ڕۆژ كەریم: پێویست ناكات هونەرمەند ببێتە مشەخۆر
* پێتوانییە گۆرانی (سلێمانی) دەبوایە پێشتر بگوترایە؟
- رەنگە ئێوە پێتان وابێت، بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم، ئەو گۆرانیەم لەم ڕۆژانە ئامادە كرد پاش ڕووداوەكەی 17\2 هەر بۆ ئەم مەبەستەش لەو كاتەدا پێشكەشم كرد، چونكە شاری سلێمانی شارێكی زۆر جوان و بێبەختە، تەنیا مەبەستم لەم گۆرانییە ئەوەبوو كە بڵێم من وەكو ڕۆژ كەریم لەگەڵ خەم و ئازارەكانی سلێمانیدام و شارێكی تەنیا نییە.
• تۆ یەكێكی لەو هونەرمەندە گەنجانەی كە خاوەن ئەزموونێكی لەنێو هونەری كوردیدا، دەتوانین بڵێین تا ئێستا شتێك هەیە بەناوی رەخنە یان ڕەخنەگر بەڕای تۆ؟
- لەنێو هونەرمەندەكان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی كە چاوپێكەوتنمان لەگەڵ ئەنجام دەدەن جۆری پرسیارەكانیان لەقسەی ئاسایی دەچێت. تا ئێستا كەس نەهاتوو بپرسێت بڵێت ئەم گۆرانییەت چۆن كردووە یاخود ئەمە چ جۆرە ستایلێكە. تائێستا ڕاگەیاندنەكان خەڵكەكە فێر ناكەن جۆری گۆرانییەكە چییە.
• دەتوانین بەهەموو كەسێك بڵێین هونەرمەند ئەگەر ئەكادیمی نەبێت، یاخود لەبواری هونەری نەیخوێندبێت؟
- نەخێر، ئەكادیمییەكان تەنیا ئەو كەسانەن كە لەبوارەكەی خۆیاندا دەخوێنن، بەڵام بەداخەوە هونەری كوردی ئێستا بەدەست ئەكادیمیەكانەوە نییە نازانم بۆچی.. بۆ نموونە ئێستا هونەری كوردی هەمووی چۆتە قاڵبی گۆرانی وتنەوە. جاران تەنیا هونەری كوردی گۆرانی نەبوو، بەڵكو هەموو بەشەكانی دیكەی هونەر بوو وەكو میوزیك و شانۆ دراما...تاد، بەڵام ئێستا وانییە گۆڕەپانەكە تەنیا گۆرانیبێژە ئەمەش كارێكی زۆر هەڵەیە، لێرەوە دەردەكەوێت كەئێمە كەسانێكی مشەخۆری گوێگرین.
• تاچەند لەگەڵ نوێكردنەوەی بەرهەمە كۆنەكانی؟
- لەگەڵ ئەوەدام نوێبكرێنەوە، بەڵام ئەم بەرهەمانە نافەوتێن. خەڵك هەمووی لەبەریەتی، تەنیا ئەگەر من ببم بە مشەخۆری ئەوان ئەوە هونەری پێناڵێن، چونكە ئەوان خۆیان زۆر جوانیان وتوە لەو باوەڕەدا نیم كەس وەكو وان بیڵێتەوە، ئەو كارانە خۆی زۆر جوانە پێویست ناكات دەستكاریان بكەی.
• ئێستا كۆمەڵێك كلیپ لەشاشەكانی TV دادەبەزێت خەڵكی گلەیی ئەوەیان هەیە كە ئەم كلیپانە نەشیاون. بەڕای تۆ تاچەند ئەمە ڕاستە؟
- منیش لەگەڵ ڕای خەڵكدام، هەندێك كلیپ هەن زۆر نەشیاون بۆنموونە ئەو كلیپانەی لای ئێمە دادەبەزن تەقلیدی ئەوروپیین و زیاتر ئەو شتانە پیشانی خەڵك دەدەن كە كەموكوڕییان هەیە، لای خۆمان هەندێك گۆرانیبێژ هەن هەر نازانم چ گۆرانییەكیش دەڵێن بەمیلۆدیەكی سەقەت كۆمەڵێك كچی هێناوە تەنیا بۆ ئەوەی دەربكەوێت و بڵێن كلیپی كردووە من لەگەڵ ئەوەدانیم، ڕاگەیاندنەكانی ئێمە تادوو گۆرانی باش لێدەدا چواری خراپ دادەبەزێنێت. پێویستە راگەیاندنەكان كەسانی وا دابنێن شتێك هەڵبژێرن بۆ نمایشكردن كە لەگەڵ حەز و ئارەزووی خەڵك بگونجێت و شارەزاییان لەهەموو ستایلەكان هەبێت.
• زۆربەی هونەرمەندان بە بارودۆخی هونەری كوردی ئەمڕۆ ڕازی نین؟
- شتێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە بەردەوامی هونەری باش دروست دەكات، بۆ نموونە «گەر سەیری (عەدنان كەریم و بەهجەت و زەكەریا و ئەیوب و زیاد) بكەین لەكەیەوە بەردەوامن تا ئێستاش ئەو هەناسە درێژەیە ستایلەكەت بۆ دروست دەكات. خەڵكانێكیش هەن گۆرانییەك یان دووان كردویانەتە سەروەت و سامانیان تا ماون دەیڵێنەوە, پێویستە هونەرمەندان بەردەوام كاری تازەیان هەبێت.
• ئــــێــستا هونەرمەندەكان كـــــــاتــــێك دەگـــــەڕێنەوە كـــــوردســـتان بۆكۆنسێرت میوزیك ژەنی بیانی لەگەڵ خۆیان دەهێنن، چی دەڵێی بۆ ئەمە؟
- ئەمە كارێكی زۆر باشە. ڕاستە ئێمە كــــــۆمەڵێك هونەرمەندی باشمان هەیە لە بواری موزیكژەنی، بەڵام لەوانمان باشتریش هەن بۆنموونە هەندێك میوزیك هەیە میوزیك ژەنەكانی كوردستان هەر نایزانن چییە و پێی ئاشنا نین، ئێمە وڵاتێكین تازە لە سەرەتای بونیادنانەوەین، بەداخەوە موزیكمان ئەوەندە باش نییە. بۆیە من پێم باشە گرووپی موزیكی بیانی بێنە كوردستان، چونكە گروپەكانی ئێمە چاو لەوان دەكەن.
• ئەو شتە چییە كە زۆر توڕەت دەكات؟
- درۆ كردن زۆر بێتاقەتم دەكات.
• گوێ لەدەنگی چ هونەرمەندێك دەگری؟
- زۆر كەم گوێ لەدەنگی هونەرمەندە كۆنەكان دەگرم. زیاتر حەزم لە(حەمەساڵح دیلان و قادر دیلان)ە لە گەنجەكانیش گوێ لە (زیاد و پەیوەند و ئەیوب و رۆزبێ..) دەگرم.
• لە كوردستان بەكەسایەتی كێ سەرسامی؟
- بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح و نەوزاد هادی و پشتیوان سادق.