هونەرمەند گولێ: هونەری كوردی كاریگەریی گەلانی دەوروبەری بەسەرەوەیە

هونەرمەند گولێ: هونەری كوردی كاریگەریی گەلانی دەوروبەری بەسەرەوەیە
زۆرێك لەهونەرمەندانی كورد و بەتایبەتیش هونەرمەندانی باكووری كوردستان لە ئەوروپا ژیان بەسەردەبن و خزمەت بەهونەری كوردی دەگەیەنن، هونەرمەند گولێش یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە لەساڵی 1994ـەوە لە ئەوروپا دەژیێت و خزمەتی هونەری كوردی دەكات، ناوبراو توانیویەتی بەدەنگە خۆشەكەی خۆی جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەر بكاتەوە، بۆیە بۆ زانینی دوایین زانیاری و چالاكییەكانی دەربارەی هونەرمەند گولێ ئێمە وەكو گۆڤاری گوڵان پرسیارمان ئاراستەی كردو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* ماوەیەكە بزریت، هۆكارەكەی چییە؟
-بەر لە ماوەیەك من لەناو هەستێكی دایكایەتی دەژیام، هەستێك كە بە قەد موزیك خۆشە، بێگومان ئەو هەستە خۆشە و پیرۆزە، بەڵام ئەو هەستە خۆشەش لەگەڵ خۆی زەحمەتی و بەرپرسیاریەتی دیاریش دەهێنێت، من ناچار بووم لەبەر كوڕی خۆم (میران) ماوەیەك لەبەرنامەكان دوور بكەومەوە، بەڵام لەموزیك دوورنەكەوتوومەتەوە، من بەو لاواندنەوەی كە بۆمنداڵەكەم دەمگوت رێگای موزیكم بەردەوامی پێدەدات.

*گولی لەكوێ لەدایكبووەو كەی دەستی بە گۆرانی وتن كردووە؟
-من رۆژی یەكەمی جەژنی قوربان لەسەرمایەكی بەسەهەندی وەرزی زستان لەقەزای خنوسی سەر بە شاری ئەرزەرۆم لەدایكبوومە، كاتێك من دەستم بەقسە كردن كردووە و ئەوكات دەستم بەكاری هونەری كردووە، چونكە ئەوەی دێتە بیرم هەرچی كەوتبا دەستم وەكو مایكرۆفون بەكارم دەهێناو بەدەستێكیش دەستماڵم دەهەژاند.

* بەبۆچوونی تۆ بۆئەوەی هونەرمەند پێشبكەوێ( دەنگ - تێكست –موزیكی) كامەیان گرنگترە بۆهونەرمەند؟
- لە بنەڕەتدا هەمووی تەواوكەری یەكترن، ئەگەر ریزیان بكەم دەڵێم(دەنگ –موزیك - تێكست).

* تائێستا كی هاریكاریت دەكات لەبواری هونەری دا؟
-كوڕی ئوندەر دینیز زۆر هاریكاری كردووم، تەمەنی لەمن بچووكترە و شارەزایی زۆری هەیە لەهونەر، لە تەمەنی منداڵیدا من زۆر حەزی موزیكم بە ئەو پارڤە دەكرد. گۆرانیم پێ دەدا بۆ لەبەركردن، ئێستاش ئەو وەك مامۆستای منە، جگە لە لەئوندەر لەماڵباتماندا خوشكی گەورەم میدیا و كاك عیرفان كەسكین هاریكارییان كردووەمە، دوایی ئەوە من ژیانی هاوسەریم پێكهێنا ئەو هاریكارییانە لەلایەن هاوسەرەكەم بەردەوام بووە.

* جگە لە تۆ لەناو ماڵباتەكەی ئێوە كەسی تر هەیە كاری هونەری ئەنجام بدات؟
- بەڵێ، كوڕی برام ئوندەر دینیز و خوشكی گەورەم میدیا بەكاری هونەری خەریكن.

*خەون و ئاواتەكانت چین؟
- لە دڵەوە هیوادارم و دەمەوێ هەموو شەڕەكان كۆتاییان پێ بێت.

* لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا ئەگەر ئافرەت بیەوێت دەست بەكاری هونەری بكات تووشی ئاستەنگ دێت، ئایا تۆش تووشی هیچ ئاستەنگێك هاتووی؟
- نەخێر، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی سەرحەد بەستورێی كە كۆمەڵگەیەكی داخراو و كۆنە پەرستە، ماڵباتی ئێمە رووناكبیر و پێشەنگ و خۆشبین بوون، ئەوەش بۆمن شانس بوو كە رێگەیان لێ نەگرتم و هەمیشە پشتگیریان لێ دەكردم. بۆیە دەبێت هونەرمەندی ژن هەمیشە هەوڵ بدات بۆ چاكسازیكردنی كۆمەڵگەی داخراو.

* بەڕای تۆ هونەرمەندی كورد دەتوانێت بێ پشتگیری لایەنێك خۆی پێش بخات؟
- بەڵێ، ناتوانێت بەهونەرەكەی، بەڵكو دەتوانێت بەپشتگیری پارتێك یان لایەنێك خۆی بهێنێتە رۆژەڤەوە، بەڵام لەجیاتی ئەمە با هونەرەكەی خۆی پێش بخات پێشكەوتن زیاتر واتا و مانا دەدات، بەڵكو دەبێت هەر هونەرمەندێك خاوەن رامانێكی سیاسی بێت، بەڵام هونەرمەند ڕاستەوخۆ خۆی زۆر تێكەڵ بەسیاسەت نەكات.

* هونەری كوردی لە هەرچوار پارچەی كوردستان لەچ ئاستێك دایە؟
- لەو هەرێمانەی كورد لێی دەژین موزیك و زمانی كوردی، كاریگەری زمانی گەلانی تری پێوە دیارە، بۆ نموونە لە عێراق موزیكی عەرەبی كاریگەریی لەموزیكی كوردی كردووە، لەگەڵ ئەوەش لە ئێران كاریگەریی زمانی فارسی لەسەر موزیكی كوردی دیارە، دیسان لە توركیاش كاریگەری زمانی توركی هەروەها لەتوركیاش دەبینین كاریگەری زمان و موزیكی ئەوروپی لەسەر موزیكی توركی هەیە، واتە كاریگەری موزیكی گەلانی دەوروبەری كورد كاریان لە موزیكی كورد كردووە. موزیكی كوردی لەرێڕەوی خۆی دووركەوتووەتەوە، لەبەر ئەوەی هەستێكی هونەری و پەروەردەیی موزیكی كوردی فلكلۆری بەشێوەیەك كە گرنگی پێ بدرێت كەمەو ئەوەی دەبینین بۆ لایەنی ئابووری گرنگی بەموزیكی كوردی دەدرێت.

* چ هونەرمەندێك زۆر كاریگەری بەسەر تۆوە هەبووە؟
-من زیاتر داغبارم بەهونەرمەندی وەكو(شڤان پەروەر و ونیزامەتین ئاریچ و هۆزان سەرهات و عایشە شان.

* دواین پڕۆژەی هونەریت چییە؟
- ئەگەر دەرفەت هەبێ بیرم لە دروستكردنی ئەلبومێك كردۆتەوە و لەلایەكی دیكەوە بۆ كۆرۆی منداڵانیش كە من مامۆستایانم، دوو پڕۆژەی كلیپن.
Top