ناسر رەزازی: گۆرانیبێژ شێوە و رواڵەتی جوان بێ ئەوە بۆ خۆی شانسێکە

ناسر رەزازی: گۆرانیبێژ شێوە و رواڵەتی جوان بێ ئەوە بۆ خۆی شانسێکە
مامۆستا ناسر رەزازی كە زۆربەی تەمەنی خۆی لە بواری هونەردا و بەسەر بردووە و شارەزاییەكی زۆری لەو بوارەدا هەیە، دەربارەی ئەزموون و كارە هونەرییەكانی هونەرمەند زەكەریا مامۆستا ناسر دەڵێ: «زەکەریا ژەنیارە و ژەنیارێکی باشە و ماوەیەک لەتەک مندا کاری کردووە، شارەزای مۆسیقایە، کوڕێکی قسەخۆشە، ئەو كارانەی كە زەکەریا کردوویەتی، گەنجی ئەمڕۆ گوێی بۆ ڕادەگرێ. گرنگ نییە چی بێ، هەرشتێک بێ گوێی بۆ رادەگرێ بە مەرجێ هونەرەكە نزیك بێ لەو مۆسیقایەی کە نزیکە لە کارەکانی ئەو گۆرانیبێژانەی کارەکانیان بە ریتم و باس تۆمار دەکەن لە وڵاتانی پێشکەوتوو، شتێکی دیکە هەیە ئەگەر گۆرانیبێژەکە شێوە و رواڵەتی جوان بێ وەکو زەکەریا ئەوەش بۆ خۆی شانسێکە.

سەبارەت بە ڕەوشی هونەری لەكوردستان ڕەزازی وتی «گۆرانیی کوردی تەنیا مەقامە و هەڵپەڕکێ و گۆرانیی سەنگین، کورد گۆرانیی رۆمانسیی کەمە، لە شێوازەکانی دیکەشدا وەکو راپ و رۆک و تێکنۆ و بلووز و هیدیکەشدا لاوازە، مۆسیقای کوردیی لە فۆلکلۆردا دەوڵەمەندە، بەڵام لە ریتم و باس و ئاکۆردا هەژارە و هەم گۆرانیبێژەکان و هەم ژەنیارەکانیش تێ نەکۆشاون ئەو مۆسیقایە بێننە ناو مۆسیقای کوردی و شتی تازە بخولقێنن، لە کاتێکدا مۆسیقای کوردی بۆ ئەوە دەشێت کە لەتەک مۆسیقای یۆنانیی و ئیتالیی و ئیسپانیی و هیدیکەدا تێکەڵ بکرێ، مۆسیقای کوردیی گۆرانیی ریتمیکی زۆرە، بەڵام بەو شێوازانە دەوڵەمەند نەکراوە، مۆسیقاش پارەی دەوێ و دەردی هەرە گەورەش ئەوەیە کە مۆسیقای کوردی یان باشتر بڵێم (سی دی) مۆسیقای کوردی نافرۆشرێ و ناڕوا بە باشیی، چونکە ئەوەندە فارسیی و عەرەبیی و تورکیی بڕۆی هەیە مۆسیقای کوردی نییەتی، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوە کە گۆرانیبێژ و ژەنیاری کورد بێ پشتیوان بن و بەرهەمەکانیان نەڕوا و بمێنێتەوە.
Top