هونەرمەند عەلی ئەحمەد: لەخۆم رادەبینم جوانتر و خۆشتریش (هەبوو نەبوو) دووبارە بكەمەوە

هونەرمەند عەلی ئەحمەد: لەخۆم رادەبینم جوانتر و خۆشتریش (هەبوو نەبوو) دووبارە بكەمەوە
هونەرمەند عەلی ئەحمەد یەكێكە لە هونەرمەندە پڕ ئەزموون و شارەزایانەی كورد كە تەمەنێكی زۆری لە بواری نواندن بەسەر بردووە لە فیلم و شانۆ و دراما، هەر كەسێك حیكایەت خوانەكەی (هەبوو نەبوو)ی بینیبێ، درك بە شارەزایی و توانای ئەم هونەرمەندە دەكات كە چۆن وەك خۆی رۆڵەكە گوزارشت دەكات و وێنەیەكی راستەقینە نیشانی بینەر بدات، هونەرمەند عەلی ئەحمەد بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

ئایا ئێستا دەتوانین (هەبوونەبوو) دووبارە بكەینەوە؟
-دەربارەی خۆم وەك هونەرمەندێك كەوا رۆڵێكی سەرەكیم دیتوە لەو درامایە و بۆتە جێی رەزامەندی زۆربەی خەڵكی كوردستان كە بینیویانە، لەخۆم رادەبینم كە بەشێوەیەكی جوانتر و خۆشتریش دووبارەی بكەمەوە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە بتوانم زۆر شتی تریشی لەسەر زیادبكەم كە لەگەڵ گۆڕانكاری ئەم سەردەمە بگونجێ، هەست دەكەم ئەو توانایەم هەیە.

* ئێستا تواناكان لەهەموو لایەكەوە زۆرترن، بۆچی دراما هەمان تامی جارانی نەماوە؟
- (لكل زمان دولە ورجال)لەو كاتە مەسەلەی تموحی پارەو حزبایەتی و ئەو شتانە نەبوو، تەنیا یەك ئامانج هەبوو ئەویش مەسەلەی كوردستان و رۆشنبیری كورد و هونەری كورد بوو، ئەو هەموو هونەرمەندە لەگەڵ یەك ئیشیان دەكرد، راستە هەریەكە بیروڕایەكی هەبوو، بەڵام ئامانجی سەرەكیان بریتی بوو لە خزمەتكردنی وڵاتەكەی لەرێگەی هونەرەوە لەبەر ئەوەی بەو پەڕی خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە خزمەتیان دەكرد بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون، ئێمە مەبەستمان پێش هەموو شتێك ئەوە بوو بتوانین خزمەتی نەتەوەكەمان بكەین و كەلتوور و رۆشنبیری نەتەوەكەمان بكەین، چونكە ئەو كاتی زۆر هەستیار بوو ئێمەی هونەرمەندیش هەستمان بەوە كردبوو كە رژێم بەهەموو شێوەیەك دەیویست كەلتوور و مێژووەكەمان لەناو ببات لەبەر ئەوە ئێمەش وەك هونەرمەند و رۆشنبیران هەستمان بەو مەترسییە كردبوو، بۆیە بەهەموو هێزێكەوە بەربەرەكانی ئەو بارودۆخەمان دەكرد و بەهەموو شێوەیەك دەبوایە بەردەوام بین.
*دەتوانین بڵێین هۆكاری سستی دراما بەشێكی بۆ بینەر دەگەڕێتەوە؟
- نەخێر بینەر كڕیارە پێوەندی بەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بەوە هەیە شتێكی باش ببینێ و بیكڕێ، هەر بەخۆشی ئەو شتە هەڵدەسەنگێنێ ئایا شایستەی ئەوەیە بیكڕم، لەبەر ئەوە ئێستا بەڕاستی واهەست دەكەن ئەو شتانەی كە دێن بیبینن لەئاستی ویست و داخوازی ئەوان نییە، ئەمڕۆ بینەر وەك جاران نەماوە ئێستا دەتوانێ بەنیو سەعات هەموو هەواڵێكی سیاسی و كەلتووری و رۆشنبیری هەموو دنیا بزانێت، كەواتە پێویستە هونەرەكەت لەو ئاستە بێ كە ئەو كابرایە دەیبینێ و لە ئاستی هەست و بیری بێت.
* ئەكتەرانی ئێستا چ جیاوازیەكیان هەیە لەگەڵ سەردەمی حەفتاو هەشتاكان؟
- جیاوازیەكی زۆری هەیە، بەداخەوە ئەو قسەیە دەكەم، بەڵام ئەكتەری ئێستا لەبواری كەلتووری لاوازە زۆر مەسەلەی كەلتووری هەیە هیچی لێ نازانێ، بەڵام پێشتر ئێمە بە ئەكتەرمان دەوت ئەوە (كاملە) واتە لەهەموو دابونەریتێكی گوند و شاری دەزانی وەك تازیەو بووك گواستنەوە، دوورنە، ساوار كووتین بەگشتی دابونەریتی كوردەواری زۆر گرنگە بیزانی، خۆم دەكەم بە نموونە لە تەلەفزیۆنی كەركوك درامایەكمان پێشكەش دەكرد بەناوی (هەور و ساماڵ) من رۆڵی سەرۆك دادگام هەبوو چووم بۆ دادگا تا سەرۆك ببینم كە چۆن هەڵسوكەوت دەكات، بۆیە پێویستمان بەوەیە پێش هەموو شتێك خۆمان بناسین، چونكە ئەگەر مرۆڤ خۆی نەناسێ هیچ كەس ناناسێ ئەگەر ملیۆن كتێبیش بخوێنێتەوە، بۆیە ئەگەر من ئەكتەر بم پێویستە بەشێك لە مێژوو و كەلتووری نەتەوەكەم بزانم، چونكە هەر شتێك بناغەی نەبێ ناتوانێ دروستی بكەی.
* ئایا ئەكتەرە لاوەكان خۆشەویستیان بۆ كارەكەیان وەك ئێوەیە؟
- ناڵێم خۆشەویستیان نییە، بەڵام بەو جۆرە خۆشیان دەوێ كە خۆیان بیری لێ دەكەنەوە، واتە لە روانگەی خۆیانەوە، من كە كارێك دەكەم بیر لەوە دەكەمەوە چەند خزمەتی نەتەوەكەم دەكا و چی پێشكەش دەكەم بۆخەڵك، نەك ئەو كارە تاچەند خزمەتی خۆم دەكا وەك مێژوو، لەبەر ئەوە جیاوازیەكەمان بەو شێوەیەیە.
*ژیانی تایبەتی خۆت چ كاریگەریەكی بەسەر كارە هونەریەكانتەوە هەبوو؟
- ژیانی خۆم تەرخان كردووە بۆ هونەر، كە كارێكی هونەری دەكەم هەموو ژیانی تایبەتی خۆم رادەگرم، چونكە كارە هونەریەكە لام گرنگترە.
*راستە دەڵێن تا ئێستا خانوو یان زەویت وەرنەگرتووە؟
-تاكو ئێستا وەرم نەگرتبوو، بەڵام ئێستا زۆر بەسوپاسەوە كاك نەوزاد هادی پارچە زەویەكی پێدام، بۆیە خۆم بەقەرزاری دەزانم، هەردەم كە سەردانی دەكەم دەرگام بۆ واڵایە و رێزی هونەر دەگرێ و خزمەتی هونەرمەندان دەكات و پێداویستیان زۆر دابین دەكات.
* چیت ماوە بیڵێی؟

- هەردەم دوعا دەكەم كەخوای گەورە نەتەوەكەم لە هەموو نەهامەتی و نەگبەتیەك بپارێزێ و هەردەم هونەرمەندان ئەوە بێننە پێش چاویان كە هونەر پێشكەش نەكەین بۆ حەزی خۆمان، بەڵكو بەو شێوەیە بێ و بەجیهانی بناسێنین بۆ ئەوەی خۆمان شانازی پێوە بكەین و بیكەین بە پێناسەیەكی راستەقینەی نەتەوەكەمان.
Top