كورته‌فیلمى ئه‌نتێنا له‌ هه‌ولێر نمایش ده‌كرێ

كورته‌فیلمى ئه‌نتێنا له‌ هه‌ولێر نمایش ده‌كرێ
دواى به‌ده‌ستهێنانى چه‌ند خه‌لاَتێك له‌ عێراق و جیهاندا، ناوه‌ندى فیلمسازانى هه‌ولێری سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان كورته‌فیلمى ئه‌نتێنا له‌ سیناریۆ و ده‌رهێنانى عه‌دنان عوسمان نمایش ده‌كات.

به‌گوێره‌ى راپۆرتى راگه‌یاندنى لقی هه‌ولێری سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان، ناوه‌ندى فیلمسازان له‌و لقه‌، بۆ بایه‌خدان به‌ تواناكانى فیلمسازانى كورد و نیشاندانى به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ هونه‌رمه‌ندان و بینه‌رانى كورد، وه‌ك ده‌ستپێكى چالاكییه‌كانیان كورته‌فیلمى ئه‌نتێنا نمایش ده‌كه‌ن و دواتریش گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ له‌سه‌ر كورته‌ فیلمه‌كه‌ رێكده‌خرێ.

هه‌ر له‌و راپۆرته‌ راگه‌یه‌نراوه‌دا هاتووه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى ستافی كورته‌ فیلمه‌كه‌ ئه‌و كورته‌ فیلمه‌ له‌ كاتژمێر 5ى ئێواره‌ى رۆژی دووشه‌ممه‌ 2/5/2011 له‌ هۆڵی به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى شانۆی هه‌ولێر نمایش ده‌كرێ و دواتر ئاماده‌بووان و به‌شداربووانى نمایشه‌كه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ى فیلمه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
له‌كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ناوه‌ندى فیلمسازانى هه‌ولێری سه‌ندیكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ نمایشكردنى فیلم و كورته‌فیلمه‌ كوردییه‌كان، به‌ ئامانجى خزمه‌تكردنى فیلمسازان و نیشاندانى به‌رهه‌مه‌كانیان به‌ هونه‌رمه‌ندان و بینه‌ران.
Top