گوڵان بەشی سینەمای كۆلێژی هــــــــونەرە جوانەكان بەسەر دەكاتەوە

گوڵان بەشی سینەمای كۆلێژی هــــــــونەرە جوانەكان بەسەر دەكاتەوە
لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان هونەری سینەما كە هونەری حەوتەمە و هەموو هونەرەكانی تر خۆی تیادا دەبینێتە و پێناسی پێشكەوتن و بەجیهانی بوونە. بەهەموو شێوەیەك كارئاسانی بۆ دەكرێت تا زۆر بە ڕاشكاوانە بڕواتە ناو كۆمەڵگاو بینەران، چونكە ئەوان سینەما بە ئاوێنەی كۆمەڵگە دەزانن.
بۆ نموونە لەوڵاتێكی وەك ئێراندا بە تەنیا لە ناو تارانی پایتەختتدا (130) هۆڵی سینەما هەیە. یان لە وڵاتێكی وەك بەرازیل سینەمای تایبەت بۆ ئەو خانمانە كراوەتەوە كە دایكن و منداڵی ساوا و بچووكیان هەیە كە ناتوانن بەهۆی منداڵەكانیانەوە بڕۆنە سینەماو چێژ لە دنیای سینەما وەربگرن. ئەگەرچی ئەمڕۆ لەكوردستاندا بەشێك هەیە بەناوی سینەما، ماوەی حەوت ساڵە كراوەتەوەو سەرەتا(د.سەلمان فایەق)سەرۆكی بەشەكەبووە كە بەڕێزیان لەبواری سینەمادا ئەزموونێكی درێژی هەیە..
دەتوانین بڵێین لەسەرەتاوە بەشەكە ئاستێكی باشی هەبووەو خاوەنی چەند كارێك بووە كەلەڕووی تەكنیكەوە باش بوون، بەڵام لە ڕووی سینارێو و دەرهێنانەوە لە ئاستێكی ئەوتۆدا نەبوون،گۆڤاری گوڵان بە باشی زانی لە نزیكەوە ئاگاداری گرفت و و كەموكوڕیەكانی ئەو بەشە بێت و بیانخاتە ڕوو..

ئا-لۆلان ئازاد

هەموو بەشەكانی كۆلێژی هونەر كێشەیان هەیە بەتایبەتی بەشی سینەما
سەرەتا بەڕێز د. فازڵ جاف (ڕاگری كۆلێژی هونەرە جوانەكان)وتی:
ئێمە لە كەس ناشارینەوە وەكو بەشی سینەما كێشەی زۆرمان هەیە و كێشەی سەرەكیش نەبوونی ستافێكی باش لەمامۆستا و كەسانی شارەزا لەبواری تەكنیك كە ئەمەش بڕبڕەی بەشی سینەمایە لە هەموو بەشەكانی سینەمای جیهاندا، بەردەست خستنی مامۆستاكانی بەشی تیۆری ئاسانترە لە مامۆستاكانی پراكتیك و تەكنیك ئەمەش كێشەی سەرەكیمانە. من ماوەیەكی كورتە دەست بەكار بووم بەهیوای ئەوەم كە بتوانم لەساڵی داهاتوودا سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەم بە هێنانی مامۆستای پرۆفیشناڵ و سەركەوتوو لە دەرەوەی هەرێم كە لە ئێستاوە پێوەندیم بە كۆمەڵێك كەسەوە كردووە، هیوادارم بەرهەمیان هەبێت. یەكێك لە هەنگاوە گەورە و پێشكەوتووە كانی كابینەی پێشووی واتە كابینەی پێنجەم كردنەوەی ئەم بەشە بوو هەرەوەها ئەو كابینەیە كاری زۆر باشی كردوە بۆ بەرەو پێشبردنی سینەما لە دەرەوە و ناوەوەی كۆلێژ كە پشتگیری زۆر كاری سەركەوتووی كردووە. هیوادارین بۆ لەمەودوا حكومەتی هەرێم كاری زۆر باشتر بكات و درێژەپێدەرو بەرەوپێشبەری ئەم بەشە بێت. كۆلێجی سینەما لەئێستادا پێویستی بەوەیە كە ژێرخانێكی تۆكمەو پتەو هەیە، ئەو پلانەی كە پێشتر هەبووە و كاری پێكراوە پلانێكی زۆر باش نەبووە ئامانجیان تەنیا دروستكردنی فیلم و ناردنە دەرەوەی فیلم بووە . كێشەیەكی تری سەرەكی بەشی سینەما نەبوونی بینایەیە كە ئێستا ئەوان لە خوێندنگەیەكی سەرەتاییدا لەنهۆمی دووەمدا دەخوێنن لەناو بینای كۆلێجی هونەرە جوانەكاندا نین، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، چونكە خوێندكارانی بەشەكە دوورن لەهاوڕێكانی بەشەكانی تر كە ئەمەش وا دەكا دانوستان و گفتوگۆی هونەری لەنێوان خوێندكارانی ئەم بەشەو بەشەكانی تردا نەبێت. بینای كۆلێجەكەش زۆركۆنە پێویستمان بەبینایەكی پێشكەوتووتر هەیە..
چەند خوێندكارێك دەنێردرێنە دەرەوە بۆخوێندن.
لەبەرنامەی تواناسازیماندا چەند خوێندكارێكمان دەنێرینە دەرەوە بۆ تەواوكردنی ماستەر كە لە یەكەم ودووەمەكانن خویندكاری دەرچووی تریشمان لەبەشەكەدا دامەزراندۆتەوە. لە كۆتایی قسەكانمدا دەڵێم هیوادارم كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە بەشەكە بدات و لە نزیكەوە ئاگای لێ بێت حیسابی وردی جیاواز لە كۆلێجەكانی تری بۆ بكات، چونكە كۆلێجی سینەما پێگەیەكی تایبەتی تری هەیە لەكۆمەڵگەدا و كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەرە تەواوی چین و توێژەكانی كومەڵگە. بەبڕوای من تەنیا كومەڵگەی ئێمە گرنگی تەواوی بەم كۆلێژە نەداوە لەناو هەموو كۆمەڵگەكانی جیهاندا كە دووبارە دەڵێم هیوادارم هاوكاریمان بكات گرنگی تەواو بەكۆلێجەكە بدات سینەما واتە هونەری پیشەسازی، پێوەندی و راگەیاندن.
زۆربەی ئەو كەرەستانەی بۆ وانەی مكیاژ بەكاریان دێنین بەسەرچوون
هەروەها قوتابی پەروەر تاریق دەڵێ: كێشەكانمان زۆرن كێشەی سەرەكیش نەبوونی مەنهەج و پەیڕەوێكی باشە لەگەڵ نەبوونی ماموستا، بە ڕای من دەتوانرێت سەرجەم كێشەكانی كۆلێژەكە چارەسەر بكرێت بەتایبەتی نەبوونی مامۆستا، كێشەی گەورەمان ئەوەیە كە هەندێك مامۆستای زۆرباش هەن، بەڵام لەبەرئەوەی كە بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان نییە، لێرە دانامەزرێن لەگەڵ ئەوەی كە خاوەنی ئەزموونن و بەهرەو توانایەكی باشیان هەیە من داواكاریم ئەوەیە كە حاڵی ئێمە ڕەچاو بكەن و ئەو مامۆستایانە دامەزرێنن، ئەگەر ناتوانن مەنهەج بگۆڕن دەتوانن كە چەند ماموستایەكی باش لە دەرەوەی وڵات بهێنن. لەلایەكی ترەوە كێشەی بینا هەیە لەگەڵ نەبوونی كەرەستەی سینەمایی، ئێمە وەك قوتابیانی قۆناغی دووەم نزیكەی نۆ ماددەمان هەیە كە هەموویمان تا ئێستا بەباشی نەخوێندووە بۆ نموونە وانەی دەرهێنان كەوانەیەكی زۆر گرنگە لە سەری ساڵەوە دوو مەلزەمەی دوو لاپەڕەییمان خوێندووە. وانەیەكی تری گرنگ وانەی سینەما تۆگرافییە كە لەوەزارتەوە عەقدەكە بۆ مامۆستا تازەناكەنەوە ئەو بڕە پارەیەشی كە پێی دەدەن بەس بەشی كرێی هاتوچۆكەی دەكات كە لە شاری دهۆكەوە دێت. وانەی مكیاژمان هەیەو هەموو ئەو پێداویستیانەی كاری پێدەكەین ئێكسپایەر بووە كە ڕەنگە تووشی چەندین نەخۆشیمان بكات. وانەی جومناستیكمان هەیە كە زۆر گرنگە بۆ نەرمی جەستەی ئەكتەر تا ئێستا نە ئێمە و نە قۆناغی یەك نەیانخوێندوە، دەبوایە كاتێك كە ئەم كۆلێژە دامەزرا بیر لە هەموو شتێك بكرابایەوە، كێشەی هەرە سەرەكیمان ئەوەیە كە لە دوای خوێندن شوێنێكی شیاو نییە كاری تێدا بكەین و ئیشی سینەماكار هێنان و بردنی وەرەقە نییە لەناو دائیرەیەكدا بەڵكو دەبێت لە شوێنێكدا كار بكات كە درێژەپێدەری خوێندنەكەی بێت.
هەندێك لەماموستاكانمان لەئاستی پێویستی ئێمەدا نین
سەروەت عەلی قوتابی قۆناغی یەكەم دەڵێ: كێشەی سەرەكی نەبوونی مامۆستای پروفیشناڵە ئەو مامۆستایەنەش كەوانە دەڵێنەوە هەندێكیان ئاستی زانیارییان باش نییەو ئەزموونی كەمیان هەیە، ئێمەی خوێندكارانی سینەماش ماوەیەكی دیاریكراومان هەیە بۆ فێربوون كە ماوەكەی چوار ساڵە، وا ئەمساڵمان بەڕێكرد كە بەكۆی هەموو وانەكان بیست لاپەڕەمان نەنووسیووە و هەندێك وانەی سەرەكیشمان نییە وەك نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان و ڕووناكی كامێرا و مۆنتاژ، هەندێك بابەت هەیە كە زۆر زەروور نییە كە هەمانە نەشیخوێنین زۆر گرنگ نین. داواكاریشمان بۆ حكومەت هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە دەم داواكارییەكانمانەوە بێت و چارەسەریان بكات بۆمان، تا ئێمەش بتوانین هەنگاوێك سینەمای كوردی ببەینە پێشەوە. داواكاریمان ئەوەیە كە خەمێكمان لێبخوات تا هیچ نەبێت بتوانین سینەمای كوردی بگەیەنینە ئاستی سینەمای جیرانەكانمان نەك سینەمای جیهان .
دانا محەمەدی قوتابیش دەڵێ: كێشە زۆرن وەك نەبوونی كافتریا و پێداویستی تایبەت، ئێرە وەك بیابانە نەك كۆلێژ لەقاڵبی هونەری هاتۆتە دەرەوە. ئەمساڵ خوێندكاری زۆریان وەرگرتووە كە زۆربەیان بە واسیتە وەرگیراون تەنانەت هەندێكیان لەدوای نیوەی ساڵەوە دەوامیان كردووە وەك قوتابییەكانی تر دەیگێڕنەوە؛ لەسەرەتای كردنەوەی بەشەكەدا چوار ڕۆژ تاقیكردنەوەی وەردەگیرا پاشان بڕیار لەسەر وەرگرتنی دەدرا. پاشانیش كە دەیانزانی كۆلێژەكە ئاوایە خوێندكاریان وەرنەگرتایە تا ئێمەش لەبوارێكی تر پەرەمان بە تواناكانی خۆمان بدایە تووشی ئەم هەموو نائومێدیەی ئێستا نەبووینایەتەوە..
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كەسەرجەم بەش و كولێجەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵی جیددی بۆ دراوە تەنیا كۆلێژی هونەر نەبێ بەتایبەتی بەشی سینەما، چونكە پێویستی بە فەزاییەكی زۆر تایبەتی تر هەیە لەچاو هونەرەكانی تردا. سەرەڕای هەموو ئەم كێشانەش سینەماكاران دەڵێن كوردستان هەرزانترین و شیاوترین جێگایە بو وێنەگرتن و فیلمسازی بەڵام ئەفسووس كە هەڵگری ئەم هەموو كێشەو قەیرانە هونەرییەیە كەوای كردووە هونەر و هونەردۆستانی كوردستان ڕۆژانە لە فەرامۆشبووندا ژەنگ هەڵێنن و خەونە ڕەنگاوڕەنگەكانیان لە گۆڕ بنێن.
Top