خالید ڕەشید ئەو كەسەی حاكمی نەرویج پێی وت تۆ خوێنی داڤنشیت تێدایە

خالید ڕەشید ئەو كەسەی حاكمی نەرویج پێی وت تۆ خوێنی داڤنشیت تێدایە
كاتێك دەڕۆیتە ناو ماڵەكەی، پڕاوپڕە لە كەلتوور و دابونەریتی كوردی و مۆزەخانەیەكی پڕە لە بەرهەمی بەنرخ، نازانی سەیری گۆزەكەی پورە توبا بكەی كە تەمەنی 300 ساڵە یا تەسبیحی كچە یەهودیەكە كە تەمەنی 400 ساڵە، یا سادەیی خۆی و هاوسەرەكەی و منداڵەكانی، یان تاوێ گوێ بگریت بۆ پیرە عودەكەی كە تەمەنی 58 ساڵە و یەكێكە لە شاكارە گەورەكانی مامۆستای گەورەی عێراقی (محەمەد فازڵ)، یان چاوێك بەناو شیعرەكانیدا بخشێنیت تا تێربیت لەكانیاوی وشەی عەشق و نیشتمانی، یان گوێ بگریت بۆ سیناریۆ جوانەكانی. ئەوە خالید رەشیدە مێژووێیكە لە هونەری شێوەكاری كوردی خەرمانێك لە خۆشەویستی، ئەو كەسەیە كە حاكمی نەرویج پێی وت تۆ خوێنی داڤنشیت تێدایە.

خۆم بە خەڵكی هەموو پارچەكانی كوردستان دەزانم
مامۆستا خالید دەڵێ: لە(25/7/1962) لە خانەوادەیەكی خانەدانی خوێندەواری شاری سلێمانی لەدایكبووم لەسەر خاكی كەركوك، چونكە ئەوكات باوكم فەرمانبەر بوو لە كارگەی نەوتی كەركوك. من خۆم بەخەڵكی كەركوك دەزانم، چونكە لەسەر ئەو خاكە جوانە لە دایكبووم خۆشم بە خەڵكی شاری سلێمانی دەزانم، چونكە دایك و باوكم خەڵكی سلێمانین كە هەردوو شارەكە بۆ من جێگەی فەخرن، سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە منی بە كورد خەلق كردووە و خۆشم بە خەڵكی هەر پێنج پارچەكەی كوردستان دەزانم بە قەوقاس روسیاشەوە.

خوێندنی سەرەتایی تا قۆناغی دووەمی ناوەندیم لە كەركوك تەواوكردووە، پاشان باوكم خانەنشین كراو هاتینەوە شاری سلێمانی تا قۆناغی شەشی ئامادەییم لەوێ خوێند و بەهۆی خراپی باری گوزەرانەوە ڕووم لەشاری بەغداد كرد، لەوێ تا شەشی ئامادەییم خوێندو پاشان چوومە كۆلێجی هونەرە جوانەكانی بەغداد و پەیكەرتاشیم كرد، جارێكی تر لە زانكۆی هونەرە جوانەكانی ئێران رەسمم خوێندوە تائێستاش خاوەنی 16 پێشانگای تایبەت و 37 پێشانگای هاوبەشم، ئیش لەسەر بەرد دەكەم وەك پەیكەرتاش لەسەر كانڤاسیش وەك رەسام، بۆ پەرەپێدانی هونەرەكەشم زۆربەی وڵاتانی دنیا گەڕاوم و زانیاریم كۆكردۆتەوە، ئێستاش مامۆستام لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان لەشاری هەولێر، جوانترین یادگاریش لەگەشتەكانمدا سەمای قەرەجەكانە كە جەژنێكە ساڵانە لە ئیسپانیا ساز دەدرێت و لە بنەڕەتدا هی زەردەشتەكانە كە كوردن. پار ساڵیش چوومە وڵاتی نەرویج لە ئۆسلۆی پایتەخت نیشتەجێ بووم بەمەبەستی نیشاندانی كارە هونەرییەكانم و گۆڕینەوەی بیروڕا نەك جێهێشتنی خاكی پیرۆزی كوردستان، تەمەننا دەكەم لەخاكی كوردستاندا بمرم تا ئێسك و پروسكم خاكی كوردستان تۆكمە بكاتەوە.

ئێسك و پروسكی ئەسپەكەی كاكە سوور
مامۆستا خالید دەڵێ: لەسەر پاشماوەی بڕبڕەی ئەسپەكەی باپیرەی كە بە شەش پشت دەگاتەوە من، پۆرترێتی باپیرم دروست كردۆتەوە. وەك خۆی گێڕایەوە گوایە باپیری ئەم ئەسپەی زۆر خۆشویستووە، كە مردووە وتویەتی ئێسك و پروسكی من سەگ بیخوات نابێت ئێسك و پروسكی ئەسپەكەم سەگ بیخوات. لە یەكێك لە زەویەكانی خۆیدا ناشتویەتی لەژێر دارێكی گەورەدا كە ئێستا ئەو زەوییە رەزو باخی منی لێیەو ئەسپەكانی خۆمم تیا راگرتووە، پاش بیستنەوەی ئەم چیرۆكە گەڕام بە دوای ئیسك و پروسكی ئەسپەكە تەنیا بڕبڕەی پشتیم دۆزییەوەو ئێستا كاری لەسەر دەكەم پورترێتی باپیرە گەورەكەمی لەسەر دروست دەكەم.

دوای 4 ساڵ، خۆشەویستی خۆم بۆ هەیفا دەربڕی
هەیفا خانی خێزانی هونەرمەند ئەویش بەهەمان شێوە هونەرمەندە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ناوبانگێكی زۆری هەیە، لە مامۆستامان پرسی عاشقی تابلۆكانی بوی لە گەلەری یان عاشقی خۆی؟ لە وەڵامدا وتی: كە هەیفام بینی وتم ئەگەر عاشقی تابلۆكانی بم ڕوژێك دادێت دەستەكانی دەلەرزن نیگار ناكێشن ئەگەر عاشقی ئەویش ببم ئەگەر ڕۆژیك خوانەكات بمرێت چیم لێ دێت تا چوار ساڵ ئیشم لەسەر خۆشەویستیەكەی كرد، دوای چوار ساڵ بێدەنگی ئینجا پێم وت، ئێستاش بەرهەمی خۆشەویستیەكەمان دوو منداڵی چاوگەشە، بەڵام من خۆم باوكی 10 منداڵم.

ساڵح دیلان كە تابلۆكەمی بینی گریا
مامۆستا خالید دەربارەی یەكێك لە تابلۆكانی دەڵێت: ئەو تابلۆیەی كە بووە هۆی كلیلی ناوبانگ بۆ من تابلۆی (خواو بەهەشت و جەهەنەم و جنۆكەكان) بوو. بەداخەوە لەشەڕی نەگریسی برا كوژی ون بوو، ئێستاش دەستی ئەو كەسە ماچ دەكەم كە نەك تابلۆكە تەنانەت گەر وێنەی تابلۆكەم بۆبێنێتەوە. ئەو پێشانگایە خەڵكی زۆر بەناوبانگ ئامادەی بوون وەك كەریم خانی زەند و مامۆستا ساڵح دیلان كە تابلۆكەی بینی گریا، ئێستا لەگەڵ هەیفا خانی خێزانم بەنیازین بیكێشینەوە.

دوای 49 ساڵ تەمەن شەرەفی ئەوەم پێ بەخشرا كار لەسەر ڕۆژانی ئەزموونە گەورەكانی پێشەوای نەمر بارزانی بكەم
مامۆستا خالید هەروەها دەڵێت: خوشبەختانە كە من دیاریكراوم بۆ ئەوەی ئەزموونە گەورەكانی ژیانی بارزانی نەمر بكەم بە تابلۆ كە ئەمە شەرەفێكی زۆر گەورەیە بۆ من كە لەلایەن ئەو خانەوادە گەورەیەوە بەمن بەخشراوە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە من پێش چوار ساڵ بڕوانامەی باشترین پۆرترێزمم لەلایەن رێكخراوی یونسكۆوە پێبەخشرا كە بریتی بوو لەمەدالیای ئاڵتون و بڕوانامە بە زمانی كوردی و فەڕەنسی.

قوتابیانی هونەر كەمێكیان دەبنە هونەرمەند
لە كۆتاییدا مامۆستا خالید رەشید دەربارەی قوتابیانی هونەرە جوانەكان دەڵێت: زۆربەی ئەو قوتابیانەی كەلە پەیمانگاو كۆلێژە هونەریەكاندا دەخوێنن تەنیا بۆ وەرگرتنی بڕوانامە هاتوون و هیچی تر و هیچ باكگراوندێكی هونەرییان نییە، ئەمەش گوناحی خۆی نییە، چونكە ئەو لە یەكەم ڕۆژی قوتابخانەوە وافێر دەكرێت كە ئەو ڕۆژەی هونەر و وەرزشی هەبوو نەڕواتەوە، چونكە گرنگ نییە ئەمەش لێرەدا كێشەكە لە پەروەردەدایە كە دەبێت كارێكی وابكات هونەر لای ئەوان خۆشەویست بكات، لەیەكەم رۆژی قوتابخانەوە وابكات كە مەنهەجی تایبەت بۆ قوتابیان دابین بكات، چونكە وانەی هونەر جیاوازی لەگەڵ وانەكانی تردا نییە و دەبێت قوتابی چۆن لە وانەكانی تردا دەكەوێت لەم وانەیەشدا وابێت.
Top