دوای 14 ساڵ، كازم ساهیر بە نوێنەرایەتی یونیسێف دەگەڕێتەوە عێراق

دوای 14 ساڵ، كازم ساهیر بە نوێنەرایەتی یونیسێف دەگەڕێتەوە عێراق
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف) رایگەیاند كە هونەرمەندی گەورەی عێراقی كازم ساهیری هەڵبژاردووە وەك باڵیۆزی نییازپاكی لە عێراق و، بۆ ئەمەش دووشەممە 9ی ئەم مانگە ساهیر و رێكخراوی ناوبراو لە بەغدا پرۆتۆكۆلی ئەم نازناوە وەك یەكەم كەس لە عێراق مۆركرا.
ئیسكەندەر خان نوێنەری یونیسێفە لە عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كەلەگەڵ ساهیر لە بەغدای پایتەختی عێراق سازكرا بوو رایگەیاند: رێكخراوەكەیان بڕیاریدا ئەم نازناوە ببەخشێتە كازم دوای ئەوەی دڵنیابوو كە لەتوانایدا هەیە ببێتە هۆكارێكی گەورە بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی منداڵانی عێراق.
ساهیر بە كراسێكی شین ئارمی رێكخراوەكەی بەسەرەوە بوو هاتە ناو هۆڵی كۆنگرەكەوە كە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە ناوچەی سەوز لە بەغدا رێكخرابوو، بەچەپڵەی رۆژنامەنووس و ئامادەبووان پێشوازی كرا.
شڵەژاوی و شەیدایی كازم بۆ ئەم هاتنەوەی بۆ عێراق بە رواڵەتییەوە دیار بوو، چونكە لە ساڵی 1997ز، وڵات بەجێ دەهێڵی و نەگەڕاوەتەوە عێراق، بۆیە لەدەستپێكی وتەكانیدا وتی: زۆر بیرم ئەكردن، و تیشی: خۆشحاڵم دووای ئەو هەموو ساڵە بەنوێنەرایەتی یونیسێف و بە خزمەتكردن بە منداڵانی وڵاتەكەم گەڕاومەتەوە. ساهیر نەیتوانی لەوشەكانیشیدا ئەو شەیداییە بشارێتەوە، بۆیە چەندین جار لە كۆنگرەكەدا ئەو رستەیەی دوبارە دەكردەوە (گەڕانەوەكەم هەستێكە ناتوانم وەسفی بكەم) وتیشی: نەمتوانی چاوەڕێ بكەم تاوەكو فڕۆكەكە بنیشێتەوە تاوەكو بزانم بەغدا چۆنە، هەر لە ئاسماندا چاوم فڕیبوو، لە گەڕەكەكانی بەغدا ورد دەبوومەوە.
لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا بۆچی ئەو هەڵبژێردراوە و، كەسێكی بەناوبانگی تر لەناو عێراق هەڵنەبژێردراوە ساهیر وتی: دڵی ئێمە بۆ ساتێكیش عێراقی جێ نەهێشتووە. وتیشی: زۆرجار لەوانەیە لەدەرەوەی وڵات بتوانی باشتر خزمەتی وڵاتەكەت بكەیت، ئەو پەیامەی چەند ساڵە بۆ عێراقی هەڵدەگرم لە رێگەی هونەرەكەمەوە ئەگەر لەوڵات بومایە ئاوا بەباشی نەدەگەیشت، هەر بۆیە ئەو هەموو ساڵە چاوەڕێم كردووە، دووری خۆم لە وڵاتەكەم كرد بەقوربانی خەڵك و خاكەكەی، چونكە خزمەتكردنەكەم لە چوونەوەم بەپێویستتر دانابوو، ئێستەش بەكارێكی هونەری نەگەڕاومەتەوە، بۆخزمەتی عێراق لێرەم.
Top