ئەساڵە: هاوسەرەكەم ئارامیم پێدەبەخشێت

ئەساڵە: هاوسەرەكەم ئارامیم پێدەبەخشێت
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك دووركەوتەوە لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت، ئێستا خانمە گۆرانیبێژی سوری ئەساڵە نەسری خۆی ئامادە كردووە بۆ یەكەم جار بەرنامەیەكی هونەری پێشكەش بكات بەناوی(صۆل) لە مانگی رەمەزانی پیرۆز، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە قۆناغی دووگیانیدایە و چاوەڕێی كۆرپەكەیەتی.

دەربارەی ئەم ئەزموونە تازەیە ئەساڵە دەڵێ: ماوەیەكی زۆرە بیر لە كارێكی لەمجۆرە دەكەمەوە، بەڵام هەمیشە دوام دەخست و ئێستاش پێموایە كات گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە و لەگەڵ هاوسەرەكەم دەستم بە كارەكە كردووە و چەند ئەڵقەیەكمان تۆمار كردووە و بیرۆكەی بەرنامەكەش بریتییە لە گفتوگۆ كردن لەگەڵ ئەستێرە ناودارەكان لە بواری هونەری و بوارەكانی تر دەربارەی چەند كێشەیەكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی.

سەبارەت بە ترسی لە پێشكەشكردنی ئەم جۆرە بەرنامانە ئەساڵە دەڵێ: بێگومان لە سەرەتادا هەستم بەجۆرێك لە ترس دەكرد، بەڵام بوونی هاوسەرەكەم وەك دەرهێنەری بەرنامەكە جۆرێك لە ئارامیی پێ بەخشیوم، هەروەها بەرنامەكە خۆی لە دانیشتنێكی نێوان من و هاوڕێكانم دەچێت و هیوادارم بە دڵی جەماوەر بێت. لەلایەكی دیكەوە ئەساڵە رایگەیاند كەوا پڕۆژەی بەشداری كردنی لە فیلمێكی سینەمایی لەبەر دەستە، بەڵام حاڵی حازر بۆ ماوەیەك دواخراوە.
Top