هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم بۆ گوڵان: جورئەتی ئەوەم نەبووە كە بە ئافرەت بڵێم خۆشم دەوێی

هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم بۆ گوڵان: جورئەتی ئەوەم نەبووە كە بە ئافرەت بڵێم خۆشم دەوێی
هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم نزیكەی چل ساڵە جێی پەنجەی دیارە لەناو هونەری كوردی و توانیویەتی زۆر بە لێهاتوویی و سەركەوتووبی لەبواری كۆمیدیاوە كە یەكێكە لەو بوارانەی زۆر زەحمەتە لەهونەر و هەموو كەس ناتوانێ كاری تێدا بكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كەسێكی رۆح سوك و قسە خۆشە و لەنێو خەڵكدا زۆر خۆشەویستە، لەسەردانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ساز كرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.


* تێبینی دەكرێ تۆ هەمیشە گلەییت هەیە، هۆكاری ئەو گلەییانە چییە؟
- گلەیی من بۆ ئەوەیە كاری هونەری بەپاكی بچێتە سەر، بۆ ئەوە نییە كە بازرگانی بەو گلەییانە بكەم، رەخنەكانی منیش هەمووی بۆ پێكهێنانی هونەری كوردییە نەك بۆ تێكدانی هونەری كوردی، بۆ ئەوەیە هونەری كوردی بەرەو پێش بچێت، ئەوەش بە مافێكی خۆم دەزانم بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرەی كە هەمە، بۆ من وەك راپەڕینە ببینم هونەری كوردی بەرەو پێش دەچێت.

*تۆ هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموونی كارۆخیش گەنجە چ جیاوازی و لێكچوونێك هەیە لەنێوان هونەرمەندانی كۆن و ئێستادا؟
- هونەرمەندانی كۆن پێشەنگ بوون و ئەوان بناغەیان داناوە بۆ شانۆ و هونەری كوردی، پێشی راپەڕین ئەو هونەرە بە هونەرێكی رەسەن دادەنرا، لەبەر ئەوەی هونەرێك بوو بازرگانی تێدا نەدەكرا و خۆشەویستی و تەبایی تێدابوو، حزبایەتی تەسكی تێدانەبوو بۆ میللەتی خۆمان بوو بۆ باغەڵ نەبوو، بەڵام بەداخەوە لەدوای راپەڕین بوو بەسیاسەت و بازرگانی.

*جگە لەرۆڵی هەزەلی و كۆمیدی توانای بەرجەستەكردنی رۆڵی دیكەشت هەیە؟
-بەڵێ توانام هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرهێنەرەكان زیاتر بەمن سەرسامن لەبواری كۆمیدیاوە، چونكە ئەوە كارێكی ئاسان نییە و زۆر زەحمەتە، كارێكە پێویستە زۆر لێی ئاگاداربی بەجۆرێك ئەگەر لەكۆمێدیا دەرچووی دەبیت بە موهەریج، بۆیە كاتێك ئەو دەورانە وەردەگرم زۆر خۆمیان بۆ ماندوو دەكەم و شەونخوونیان بۆ دەكەم و كاتێك دەرهێنەر و نووسەر شتێك دەنووسن دەڵێن ئەوە بۆ ئیبراهیمیە.

* بۆچی زۆر رۆڵی پیاوی شێت دەبینی(سەیدە وەك نموونە)؟
- ئەوەی راستی بێت دەوری شێت زۆر زەحمەتە، بۆ نموونە من ئێستا دانیشتووم و لەپڕێكدا بەشێوەیەكی تر بێمە ژوورەوە و دەست بەقسەی سەیر سەیر بكەم و ببم بە مرۆڤێكی تر، لەبەر ئەوە ئەو هونەرمەندانەی كە ئەو دەورە دەبینن پێویستە بەتەواوی لەقالبی كەسایەتی خۆیان بێنە دەر كە ئاقڵن و ببن بە مرۆڤێكی شێت و گێل، بۆیە بەهەموو هونەرمەندان ناكرێت.

*لەدیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا فرمێسك لەچاوەكانت دەهاتنە خوارێ هۆكارەكەی چی بوو؟
- هەر هونەرمەندێك ئەگەر فرمێسك لەچاوەكانی نەیێتە خوارێ و لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی میللەتی خۆی نەبێت، بە هونەرمەند حیساب ناكرێ، چونكە ئەو فرمێسكە لەناخی ئینسان و جەرگ و دڵ دێتە دەرێ و ئەوە فرمێسكی دروستكراو نییە بە لەچاو كردنی قەترە، ئەوە فرمێسكی خۆشەویستی و ئێش و ئازارە، چونكە چەكی هونەرمەند یان قەڵەمە یان فرمێسكە، چونكە حەز بەكوشتن و ناخۆشی و شەڕ ناكات، بۆیە ئینسانی رووناكبیر زوو دەگری.

*بۆچی هەر لەسەرەتاوە لەكۆمیدیا نزیك بووی ئەگەر چی كۆمیدیا زۆر قورسیشە؟
-راستە زۆر قورسە، بەڵام من توانیم بەسەری دا زاڵ بم، ئەوەش بەهرەیەكی خوداییە و خودا پێی داوم.

*چ پێوەرێكت هەیە بۆ جیاكردنەوەی كاری باش و خراپ؟
-ئەو كارانەی ئێستا دەیان بینم كاری بازرگانین، كاری بازرگانیش ناچێتە قاڵبی هونەری كوردی و داهێنان، چونكە مەسەلەی بازرگانی زۆر ترسناكە لەناو هونەری كوردی و سیاسەت و بەرەو هەڵدێڕیان دەبات، بۆنموونە من پارە لەحكومەت وەربگرم بۆكارێك و لەباغەڵی خۆم دایبنێم، ئەوا جارێكی تر خەڵكەكە نایە بۆ سەیركردنی شانۆ و هونەری كوردی.

* دوای چل ساڵ كاركردن هەست دەكەیت چیت بۆ میللەتەكەت كردووە؟
-كە لەناو بازاڕو شاردا دەڕۆم یان كاتێك كە چووم بۆ كوردستانی ئێران هەستم كرد شتێكم كردووە بۆ میللەتەكەم، شەرت نییە قەسرەك یان سەیارەم بۆ خێزانەكەم كڕی بێ، شەرت ئەوەیە كاتێك كە دەچم بۆ ناو بازاڕ یان هەر شوێنێك خەڵك دەست خۆشیم لێ دەكا و وێنەم لەگەڵ دەگرن، ئەوە سەروەت و سامانە بۆ من، بەڵام چەندەها دەوڵەمەند هەیە كە دەچێتە ناو خەڵك بەچاوێكی سووك سەیر دەكرێ، چونكە بازرگانی بە هونەر و سیاسەت كردووە.

*لەمنداڵی كەسێكی چۆن بووی؟
-وەك باوكم دەگێڕتەوە دەڵێت «كەسێكی شەیتان و شەڕاوی بووی»، بەڵام بەهەمان شێوە دەست وەشێن نەبوومە، كەمێك ترسنۆكیش بوومە.

*جگە لەدایكی كارۆخ چەند جار خۆشەویستیت كردووە؟
-خۆشەویستیم كردووە، بەڵام فەشەلم تێداهێناوە و جورئەتی ئەوەم نەبووە كە بە ئافرەت بڵێم خۆشم دەوێی، چونكە رێزێكی تایبەتیان هەیە لەلام، لەوەش ترساوم كەرەفز وەربگرم زۆر كاریگەری دەبێ لەسەرم، بەڵام لەكۆتایی دەسكەگوڵی خۆم لێدا و دایكی كارۆخ دەرچوو، ئەویش زۆر بەڕێزە لەلام و لەهەموو ناخۆشیەكان لەگەڵم بووەو یارمەتیدەرم بووە.

*هەستت بەچی كرد كە گوڵان هەڵسەنگاندنێكی بۆ خەبات و كارە هونەریەكانت ئەنجامداوە؟
-كاتێك بینیم گریان و پێكەنینم تێكەڵ بوو لەبەر ئەوەی زۆر لەو كەڵە هونەرمەندانەی كە من شانازیان پێوە دەكەم زۆر بە پاكی باسیان لەمێژووی هونەری و مێژووی خەباتی من كردووە، زۆر دڵ خۆش بووم لەبەر ئەوەی جوانترین مەدالیا بوو گوڵان بەملی منی هەڵواسی.

* ئەوەی ئێمە دەیبینین و دەیبیستین لەناو میدیاكانی كوردی هەست دەكەین كە تۆ بەر لەوەی هونەرمەند بی پێشمەرگایەتیت كردووە، ئەگەر بۆمان باس بكەی؟
- لەساڵی 1969 پێشمەرگە بووم لەلای موقەدەم عەزیزی ئاكرەیی لەهیران و نازەنین بەریدم دەبرد بۆ مەكتەبی عەسكەری لەنێوان بابەكراوە، بارزانی نەمرم بینی كەبانگی كردین وتی من ئەوە پێشمەرگانەم زۆر خۆش دەوێن كە نوێژ دەكەن، چونكە نوێژ ئەخلاق و جوانی تێدایە و ئەوكات 5دیناری پێدام ئەو 5دینارە لام بەقەد هەموو قەسری ئەوەی ئێستا هەیە هەمووی بەقوربانی ئەو پارەیە بن.

* لەدیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا باسی ئەوەت كرد كە بارزانی نەمرتان بینیوە كە بینیت هەستت بەچی كرد؟
-هەموو لەشم تەزی، چونكە بینینی ئەو وەك ئەوە وایە كە شێرێك ببینی، ئەو ئینسانێكی عادل بووە و چاكسازی و پاكسازی لەناو ماڵی خۆیەوە دەستپێكردووە لەبەر ئەوە كورد تا مردن قەرداری بارزانییە

*هەولێر لەلای تۆ چ دەگەیەنێ؟
-هەولێر لەلای من لەهەموو شوێنێك خۆشترە، چونكە هەولێر هەولێری روحمە هەولێری بەزەییە، هەموو كەس دەتوانێ تێیدا بژی. لەبەر ئەوەی ئەو كەسەی دێتە ناو هەولێرێ هەست بە غەریبی ناكات، دەبێ سوپاسی ئەو كەسانەش بكەین كەهەولێریان بەو شێوەیە چاك كردووە و سوپاسی كاك نەوزاد هادیش دەكەین كە جێی دەستی دیارە لەبەرەو پێشبردنی هەولێر.
Top