واقعییه‌ت نیشان بدرێت و یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه له‌م فیلمه‌دا به‌ڕای من به‌هێزه هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه و بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌ر واقعییه‌تێك، دیمه‌نێكی تایبه‌ت خوڵقێندراوه.
هه‌روها گوتی: له پشت هه‌ر كام له‌م دیمه‌نانه شێعرێكه كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كان یا كه‌مكردنه‌وه‌ی زامه‌كان نییه به‌ڵكوو بۆ گێڕانه‌وه‌ی كاریگه‌ری زیاتره و هونه‌ر یانی كاریگه‌ری. و له رێگای دیمه‌نه جوانه‌كانی كێوه‌كان، شیوودۆڵه‌كان، سه‌وزایی و رووباره‌كانی كوردستان له فیلمی سینه‌مایی "سرته له‌گه‌ڵ با"دا بینه‌ر ته‌واوی جوانییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه و خه‌ڵكی ده‌بینێت. خه‌ڵكانێك كه تاكوو ئه‌و راده زۆره زوڵمیان لێكراوه و كاره‌ساته گه‌وره‌كانیان به‌سه‌ر هاتووه. به‌ڕای من جوانی جوگرافیای فیلمه‌كه گرینگ‌ترین داكۆكیكه‌ری ئه‌م فیلمه‌یه كه تووره‌ج ئه‌سڵانی به وێنه‌گرتنی ئه‌و دیمه‌نه جوانانه زیندووی كردۆته‌وه.
دكتۆر سادقی له كۆتایی قسه‌كانیدا گوتیشی: ئێوه ته‌واوی توندووتیژی به‌عسییه‌كان له كوردستانی عێراق له‌م فیلمه‌دا ده‌بینن بێئه‌وه‌ی كه ده‌رهێنه‌ر، دیمه‌نی توندووتیژی به شێوه‌ی راسته‌وخۆ به ئێوه نیشان بدات و له واقیعدا به‌دواداچوونی دیمه‌نه‌كانه. و شتێك كه له فیلمی "سرته له‌گه‌ڵ با"دا زۆر دروسته ئه‌وه‌یه كه چۆته ناو زمان و دیمه‌نی سینه‌مای جیهانه‌وه و ده‌رهێنه‌ر له به‌وێنه‌كێشانی دیمه‌نه‌كان، مشووری و وردی به‌كارهێناوه.
شه‌هرام عه‌لیدی ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "سرته له‌گه‌ڵ با" له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا گوتی: ئه‌م فیلمه له زۆربه‌ی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان نمایشكراوه و له ناخی دڵمه‌وه زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌م جاره له نێوان كۆمه‌ڵێكی ئاكادیمیا نمایشكرا و ئه‌وه بۆ من ئاوات و داواكارییه‌ك بوو. زۆر هیوادارم كه ئه‌م هه‌له بڕه‌خسێت تاكوو ئه‌م فیلمه به شێوه‌ی گشتیش له سینه‌ماكانی وڵاتی ئێران نمایش بكرێت و له‌و دیدارانه‌ی كه له‌گه‌ڵ مندا بوویانه داواكاری ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ماش هه‌ر ئه‌وه‌یه.
سینه‌ماكاری لاوی كورد سه‌باره‌ت به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای كوردستان و ئێران خاتوو مریه‌م بووبانی وه‌كوو ئه‌كته‌رێكی پێرفشناڵ له فیلمی سینه‌مایی "سرته له‌گه‌ڵ با"دا گوتی: زۆر پێش له قۆناغی وێنه‌گرتنی ئه‌م فیلمه له فیكری رۆڵ بینینی به‌رێزیاندا بووم و له‌گه‌ڵیاندا له رێگای ته‌له‌فوونه‌وه قسه‌م كرد و پێم گوت كه ده‌مه‌وێت له‌م فیلمه‌دا رۆڵ ببینیت و له‌ڕاستیدا هیچ دیالۆگێكتان نییه و به‌رێزیان قه‌بووڵی كرد و بووه یه‌كێك له ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كانی ئه‌م فیلمه، چونكه قورسایی هه‌ستی فیلمه‌كه له‌سه‌ر شانیان بوو و به جوانی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامدا.
هه‌روه‌ها گوتی: به ئاماده‌بوونی خاتوو بووبانی بڕیارمدا كه بیروباوه‌ڕه‌كه‌م بگۆڕم و له فیلمی داهاتوومدا سه‌تا هه‌شتای ئه‌كته‌ره‌كان، ئه‌كته‌ری پێرفشناڵی بواری سینه‌ما ده‌بن. و خاتوو بووبانی به بێده‌نگی و له خۆبردووی و وزه‌ری زۆر باشی خۆی ئه‌و بڕوایه‌ی به من گۆڕی.
مریه‌م بووبانی ئه‌كته‌ری فیلمی سینه‌مایی "سرته له‌گه‌ڵ با" له درێژه‌ی دانیشتنی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م فیلمه سه‌باره‌ت به قه‌بووڵكردنی رۆڵێك له‌م فیلمه‌دا كه هیچ دیالۆگێكی نییه، گوتی: له هیچ جێگایه‌ك له‌م فیلمه‌دا هه‌ستم نه‌كرد ده‌بێت دیاڵۆگێك بۆ رۆڵی كه‌سایه‌تی من هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ستی رووداوه‌كه و ده‌قی فیلمه‌كه بۆ من به‌س بوو كه بێ هیچ دیالۆگێك خه‌مباری و زامی ئافره‌تانی كورد كه به درێژایی مێژوو به‌سه‌ریاندا هاتووه بتوانم له رێگای هه‌ستمه‌وه به بینه‌ری نیشان بده‌م.
خانمه سینه‌ماكاری كورد له كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: ئه‌و بابه‌ته مرۆڤانه‌ی كه له‌م فیلمه‌دا خراوه‌ته‌ڕوو و ده‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌م رووداوه بۆ من زۆر گرینگ بوو، له قه‌بووڵكردنی ئه‌و رۆڵه‌دا زیاترین جه‌غتم له‌سه‌ر ئه‌و دوو بابه‌ته بوو.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "تاو فیلم".