دارین حەدشیتی بۆ گوڵان: هیوادارم فێرە زمانی كوردی بم تاكو گۆرانییەك بە كوردی بڵێم

دارین حەدشیتی بۆ گوڵان: هیوادارم فێرە زمانی كوردی بم تاكو گۆرانییەك بە كوردی بڵێم
دارین حەدشیتی كچە گۆرانیبێژی لوبنانی، هێمنە لە قسە كردن و بڕوایەكی تەواوی بە هەنگاو وكارەكانی خۆی هەیە و بە پاڵپشتێكی بەهێز و پتەوی دادەنێت بۆ ئەو جەنگەی دژی دەكرێت و گومان دەخەنە سەر تواناكانی، گوڵان لە بەیروت چاوی بە دارین كەوت و ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز كرد.
گوڵان-بەیروت-ڤیان عون

* بۆچی بیرۆكەی دۆیتو رەت دەكەیتەوە لەگەڵ هونەرمەندێك بێت؟
- نەخێر رەتم نەكردۆتەوە، بەڵام بەدوای ئەو هونەرمەندەدا گەڕاوم كە هەست بكەم جۆرە نزیك بوونێك لەنێوانماندا هەیە، هەروەها لێكچوونێكیش لە شێوازی گۆرانی گوتنماندا هەیە، بۆیە بەم دوایە دویتۆیەككم تۆمار كرد لەگەڵ هونەرمەندی ئیماراتی محەمەد مەزروعی كە دویتۆیەكی زۆر جوانە و لە ناوچەی بیقاعی وێنەمان گرت، ئەوەی راستی بێت بەهیچ شێوەیەك پێشبینی ئەم دویتۆیەم نەدەكرد، لەناكاو خاوەنی كۆمپانیای نجوم پەیوەندی بە كۆمپانیاكەی منەوە كردLEA PRODUCTION» و ئەم بیرۆكەیەی خستە ڕوو منیش بینیم كە گۆرانییەكی زۆر رۆمانسیە.

* پێتوانییە ئەمە جۆرێك تۆڵە سەندنەوە بێت؟
-باس لە چ تۆڵە سەندنەوەیەك دەكەی؟
* خاوەنی كۆمپانیای (نجوم) هاوسەری پێشووی هونەرمەند دیانا حەدادە لەوانەیە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە بێت لە دیانا بەم دویتۆیە؟
-نەخێر وا نییە، پێوانییە خۆی بخاتە مەترسییەوە و زیانێكی زۆری ماددی بەر بكەوێت تەنیا بۆ تۆڵە سەندنەوە، ئەگەر بڕوای بە توانا و هونەر و بەهرەكانی من نەبووبێت لە دەرگای منی نەدەدا بۆ ئەم كارە، لەلایەكی دیكەشەوە من هیچ جۆرە ركابەرێتییەكم لەگەڵ دیانا حەداددا نییە، هەریەكمان خاوەن جەماوەر و شێوازی تایبەتی خۆیەتی لە گۆرانی گوتن، دیانا چەندین گۆرانی بە شێوەزاری كەنداوی گوتووە كەچی من زیاتر ئارەزووم لە گۆرانی لوبنانییە.
* تێبینی دەكرێت كەسانێك هەن تۆیان كردۆتە ئامانج؟
- نەك ئامانج بە مانا گشتی وشەكە، بەڵكو وا هەست دەكەم هەندێك شت هەیە بەپێچەوانەی ڕێڕەوەكە بەڕێوە دەچن، دوایینیان وەستانی كۆمپانیای رۆتانا بوو لە نمایش كردنی گۆرانی (حچوره) كە بەشێوەزاری كەنداوییە هەرچەندە پێشتر رێكەوتنێك هەبوو لەنێوان كۆمپانیای Lea Production» كە كارەكانی من رادەپەڕێنی لەگەڵ كۆمپانیا رۆتانا كە تۆنی سەمعان نوێنەرایەتی دەكرد بۆ نمایش كردنی كلیپەكە لەسەر هەموو كەناڵەكانی رۆتانا، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە دوالی رێكەوتنەكە بە ماوەی 48 كاتژمێر وەستێنرا.
* ئایا نارەزایی هەبوو لەسەر هەندێك لە دیمەنەكانی؟
-ئەگەر مەسەلەكە ئەوە بێت لە سەرەتاوە رازی نەدەبوون لەسەر نمایش كردنی، ئەمە جە لەوەی من نامەوێ بەشێوەیەكی بێ رێز دەركەوم كە زیان بە من و ناوبانگم بگەیەنێت وەك هونەرمەندیك كە عاشقی هونەری رەسەنە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوان دەیدۆڕێنن، چونكە كلیپەكە لە چەند كەناڵێكی دیكە نمایش كرا و بووە مایەی رەزامەندی جەماوەر.
*پێتوایە ئەم كارە بۆ كی بگەڕێتەوە؟
- ئەگەری ئەوە هەیە لەبەر ئەوە بێت كە من هونەرمەندێكم عاشقی هونەری رەسەنم و رازی نیم تەنازول بكەم، سوپاس بۆ خوا من سەر بەرزم و كاروانی هونەری من هیچ شتێكی وای تێدا نییە كە مایەی شەرمەزاری بێت بۆ من.
*ئەگەر تەنازولت بكردایە ئێستا ناوبانگێكی زیاترت دەبوو؟
-سوپاس بۆ خوا ئێستا ناوبانگێكی باشم هەیە لە لوبنان و دەرەوەی لوبنانیش، پێویستە مرۆڤ پەلە نەكات لە هەنگاو نان و پلە بە پلە لە پەیژەكان سەركەوێـت.
* ئەگەر هەر پەیژەیەك 10 ساڵی خایاند؟
- گرنگ ئەوەیە لە كۆتاییدا بگەیت بە ئاواتەكانت ئەگەر چەندین ساڵێش بخایەنێت، هەنگاوەكانم خێرا و بەهێزن.
*پێتوایە گۆرانییە هونەرمەند دەكات بە ئەستێرە؟
-لەم رۆژگارەدا ئەمەیان روودەدا، واتە گۆرانی دەبێتە هۆی ئەوەی كە هونەرمەند زیاتر دەركەوێت و ناوبانگ دەربكات بێ ئەوەی جەماوەر بگەڕێتەوە بۆ باكگراوەند و رەسیدی هونەری ئەم هونەرمەندە.
* هەست بە چی دەكەی كە ئەم دیمانەیە لەگەڵ گۆڤارێكی كوردی ئەنجام دەدەی؟
- هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم، چونكە ئەمە یەكەم جارە دیمانە لەگەڵ گۆڤارێكی كوردی ئەنجام دەدەم، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هونەری من توانیویەتی بچێتە هەموو ماڵێك و نێو دڵی هەموو گوێگرێك.
* ئەمە هانت نادات كە بیر لە كارێكی هاوبەش بكەیتەوە لەگەڵ هونەرمەندێكی كورد؟
- پێویست ناكات كارەكە هاوبەش بێت لەگەڵ هونەرمەندێكی كوردی، من ئامادەم خۆم فێرە زمانی كوردی بكەم و گۆرانییەكی تایبەت پێشكەش بە هەموو گەلی كورد بكەم لە هەر شوێنێكی جیهان بێت.
* بەڕای تۆ بۆچی ئێستا جوانی یەكێكە لە پێداویستیەكان هونەرمەندە ئافرەتەكان؟
- جوانی بریتییە لە جوانی رۆح، ئەوەی رۆحی جوان ئێسك سوك بێت رەنگدانەوەی لەسەر دەركەوتنیشی دەبێت و دەبێـتە هۆی زیادبوونی بنكەی جەماوەری و هەوادارانی.
* خۆت بە هونەرمەندێكی جوان دادەنێی؟
- هەموو ئافرەتێك جوانە، هەروەها هەر ئافرەتێك تایبەتمەندییەكی هەیە كە لە كەسانی تری جیا دەكاتەوە، ئاساییە ئەگەر ئافرەت هەست بەوە بكات خاوەن جوانییە و ئەمە یەكێكە لە پاڵپشتیە مەعنەوی و دەروونییەكانی ئافرەت ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئیعتیراف كردنی ئافرەت بە جوانییەكەی خۆی جۆرێكە لە بڕوا بە خۆ بوون و بەشێكە لە مێینەتی خۆی.
*چ شتێك لە پیاو زیاتر سەرنجت رادەكێشێت؟
- (بە پێكەنینەوە) بێگومان پیاوەتییەكەی.
* ئەی چ سیفەتێكی پیاو هەیە خۆتی لێ دووربخەیتەوە؟
- هیچ مرۆڤێك كامڵ نییە لە ژیان، بەڵام هیوادارم كەسێك بدۆزمەوە چاكەكانی لایەنە خراپەكەی بشارنەوە.
* دەڵێی (هیوادارم) واتە تا ئێستا شاسواری خەونەكانت نەدۆزیوەتەوە؟
-( بە پێكەنینەوە) كێ لە ئێمە دەتوانێت بەبێ ئەو بڵێسەیە بژیت كە ئاگر لە دڵ بەر دەدات؟
*چ پەیامێكت هەیە بۆ گەلی كورد؟
- هیوادارم لە خێر و خۆشیدا بژیت و سەربەخۆیی وەربگرێت و ببێ بە خاوەن دەوڵەتی خۆی.
Top