ئەزموونی تاراجاف لە هەڵسەنگاندنی گوڵاندا

ئەزموونی تاراجاف لە هەڵسەنگاندنی گوڵاندا
كەس نییە لە هونەرمەند و هونەردۆستان كە لەكاتی بیستن و بینینی خانمە هونەرمەند تارا جاف بە چەنگەكەیەوە سەرنجی رانەكێشابێت و گوێی بۆ شل نەكردبێت، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی كە ئامێرەكە دەگمەنە یان ئێمە پێی ئاشنا نین و لەلامان نامۆیە، بەڵكو ئەوەی زیاتر سەرنجی گوێگر رادەكێشێت شارەزایی و بلیمەتی خاتوو تارایە لە ژەنینی كە نەك تەنیا بە جەستە، بەڵكو بە رۆحەوە دەچێتە نێو ئامێرەكە و پەنجەكانی لەگەڵ تارەكانی چەنگ بەشێوەیەك ئاوێتەی یەكتر دەبن كە هەستەكانی مرۆڤ دەبزوێنی، بۆ ئەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵان بە پێویستمان زانی هەڵسەنگاندنێكی هونەری خاتوو تارا بكەین لە زاری چەند كەسێكی پسپۆر و شارەزا لە بواری هونەر و موزیكی كوردی ئەوانەی كە ساڵانێكی زۆری تەمەنی خۆیان لەو بوارە بەسەر بردووە بۆ ئەوەی بەو پەڕی ئازادییەوە هەڵسەنگاندنێكی زانستیانەی بۆ بكەن.

تارا جاف جێگەی رێزە
هونەرمەند و مامۆستا و شارەزای بواری موزیك دڵشاد محەمەد سەعید دەربارەی هونەرمەند خاتوو تارا جاف و ئەو ستایلەی تایبەتەی لە گۆرانی گوتندا هەیەتی دەڵێ: ئەگەر هەر كەسێك بتوانێت بە هەر ئامێرێكی موزیكی ناسراو خزمەت بە هونەر و موزیكی كوردی بگەیەنێت ئەوە جێگەی شانازییە، بەڵام كەسێك بتوانێت بە ئامێرێكی موزیكی وەك هارپ و بەو شێوەیە ستاندارە رێكوپێكە خزمەت بكات (بەتایبەتی فۆلكلۆری دەڤەری هەورامان) كە كەس تەنانەت ئەم ئامێرە ناناسێت و ئاشنای نییە، بە ڕاستی جێگەی شانازییە، لەگەڵ ئەوەش هاوڕێی دەنگی زمانی ئافرەتێكی كورد بێت (سۆلۆ) هەر ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەی رێزە.
بێجگە لەمە هونەری جوان كە لەدەنگی خانمە هونەرمەند تارا جاف دەردەچێت، كەسایەتی خاتوو تارا خۆیەتی كە بەڕاستی كەمتر نییە لەو هونەرەی كە پێشكەشی دەكات، هیوادارم بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە هونەرمەندێكی وەكو خاتوو تارا جاف بكرێت و هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم.
تارا جاف توانیی چەنگ بگەڕێنێتەوە بۆ نێو كورد
مامۆستای هونەرمەند وریا ئەحمەد كە یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بەشێكی زۆری تەمەنی خۆی لە بواری گۆرانی و موزیك بەسەر بردووە و كتێب و چەندین وتار و لێكۆڵینەوەی دەربارەی موزیكی كوردی و ئامێرە موزیكییەكانی كوردی نووسیوە، دەربارەی ژەنینی چەنگ و گۆرانییەكانی خاتوو تارا دەڵێ: من خۆم شانازییەكی زۆر بەم خاتوونە هونەرمەندە دەكەم و پێموایە پێویستە هەموو میللەتی كورد لە هەر شوێنێك بێت شانازیی پێوە بكات، لە ڕاستیدا نەك تەنیا لەنێو ئێمەی كورددا، بەڵكو لەنێو میللەتانی دەر و دراوسێش بۆ نموونە عەرەب، فارس، تورك تەنانەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی تا ئێستا نەمبیستووە كەسێك هەبێت وەك خانمە هونەرمەند تارا جاف ئەم ئامێرە بژەنێت كە دەتوانین بڵێین ئامێرێكی كوردییە، چونكە دیارە ئەم ئامێرە لە سەردەمانێكی كۆن لە وڵاتی ئێران هەبووە و ناوی چەنگ بووە، لە دێر زەمانیشەوە لە وڵاتی ئێران تەنیا فارس نیشتەجێ نەبوون و وەكو لە مێژوودا باس دەكرێ كورد رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لەم وڵاتە لە هەموو لایەن و جموجۆڵە جیاجیاكانی ئەم وڵاتە.
ئەوروپییەكان ئەم ئامێرەیان وەرگرتووە و ناویان ناوە هارپ ئەم ئامێرە لە كۆنەوە ئامێرێكی موزیكی كوردی بووە یاخود كورد یەكێك بووە لەو میللەتانەی كە دەستی هەبووە لە داهێنانی وەك ئامێری چەنگی كۆن، ئەم خاتوونە هونەرمەندە توانیی جارێكی دیكە بیگەڕێنێتەوە باوەشی دایكی و بۆ نێو كورد لە هەمان كاتتدا بە شانازییەوە بیژەنێت و وەكو ئەستێرەیەكی گەش لەنێو هەموو ئامێرژەنەكانی، ئەمەش شتێكی زۆر تایبەتمەندە و وەكو گوتم پێویستە شانازیی پێوە بكەین.
داهێنانێكی نوێی هێناوەتە ئاراوە
هونەرمەندی بەتوانا رۆژ كەریم دەربارەی خاتوو تارا جاف دەڵێ: تارا هاوڕێیەكی نزیكمە یەكێكە لەو ئافرەتانەی خاوەن ستوونێكی زۆر تایبەتە و كەسێكی زیرەكە، بۆچوونەكانی لە شوێنی خۆیدایە، لە بواری هونەر و ئەو ستایلە هونەرییە تایبەتەی خۆیدا كەسێكی داهێنەر و پرۆفێشناڵە لەكارەكانی دا، هیچ كەسێك وەك ئەو گۆرانی ناڵێت بەو شێوەیە و بەم ئامێرەی كە تارا خان گۆرانی پێدەڵێ، چونكە وەك هەموو لایەكمان دەزانین خاوەن ستایلێكی تایبەتی خۆیەتی. دەتوانم بڵێم بەو ستایلە تایبەتەی توانیویەتی داهێنانێك لە هونەری كوردیدا بكات، راستە بەرهەمەكانی لەوانەیە كەم و وەكو پێویست نەبن، بەڵام هەر شتێكی پێشكەش كردبێت، جۆرێك بووە لە داهێنانی هونەری.
بە ژەنینی چەنگەكەی جۆرێك لە تێكەڵاوی لەگەڵ دەنگی خۆی دروستكردووە
مامۆستای هونەرمەند خالید سەركار كە ئەویش شارەزا و پسپۆرێكی بواری گۆرانی و موزیكی كوردییە دەڵێ: ئەوەی راستی بێت خاتوو تارا یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە بەو ستایلە تایبەتەی خۆی خزمەتێكی بەرچاو پێشكەش بە هونەری كوردی بكات، هەرچەندە تارا خان بەرهەمەكانی بە ژمارە كەمن، بەڵام سەرەڕای ئەوە توانیویەتی جێگەی خۆی لەنێو دڵی جەماوەری كوردیدا بكاتەوە، تارا خان توانیویەتی بە ژەنینی چەنگەكەی جۆرێك لە تێكەڵاوی لەگەڵ دەنگی خۆی دروست بكات كە بۆ كەسانی تر رەنگە زۆر ئاسان نەبێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا لەگەڵ چەندین هونەرمەندی لێهاتوو و بە توانا كاری كردووە و زۆریش سەركەوتوو بووە، هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازم لە كارەكانی داهاتوویدا.
دەنگی تارا زۆر جوان و ڕوحانییە
هونەرمەندی بە توانا و خاوەن ئەزموون عەدنان كەریم كە لەگەڵ خاتوو تارا كاری كردووە و كارەكەیان بە شایەتی هەموو لایەك زۆر سەركەوتوو بووە، لەدیمانەیەكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا كە بەر لە ماوەیەك ئەنجامدراوە بەم شێوەیە باسی لە خاتوو تارا كردووە:
- تارا خان هونەرمەندێكی زۆر هەست ناسكە كە كورد بتوانێت شانازی پێوە بكات و تاكە ئافرەتی كوردە كە چەنگ بژەنێت، لەڕێگەی كۆنسێرتێكەوە لە لەندەن یەكترمان ناسی، ئامێرەكەی زۆر رۆحییە و خۆیشی هەستێكی پاك و جوانی هەیە و بڕواشم بەوە هەیە زۆر گۆرانی هەیە تەنیا بە یەك ئامێرەوە جوانە. پێم وت گۆرانییەكی ماملێ هەیە حەز دەكەم بەیەكەوە بیڵێین ئەویش پێی خۆش بوو كاتێك لەكۆنسێرتەكەدا گۆرانییەكەمان وت هەستێكی سەیر ئامادەبووانی داپۆشی و بێدەنگ بوون. دەنگی تارا زۆر جوان و ڕوحانییە، بە ئیعتیرافی خۆیشی هەست دەكەم دەنگی من گونجاوە لەگەڵ ئامێرەكەی ئەودا و لە بەرنامەمدایە بۆ ئاییندە بە یەكەوە كارێكی تر بكەین.
Top