هاوتا ئەسعەد بەشداری لە زنجیرە درامای «رەیحانە» دەكات!!

هاوتا ئەسعەد بەشداری لە زنجیرە درامای «رەیحانە» دەكات!!
هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) بە تۆماركردنی گۆرانی تایتل و چەند تراكێكی دیكە، كە پێكهاتوون لە (حەیران، لاوك، مەقام) بۆ زنجیرە درامای «رەیحانە» بە بەشداریی كۆمەڵێك لە موزیكژەنانی شاری هەولێر ئامادەو تۆماری كردووە، كە بریتییە لە (7) تراك و ئەلبومێكی تایبەت بە گۆرانی و موزیك بۆ ئەو درامایە ئامادەكراوە.
لە لێدوانێكی دا بۆ «گوڵان» هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) وتی: دوای ئەوەی لەلایەن هونەرمەند (لوقمان غەریب) پێوەندیم پێوە كراو بەیەكەوە لە نزیكەوە چەند دانیشتنێكمان ئەنجامدا، لەسەر ئەوە رێك كەوتین، من كاری ئامادەكردنی گۆرانی تایتل و چەند بڕگەیەكی دیكە بۆ زنجیرە درامای «رەیحانە» ئەنجام بدەم».
وتیشی «ئەو درامایە لەناوەرۆكی سیناریۆكەی وادیار بوو بەشێوازێكی زۆر چاك ئامادەكاری لەرووی هەڵبژاردنی ئەكتەرەكان و ناوەرۆكی بابەتەكانی ناو دراماكە و كاری دەرهێنانی بەشێوازێكی چاك بۆ كرابوو، بۆیە هەستم كرد ئەركی ئاسان نییە ئامادەكاری چەند تراكێكی گۆرانی بۆ ناو دراماكە».
هاوتا هەروەها وتیشی: دوای ئەوەی دەقی سیناریۆكەم خوێندەوە، هەروەها لە نزیكەوە (لوقمان غەریب) ی دەرهێنەر بۆی شیكردمەوە، كە دەیەوێ لەو زنجیرە درامایەدا رۆحیەتی مۆسیقا و هەندێك شێوازی مەقام و گۆرانی بكاتە بەشێكی گرنگی دراماكەی، بەتایبەتی (لاوك و حەیران) كە دوو شێوازی زۆر جوان و رەسەنن لە نێو گۆرانی كوردیی دا.
هاوتا ئەسعەد روونیشی كردەوە و زیاتر وتی: سەرجەم ئەو گۆرانی و مەقام و لاوك حەیرانەی كە تۆمارم كردوون، هەر هەموویان تایبەتن بە زنجیرە درامای «رەیحانە»و پێشتر لە هیچ شوێنێكی دیكە نەم وتووە، هەر لەرووی ئاواز و تێكستەكانەوە تا دەگاتە كاری دابەشكردنی موزیك و هەمووی تایبەت بەو درامایە تۆمار كراون.
لە كۆتایی دا هاوتا وتی: پێموایە زنجیرە درامای رەیحانە بەشێوازێكی زۆر ئەكادیمیانەو سەردەمیانە كاری بۆ كراوە، دەبێتە قۆناغێك و بابەتێكی تازە لە درامای كوردی، بەتایبەتی ئەو ژمارە زۆرە لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی شاری سلێمانی كە بەشداریان تێدا كردووە، ئەوە نیشانەی سەركەوتنی كارەكە دەردەخات.
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە زنجیرە درامای «رەیحانە» كاری وێنەگرتنی تەواو بووەو ئێستاكە لە قۆناغی مۆنتاژ كردن دایە، رەنگە لە مانگی رەمەزانی داهاتوو پەخش و بڵاو بكرێتەوە.
Top