گوڵان له ديدي هونەرمەندانەوە

گوڵان له ديدي هونەرمەندانەوە
لە ساڵیادی دامەزراندنی گوڵاندا كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی رۆژنامەگەری كوردی و دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان)، بەحوكمی ئەوەی گوڵان یەكێكە لەو گۆڤارانەی كە لە رۆژی دەرچوونییەوە تا ئێستا بەبێ وەستان بەردەوام بووە، بەپێویستمان زانی چەند هونەرمەندێك بهێنینە ئاخافتن نەك بۆ دیمانە بەڵكو بۆ ئەوەی بەتێبینی و ءاو سەرنجەكانیان دەوڵەمەندمان بكەن و پەنجە لەسەر كەموكوڕییەكان دابنێن تاكو ئێمەش بەپێی توانا هەوڵ بدەین سوود لە ئامۆژگارییەكانیان وەربگرین و بتوانین كەموكوڕییەكان ئەگەر هەبن نەهێڵین و خزمەتێك بە هونەر و هونەرمەندانی كورد بكەین.
گوڵان لەو گۆڤارە سەركەوتووانەیە كە هەمیشە پێشەنگێتی خۆی سەلماندووە

هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی شارەزا لەبواری میوزیك سەبارەت بەگۆڤاری گوڵان وتی» گوڵان لەوگۆڤارە سەركەوتووانەیە كەهەمیشە پێشەنگێتی خۆی سەلماندووە لە بەدواچوونی بابەتەكان بەگشتی و هونەری و رۆشنبیری بەتایبەتی یان بوارە كۆمەڵایەتی و سیاسی و هەموو بوارەكانی تری، لە ڕووی بابەتەكانی هەمە رەنگ بەشێوەیەكی جوان و پڕ مانا داڕێژراون ، ئەو كەسایەتیانەی تیایدا دەنووسن كەسانی دیار و شارەزان لەبواری رۆژنامەوانیدا،خەمخۆری دیاری پێوە دیارە و جێگای ڕێزن، هەروەها لە ڕووی بایەخدان بەدیزاین و ئەو ڕەنگانە و وێنە رەنگاوڕەنگەكانەوە جۆر و قەوارەی گۆڤارەكە كوالیەتیەكی زۆرباش و جوانی هەیەو جێگای سەرنجڕاكێشانە، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە كە بایەخدانە بەوگۆڤارە و ئەو كەسانەی كاری تیادا دەكەن و سەرپەرشتی دەكەن.

بۆیە پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێدەكەم ماندوو نەناسانی گۆڤاری گوڵان بە گوڵاو بۆنرێژتان دەكەم و هەمیشە ئەو پێشەنگیيەتان بەردەوام بێت و هەر بژین.
گوڵان وەكو گوڵزارێكە هەموو جۆرە گوڵێكی تێدایە

خانمە گۆرانیبێژ نازێ عەزیزی دەڵێت «گوڵان یەكێكە لەو گۆڤارە سەركەوتووانەی كە هەموو بڕگەیەك لەخۆی دەگرێت.من یەكێكم لەوكەسانەی كەهەموو هەفتەیەك كەدەردەچێت بەدەستم دەگات شتی جوانی لێ فێردەبم .

جوانی ئەم گۆڤارە لەوەدایە كە تایبەت بەیەك شت نییە، وەكو باخی گوڵزارێكە كە هەموو جۆرە گوڵێكی تێدایە. بۆنی هەموو گوڵێكی تێدایە. بەڕای من واباشترە كاتێك دیمانەی كەسێك دەكەن پێش ئەوەی بچێتە چاپ كەسەكە بیبنێتەوە بۆ ئەوەی تووشی هیچ گلەییەك نەبن لەلایەن هونەرمەندەكانەوە، چونكە بەڕاستی هەم لە ڕووی كوالێتی و ڕەنگەوە گۆڤارێكی سەركەوتووە زۆرترین تیراژی هەیە لە بازاڕ لەچاو گۆڤارەكانی تر .

پێویستە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانە بكەن كە جێگا پەنجەیان دیارة لەنێو هونەری كوردی
هونەرمەند وریا ئەحمەد شارەزا لەبواری میوزیك وتی» سەرەتا پیرۆزبایی لەستافی گۆڤاری گوڵان دەكەم، بەڕاستی گۆڤارێكی سەركەوتووە لەڕووی چاپ و كاغەزو رەنگەوە بەشێوەیەكی جوان دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران، بەڵام خۆی گۆڤارەكە گۆڤارێكی سیاسیيە زۆربەی شیكردنەوەی بابەتە سیاسیيەكان لەگەڵ سیاسەتمەدارەكان بڕێك لەجیهانی هونەرییەوە دوورە، بەراستی بۆ بەشی هونەری ئەم شەش لاپەرەیە كەمە، لەبەرئەوەی گۆڤارەكە قەبارەی گەورەیەو لاپەڕەی زۆرە ئەو شەش لاپەڕەیە بكرێت بە دەلاپەڕەو پلانی بۆ دابنرێت باشترە زۆربەی جار ئەو هونەرمەندانەی كەلەدەرەوەی كوردستان دێنەوە ڕاستەوخۆ دیمانەیان لەگەڵ دەكرێت وەك ئەوە وایە ئەوانەی كوردستان شیاوی ئەوە نەبن. خۆی گۆڤاری گوڵان گۆڤارێكی سەنگینە لەنێوخەڵك پێویستە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانە بكەن كەجێگا پەنجەیان لەنێو هونەری كوردی دیارە، بۆئەوەی وەك ئەرشیفێك ئەو شتانەی لەلایانە تۆمار بكرێت پێش ئەوەی كۆچی دوايی بكەن. بۆ نموونەكاتێك دیمانەتان لەگەڵ هونەرمەند مەزهەری خالقی كرد بوو لەیەكێك لە نووسینەكانم ئاماژەم پێدابوو لەگەڵ زۆرێك هونەرمەندی پایەبەرز دیمانەتان كردووە، بەڵام جاری واهەیە دیمانە لەگەڵ كەسی وادەكەن بەڕاستی زۆر پێی دڵتەنگ دەبم، چونكە كەسەكە لەئاستی ئەم گۆڤارەدا نییە.

بەپێی پێویست نەیتوانیوە ڕاستیيەكە بڵێت بەتایبەت لەو ڕەوشە شڵەژاوەی ئێستای هونەری كوردی
هونەرمەندی گەورە نەجمەدین غولامی دەڵێت: گۆڤاری گوڵان توانیویەتی لەگەڵ هونەرمەندان وتووێژ بكات بەڵام بەپێی پێویست نەیتوانیوە ڕاستیيەكە بڵێت بەتایبەت لەو ڕەوشە شڵەژاوەی ئێستای هونەری كوردی، هەروەها ئەو هونەرمەندانەی جێی پەنجەیان دیارە لەنێو هونەری كوردی بەشێوەیەكی باش نەیتوانیوە خزمەتیان بكات.دەبوایە دەوری باشتری بگێڕابایە، بەڵام نەیتوانیوە هیوادارم لەداهاتوو بتوانێت ئەم بۆشاییانەی كەئێستا هەیەتی پڕی بكاتەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر هونەری ڕاستەقینە دروست بكاتەوە، چونكە گۆڤارێكە زۆرترین تیراژی دەكەوێتە بازار .

یەكێكە لەگۆڤارە باشەكان
ڕۆژنامەنووس عەبدولغەفار عەبدوڵڵا سەبارەت بە گۆڤاری گوڵان وتی «گۆڤاری گوڵان شان بەشانی ئەو گۆڤارانەی كەهەن لە كوردستان وەكو ڕاگەیاندنێكی خوێندراو توانیویەتی خوێنەرێكی باش بۆ خۆی پەیدا بكات، راستە بەشی زۆری خۆی بۆ شرۆڤەی سیاسی تەرخان كردووە، بەڵام كۆمەڵێك بەشیشی لەخۆگرتوە، وەكو»كۆمەڵایەتی و هونەری وەرزشی، ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم بەشی هونەرییەكەیەتی دیارە ئەو فایلە لەفایلە باشەكان دادەنرێت، هیوادارم باشتریش بێت .چونكە ئەو گۆڤارانەی كە هەفتانە دەردەچن جیاوازییەكی زۆریان هەیە لەگەڵ گۆڤارەكانی تر هەندێكجار هەنگاوی باشیان هاویشتووە بۆنموونە «دیمانەی هونەرمەندە فارس و عەرەبەكان «ئەمەش هەنگاوێكی باشە، بەڵام پێویستە لەسەر پرسە هونەرییەكانی ئێستا هەوڵی باشتر بدات و ژمارەی لاپەڕەكانی زیاتر بكرێت، چونكە بڵێین و نەڵێین جەماوەری هونەری و وەرزشی لەسەرانسەری جیهان زۆرترە. زۆرجار دەبینم دیمانەی هونەری باش دەكرێت بەڕای من پێویستە بایەخی پێبدرێت بهێنرێتە سەربەرگ شانبەشی ئەو بەرپرسە سیاسیانەی كە هەن من ناڵێم كە بایەخ بە سیاسەت نەدرێت، بەڵام دەبێت گرنگی بەهونەریش بدرێت، هەروەها دەستخۆشی لەوكەسانە دەكەم كەبێ پچڕان لەگەڵ ئەم گۆڤارە كار دەكەن .
هیوادارم زیاتر بایەخ بەلایەنی هونەری بدات

هونەرمەندی گەورە و پڕ ئەزموون ئیسماعیل سابووری ئەویش سەبارەت بەم یادە بەمشێوەیە هاتە ئاخافتن: ئەوەندەی من ئاگادارم یەكێكە لە گۆڤارە باشەكان، بەڵام هیوادارم زیاتر بایەخ بەلایەنی هونەری بدات بەتایبەت كاتێك دیمانەی ئەو هونەرمەندانە دەكەن پرسیاری ئەوەیان لێبكەن لەسەر مەقامات و لایەنە تایبەتیەكانی ژیانیان.

ئێستا كۆمەڵێك گۆڤاريی گوڵانم لایە وەكو ئەرشیف هەڵمگرتوون، گۆڤارێكی زۆر جوانە و هیوادارم بتوانن هەروا بەجوانی بابەتەكانیان بهێڵنەوە.
Top