شاناز: بەشداری لە كارێكی پەروەردەییدا دەكات

شاناز: بەشداری لە كارێكی پەروەردەییدا دەكات
خاتو شاناز تا ئێستا بەشداری چەندین كاری دراما و شانۆی كردووە و زۆر بە سەركەوتوویی رۆڵەكانی بەرجەستەكردووە، لە پێوەندییەكدا سەبارەت بە دوایین كاری هونەری خۆی خاتوو شاناز وتی: بەم دواییە بەشداریم لە دیداری (گوڵەمێخەك)دا كرد بە مۆنۆدرامای ( من و تۆ) كە لەنواندن و دەرهێنانی خۆم بوو، هەروەها بەشداریم كردووە لە درامای (رەیحانە) رۆڵی من هەموو وێنەگیراوە و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژدایە، سەبارەت بە رۆڵی خۆی لە زنجیرەی (رەیحانە) خاتو شاناز وتی: رۆڵی دایكی (رەیحانە) دەبینم و بە رۆڵێكی ئیجابی و سەركەوتووی دەزانم، كێشەكانی ئەم زنجیرەیە زیاتر كێشەی كۆمەڵایەتیی شاری سلێمانین و بۆ ساڵانی چل و پەنجاكان دەگەڕێنەوە، جوانترین شت لەو درامایە كە سەرنجی راكێشابم كەلتوور و جلوبەرگی كوردی بوو كە بۆ یەكەم جارە من بەو جلوبەرگانەوە رۆڵ دەبینم، كارێكی زۆر باشە كە بتوانین مێژوو و دەستووری كورد بەم شێوەیە زیندوو بكەینەوە لە جلوبەرگ و تەنانەت دیكۆری ناو ماڵیش كە چۆن بووە، بە ڕای من تا ئێستا بەم شێوەیە كاری هونەری نەكراوە و خۆیشم یەكەم جارە بەشداری لە كارێكی لەو جۆرەدا دەكەم.

سەبارەت بە كاری داهاتوویشی خاتو شاناز وتی: چەند كارێكم لە پێشە، بەڵام هێشتا تەنیا قسەیە و لەگەڵ دەرهێنەرەكان دانیشتووین، یەكێك لەم كارانە درامایەكی پەروەردەییە كە زۆر پێمخۆشە بەشداری تێدا بكەم، چونكە زیاتر باسی منداڵانی بێ سەرپەرشتیار و ئەوانەی دایك و باوكیان لە دەرەوە كار دەكەن.
Top