بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ شێوه‌یه‌كى ره‌سمى قوتابیانى كورد به‌ ئاماده‌بوونى گروپى مۆسیقاى نه‌واى هه‌ولێر به‌شدارى له‌ ڤیستیڤاڵى نه‌ته‌وه‌یى زانكۆیه‌كى به‌ناوبانگى رووسی ده‌كه‌ن

بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ شێوه‌یه‌كى ره‌سمى قوتابیانى كورد به‌ ئاماده‌بوونى گروپى مۆسیقاى نه‌واى هه‌ولێر به‌شدارى له‌ ڤیستیڤاڵى نه‌ته‌وه‌یى زانكۆیه‌كى به‌ناوبانگى رووسی ده‌كه‌ن
مۆسكۆ- گولاَن

ئه‌مرِۆ ڤیستیڤاڵى نه‌ته‌وه‌یى زانكۆى هاورێیه‌تى نیوان گه‌لاَن له‌ مۆسكۆى پایته‌ختى رووسیا به‌ به‌شدارى زیاتر له‌ قوتابیانى 100 ولاَتى جیاجیاى جیهان به‌رِێوه‌چوو كه‌ قوتابیانى كورد بۆ یه‌كه‌مجار به‌ شێوه‌یه‌كى ره‌سمى به‌ ئاماده‌بوونى گروپى مۆسیقاى نه‌واى هه‌ولێر به‌شدارییه‌كى چالاَكیان كرد كه‌ بووه‌ جیگاى سه‌رنجى ئاماده‌بوان.
ڤیستیڤاڵى نه‌ته‌وه‌یى زانكۆى هاورێیه‌تى نیوان گه‌لان سالاَنه‌ ئه‌نجام ده‌دریت و بۆ ئه‌مساڵیش به‌ به‌شدارى قوتابیانى بیانى زیاتر له‌ 100 ولاَتى جیاجیا كه‌ له‌و ولاَته‌ ده‌خوێنن ئه‌نجام دراو له‌سه‌ر بانگهیشتى لیژنه‌ى نوێنه‌رایه‌تى قوتابیانى كورد له‌ مۆسكۆ گروپى مۆسیقاى نه‌واى هه‌ولێر كه‌ ژماره‌یان (11) موزیكژه‌ن و هونه‌رمه‌ند ده‌بوو له‌چه‌ند رۆژى رابردوو گه‌یشتن به‌ مۆسكۆو بۆ ئه‌مرِۆش به‌شداریان كرد له‌و ڤیستیڤاڵه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ى زانكۆى ناوبراو و چه‌ندین چالاَكى جۆراو جۆریان پێشكه‌ش كرد.
سه‌رۆكى زانكۆى هاورێیه‌تى نێوان گه‌لان له‌ كاتى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا. سه‌ردانى به‌شى قوتابیانى كوردى كردو له‌لایه‌ن گروپى مۆسیقى نه‌واى هه‌ولێرو قوتابیانه‌وه‌ ئالاَى كوردستان و ژماره‌یه‌ك كه‌ل و په‌لى كورده‌وارى كوردیان پیشكه‌ش به‌ سه‌رۆكى زانكۆ كردو ناوبراویش وێراى خۆشحاڵى ده‌ربرین, ده‌ستى خۆشى له‌ قوتابیانى كورد كرد بۆ به‌شداربوونیان به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌كتیڤ له‌م ڤیستیڤاڵه‌دا.
پاشان گروپى مۆسیقاى نه‌واى هه‌ولێر به‌ سه‌رپه‌رشتى مامۆستا (فه‌رهه‌نگ غه‌فور) به‌پێشكه‌شكردنى ژماره‌یه‌ك گۆرانى و مۆسیقاى فۆڵكلۆرى كوردى به‌شداربوون و له‌ لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى چاوه‌رواننه‌كراو پیشوازى لێكراو, پیشكه‌ش كردنى گۆرانى و مۆسیقاى كوردى بووه‌ جیگاى سه‌رنجى قوتابیانى گشت نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌و بۆیه‌ ئه‌وانیش هاتنه‌ پاڵ قوتابیانى كوردو به‌ هه‌ستێكى نه‌ته‌وه‌ییانه‌ هه‌ڵپه‌ركێى كوردیان ئه‌نجام دا كه‌ ده‌كرى بگوترىَ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ قوتابیانى كورد ئه‌كتیڤ تر بوون و چالاَكى بێ وێنه‌یان ئه‌نجام دا. جێگاى ئاماژه‌ پێكردنه‌ له‌ ماوه‌ى به‌رِێوه‌چوونى ڤیستیڤاڵه‌كه‌ قوتابیانى نه‌ته‌وه‌كانى دیكه‌ سه‌رسامى جل و به‌رگى كوردى بوون و وێنه‌ى یادگاریان له‌گه‌ڵ قوتابیانى كوردو گروپى نه‌واى هه‌ولێر گرت و به‌ جل و به‌رگێكى سه‌رنج راكیش و كه‌لتورێكى ده‌وڵه‌مه‌ند ناوزه‌ندیان كرد.
Top