شەوكەت ئەمین: سەرەڕای ئاستەنگەكان هەر پێویستمان بە سینەمای كوردییە

شەوكەت ئەمین: سەرەڕای ئاستەنگەكان هەر پێویستمان بە سینەمای كوردییە
* دوای فیلمی (شوێنێك بۆ یاری) ئێستا چی نوێت هەیە؟
- بێگومان دەرهێنەر هەمیشە بیر لە شتی نوێ دەكاتەوە، منیش ئێستا سەرقاڵی كارێكی دیكەی نوێم كە هاوبەشە لەگەڵ چەند وڵاتێك، ئێستا لە قۆناغی خۆ ئامادە كردنداین و پەنا بە خوا دوای ماوەیەكی دیكە دەكەوینە كار و ئەوكات وردەكارییەكانی بڵاودەكەینەوە، بەڵام ئێستا خەریكی نووسینەوەی سیناریۆی فیلمەكەمم.


*(پەڕینەوە لە غوبار) و (شوێنێك بۆ یاری- KICK OFF) دوو فیلمی سەركەوتوو بوون، خاڵە لاواز و بەهێزەكانی ئەم دوو فیلمە چین و چ جیاوازییەك لە نێوانیاندا بەدی دەكرێت؟
- سەبارەت بەم پرسیارە پێویستە رای خەڵكی تر وەربگیرێت و كەسانی تایبەتمەند و پسپۆر لەو بوارە هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن، سینەما خۆی كارێكی پڕ زەحمەتە و پێویستە دەرهێنەر و ستافەكە بە گشتی هەموو هێز و تواناكانی خۆیانی بۆ تەرخان بكەن بۆ ئەوەی فیلمێكی سەركەوتوو پێشكەش بكەن، لە نووسین و تەكنیك و كوالیتییەكەی لە ئاستێكدا بێت كە لەسەر ئاستی جیهانی وەك فیلمێكی سینەمایی قبووڵ بكرێت.


* دوای ئەو سەركەوتنە بەرچاوەی كە فیلمی (پەڕینەوە لە غوبار) بە دەستی هێنا، تۆ خۆت هیچ پێوەرێكی تایبەت بە خۆت دانا بۆ ئەوەی كارەكانی دواترت ئەگەر باشتریش نەبن لە ئاستی ئەو فیلمەدا بن؟
-پێموایە ئەم پرسیارەش پێویستە رەخنەگران و ئێوەی رۆژنامەنووس وەڵامی بدەنەوە و بەدواداچوونی لەسەر بكەن، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە كە ئێمە فیلمێكی بازرگانی بەرهەم ناهێنین، بەلای منەوە بابەتی فیلمەكە زۆر گرنگە بۆیە دوای فیلمی (پەڕینەوە لە غوبار) فیلمی (شوێنێك بۆ یاری) بەرهەمهێنا لە یاریگای كەركوك بۆ من زۆر گرنگ بوو باس لە نەهامەتییەكانی ئەو خەڵكەی لە كەركوك دەژین باس بكەم و بیكەم بە فیلمێكی سینەمایی گرنگ، هەر بۆیەش كاتێك چیرۆكی فیلمەكەم نووسی لەگەڵ كەسایەتی چەند وڵاتێك بەتایبەتی ژاپۆن باسمان كرد و ئەوانیش كە ئاگادار بوون فیلمەكە دەربارەی كێشەیەكی مرۆڤایەتییە و ئێستا لە واقیعی ئەوە وڵاتەدا بوونی هەیە گرنگیان بە بابەتەكە دا، بۆیە دوای تەواوبوونیشی بە هەمان شێوەی گرنگییان پێدا بەوەی هەوڵیاندا بۆ ئەوەی لە فیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتیەكان بەشداری بكات.


* لە گشت ئەو فیستیڤاڵانەی بەشداریت كرد، بێگومان لیژنەی هەڵسەنگاند راو سەرنجی خۆیان هەیە، گرنگترین ئەو رەخنانەی لە ئێوە دەگیران سەبارەت بە فیلمەكە بوون زیاتر لە چ بوارێكدا بوون؟
-زۆر شت دەربارەی ئەم دوو فیلمە وترا و نووسرا لە میدیاكانی كوردستانی و عەرەبی و تەنانەت جیهانیش، بەڵام شتی گرنگ لەم دوو فیلمە ئەوەیە كە چیرۆكی واقیعین و هەردووكیان وەك فیلمی دیكیۆمنتارین، هەروەها باس لە چیرۆكی ژیانی راستەقینەی كوردستان و عێراق دەكەن، ئەمەش سەرنجیانی راكێشا كە دەبینن ئەم فیلمە هەندێك راستی كۆمەڵگەی كوردی و بارودۆخی دوای شەڕ و گەنجانی نەوەی نوێ نیشان دەدات، هەروەها لە تەكنیكی فیلمیش سەرنجیانی راكێشا كاتێك دەیانبینی زۆر لە واقیعەوە نزیكە وەك فیلمەكانی نیو ریالستی ئیتاڵی، بەشێوەیەكی گشتی ئەمانە گرنگترین خاڵ بوون كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرد.


* پێتوایە تاكەی سینەمای كورد لەو بارودۆخەی ئێستایدا دەمێنێتەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە و بە ئاسانی وەڵام نادرێتەوە، ئەو كارانەی سینەماكارانی كورد تا ئێستا كردوویانە و بەردەوامن كاری گرنگن و لەسەر ئاستێكی بەرفراوان لە جیهان هاتوونەتە ناساندن، بەڵام پێویستە كار بۆ دامەزراندنی سینەمایەكی ناوخۆ و نەتەوەیی بكرێت بەجۆرێك بە هەموو توانایەك هەوڵ بدرێت كە فیلمی كوردی تەنیا لە دەرەوە و لە فیستیڤاڵەكاندا نمایش نەكرێت و خەڵات بەدەست بهێنێت، بەڵكو پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆش نمایش بكرێ و جەماوەر بیبینێت، بۆیە ستراتیژیەتی دامەزراندنی سینەمایەكی نەتەوەیی شتێكی زۆر گرنگە و دەبێ لەبەر چاو بگیرێت.


*گرفتەكانی بەردەم هاتنە كایەی سینەمایەكی نەتەوەیی چین؟
- بێگومان ئەو گرفت و ئاستەنگانە زۆرن، لەوانە و لە هەموویشیان گرنگتر دروستكردنی هۆڵی نمایشی سینەماییە كە بەشێكی سەرەكییە لەو ستراتیژیەتە، چونكە ئێمە لە كوردستان تەنیا ژمارەیەكی كەم لە هۆڵی سینەمامان هەیە، نمایشكردنی فیلمی سینەمایی كارێكی زەحمەتە، بەرهەمهێنانی فیلمیش بە هەمان شێوە.
هەروەها دەمەوێ ئاماژە بە شتێكی دیكەش بكەم ئەویش ئەوەیە كە بەرهەمهێنانی فیلم و هاوكاری كردنی بەشێوەیەكی ناپرۆفیشناڵ بەڕێوە دەچیت، ئەمەش پێویستی بە رێكخستنێكی بەهێز هەیە بۆ هێنانەدی سینەمایەكی ناوخۆی نەتەوەیی بۆ ئەوەی سینەما ببێت بە كەلتوور نەك تەنیا بۆ كۆمەڵە كەسێك یان دەرهێنەرێك كە فیلمێكی ئاست بەرز بەرهەم دەهێنێت، بەڵكو بۆ خەڵك بە گشتی، چونكە خەڵكیش حەز دەكات ئەم فیلمانە ببینێت و لە هەمان كاتدا لە هۆڵەكانی سینەمای كوردستان دابنیشێت و سەیری فیلمی بیانی بكات.
بەشێوەیەكی گشتی گرفت و ئاستەنگەكان زۆرن و نەبوونی هۆڵی سینەما خۆی لە خۆیدا یەكێكە لە گەورەترین گرفتەكان بۆ دامەزراندنی سینەمای نەتەوەیی، بەڕای من سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆرانەی كە بەردەوام هەن، بەڵام پێویستە هەوڵ بدەین بۆ هینانە كایەی سینەمای نەتەوەیی.


* ئێستا بەشی سینەما لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان هەیە، پێتوایە دەرچووانی ئەم بەشە دەتوانن خزمەت بە سینەمای كوردی بگەیەنن و ئەو پەیامە بگەیەنن كە لە سەر شانیانە؟
- ئەمەش پرسیارێكی گشتییە و وەڵامدانەوەی ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد پێویستە كاری زۆر بكرێت بۆ بواری سینەما، بەشێوەیەكی گشتی ئەمەش كارێكی زۆر زەحمەتە و ماندووبوونێكی زۆری دەوێت، بەشی سینەما ماوەی 8 ساڵە كراوەتەوە و تا ئێستا زۆر كاری ئەنجامداوە، بەڵام بەشێوەیەكی سیستەماتیك و زانستی نەبوون و دەتوانین بڵێین زیاتر كاری تەجریبی بووە، لێرەوە دووبارەی دەكەمەوە پێویستە سیستەمێكی پرۆفیشناڵ بێتە ئاراوە بۆ بەرهەمهێنان و لە هەمان كاتدا بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم فیلمانە، گشت بەڕێوەبەرایەتییەكانی سینەما دەتوانن رۆڵێكی ئەكتیڤ ببینن لەم مەسەلەیەدا، هەروەها پێویستە كۆنگرە و كۆنفرانس ببەستن و كەسانی پسپۆر و شارەزا ئامادەی بن و بیروڕای دەرهێنەرانی كوردی و بیانییەكان وەربگرن.
Top