نوژدار :هەڵبژاردنی گۆرانی ئەمان دكتۆر بە رێكەوت بوو

نوژدار :هەڵبژاردنی گۆرانی ئەمان دكتۆر بە رێكەوت بوو
نوژدار محەمەد تاهر یەكێكە لە هونەرمەندە لاو و سەركەوتووەكانی دەڤەری دهۆك و بەو هونەرە رەسەن و پێشكەوتووخوازەی كە پێشكەشی دەكات خزمەتێكی دیاری بە هونەری كوردی گەیاندووە لە هەمان كاتتدا توانیویەتی جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات، بەم دواییەش گۆرانییەكی هونەرمەندی مەزن (حەسەن زیرەك)ی بەشێوازێكی نوێ و مۆدێرن دابەش و پێشكەش كردەوە كە بە یەكێك لە گۆرانییە سەركەوتووەكانی دادەنرێت، نوژدار لە پێوەندییەكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.


* با لە گۆرانی (ئەمان دكتۆر)ەوە دەست پێبكەین، هەڵبژاردنی ئەم گۆرانییە چۆن بوو؟
- ئەوەی راستی بێت بە رێكەوت بوو، شەوێكیان هۆزانڤان هەوار بەدرخان ئاكرەیی میوانم بوو، لەخۆیەوە ئەو گۆرانییەی دەوت كە گوێم لێبوو زۆر بە دڵم بوو و وتم: دووبارە بیڵێ ئەوە بوو چەندین جار پێم دووبارە كردەوە، لەكۆتاییدا پێم وت ئەو گۆرانییەم بۆ بێنە كاری لەسەر دەكەم، چونكە زۆر خۆشە دوای ماوەیەك كارمان لەسەر كرد، كۆپلەی سێیەمی گۆرانییەكەش هەوار خۆی زیادی كردووە و هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك تەنیا دوو كۆپلەی وتووە دواتریش لە شاری ئیستانبول تۆمارمان كرد.

* پێشتر نیازی ئەوەت هەبوو بە زاراوەی سۆرانی گۆرانییەك بڵێی؟
- نەك تەنیا نیازم بوو، بەڵكو زۆریش بە دوای گۆرانییەكی فۆلكلۆریدا دەگەڕام بۆ ئەوەی بە جۆرێك پێشكەشی بكەم كە رەسەنایەتی خۆی لە دەست نەدات و سوپاس بۆ خوا سەركەوتوو بووم، جگە لەم گۆرانییە گۆرانی (چاوكاڵ)یشم لەم بەرهەمە نوێیەدا هەیە كە تێكستی هەوار بەدرخانە.

* بۆچی ساڵانە بەرهەمی نوێت نییە؟
- لەوانەیە حەزم كرد بێت بەر لە ئێستا گۆرانییەك یان بەرهەمێك دابەزێنم، بەڵام لە بەرهەمەوە دوور بووە، چونكە بەرهەمێكی هونەری بیركردنەوەیەكی زۆری دەوێ لە هەمان كاتدا هەڵبژاردنی بۆ نموونە (10) گۆرانی سەركەوتوو زۆر زەحمەتە بتوانی خەڵك رازی بكەی، هەروەها من هەمیشە سیاسەتی چۆنایەتی پەیڕەو دەكەم نەك چەندایەتی، هونەرمەند لە ساڵێكدا كلیپێكی هەبێت باشترە لە سیدییەكی بێسەرووبەر و سەنگێكی ئەوتۆی نەبێت شایەنی باسكردن بێت، ئەو كەسە هونەرمەندە كە شتێك پێشكەش بە خەڵك بكات كە تێنوویەتی بشكێنێت نەك ساڵانە بەرهەمێك بڵاو بكاتەوە.

* ئەم شێوازە بۆ هەموو هونەرمەندان وایە؟
- نەخێر هەر هونەرمەندێك بەشێوەیەكی تایبەت بیر دەكاتەوە، هەیە دەیەوێ تەنیا لەسەر شاشە دەركەوێـت و شاشە پڕ بكاتەوە، من حەز دەكەم هەر كارێك پیشكەش بكەم جیاواز بێت، با ساڵانە تەنیا یەك گۆرانیشم هەبێت، بەڵام دەنگ و سەدای ئەو گۆرانییە ساڵێك بەردەوام بێت، نەك 10-12 گۆرانی پێشكەش بكەم و تەمەنیان مانگێك بێت و خۆتان دەزانن ئێستا خەڵك هەموو شتێكی پێ قبوڵ نییە و كاری باش و خراپ جیا دەكاتەوە.

* سەرەڕای بوونی موزیكژەن و دابەشكاری بە توانا، بەڵام وەك تێبینی دەكرێ زۆربەی هونەرمەندانی دەڤەری بادینان پشت بە خۆیان دەبەستن لە ئاوازەكانیان، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- لێرە دەمەوێ باسی ئەلبوومەكەی خۆم بكەم كە گشت ئاوازەكانی خۆمە، زۆر جاری تریش ئەم قسەیەم كردووە (ئەگەر مرۆڤ بۆ خۆی بەرگدروو بێت، دەزانێت چ جلوبەرگێك بۆ خۆی بدوورێت) ئاوازدانانیش بۆ هونەرمەند بە هەمان شێوەیە، لە دهۆك ئاوازدانەری زۆر بە توانامان هەیە لەگەڵ رێزم بۆیان، بەڵام ئاوازی هیچیانم بەكار نەهێنا، چونكە دەزانم مەودای دەنگم چەندە و لە چ مەقامێكدا سەركەوتوو دەبم و دەزانم ئەوەی مەبەستمە بیگەیەنم بەچ رێگە و شێوازێك دەیگەیەنم، پێویستە ئاوازدانەر شارەزا بێت لە مەقامات و زانستی مۆسیقا، زۆر جار حەزم كردووە ئاوازی كەسانی تر بەكاربهێنم، بەڵام ئەو ئاوازەم نەدۆزیوەتەوە كە لەگەڵمدا بگونجێت، ئەگەر شتێكم دۆزییەوە گونجاو بێت، ئەوكات ئاساییە بەكاری دەهێنم، وەك چۆن من ئاوازم بۆ زۆر كەس داناوە.

* بە ئەكادیمی بوونی مۆسیقا لەم بوارەدا چ رۆڵێكی هەیە؟
- بێگومان رۆڵی هەیە، سەبارەت بە ئەكادیمی بوونی مۆسیقا لە شاری دهۆك دەتوانم بڵێم دوای دامەزراندنی پەیمانگای هونەرە جوانەكان گۆرانی و مۆسیقا لەم شارە پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و كادرێكی زۆری هونەری پێگەیاندووە، زۆر هونەرمەندیش لەو پەیمانگایە دەركەوتوون ناوبانگیان دەركردووە، هەروەها ئێستا لە هەموو بوارەكانی ژیاندا خەڵك رووەو ئەكادیمیەت هەنگاو دەنێت بەجۆرێك خەڵك پێیوایە هیچ شتێك بەبێ زانست كامڵ نییە، بۆ نموونە كەسێك خوا بەهرەی دەنگخۆشی پێداوە ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی ئەو بەهرەیە بەكار نەهێنێت، هەرچەند پێشبكەوێت ناتوانێ سوودی لێ وەربگرێت و دووبارە دەگەڕێتەوە خاڵی یەكەم، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی بێتە نێو بوارەكە ئەوا قۆناغ بە قۆناغ پێش دەكەوێت تا دەگاتە لوتكە، بۆیە هونەر ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی بێت، ئەوا تەمەنی ئەو هونەرە درێژتر دەبێت، بەپێچەوانەوە هەر گۆرانییەك بێ زانست بێت بێ بناغەیەكی پتەوە و تەمەنی كورت دەبێت، لێرەوە دەتوانم بڵێم پێشكەوتنی هونەر لە دەڤەری بادینان هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەندێك لە لاوەكانمان گرنگی بەو بوارە دەدەن.

* لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو نەوەیەكی هونەرمەندان لە دەڤەری بادینان لە دایكبوون ئەگەر بۆشاییەكی هونەری هەبووبێت پڕیان كردەوە، پێتوایە نەوەی داهاتووی هونەرمەندان دەتوانن ئەو بۆشاییەی كە دروست دەبێت وەك پێویست پڕ بكەنەوە؟
- وەك چۆن ئێمە پەیامی هونەریمان لە هونەرمەدانی پێش خۆمان بە ئەمانەتەوە وەرگرت و گەیاند، هیوادارم نەوەی دوای ئێمەش دێن بە هەمان شێوە ئەو ئەركە بە ئەمانەتەوە وەربگرن و ئەم پەیامە بە پیرۆزی بە خەڵكی بگەیەنن، بەڵام ناتوانم پێشبینی ئەوە بكەم كە پەیامەكە وەك خۆی دەگات، چونكە ژیان هەمیشە لە وەرچەرخاندایە و لەوانەیە هەندێكیان بێنە پێشەوە باشتر لە ئێمە پەیامەكە بگەیەنن.

*لە زۆربەی وڵاتان فیستیڤاڵی هونەری ئەنجام دەدرێت، ئەنجامدانی ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە لە كوردستان تا چەند گرنگە؟
- بێگومان سازدانی فیستیڤاڵی هونەری زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین هونەری خۆمان نیشانی جیهان بدەین، بەڵام بەداخەوە ئێمە هۆكارەكانی ئەنجامدانی فیستیڤاڵمان نییە، بۆ نموونە ئێمە لە شاری دهۆك هۆڵێكمان نییە شوێنی دە هەزار كەسی هەبێت بۆ سازكردنی فیستیڤاڵی هونەری، بۆیە بەر لە سازدانی فیستیڤاڵ پێویستە هۆكارە پێویستەكانمان هەبێت، بەشێوەیەكی گشتی سازكردنی فیستیڤاڵ زۆر گرنگە.

*لە زۆربەی وڵاتان هونەر بووەتە بازرگانی، ئایا ئێمە لە كوردستان هەنگاوی لەو جۆرەمان بڕیوە كە هونەرمەند بتوانێت بە هونەرەكەی بژێوی ژیانی پەیدا بكات؟
- دەتوانم بڵێم هەنگاوی لەو جۆرە نراوە كە هونەر ببێتە هۆكاری پەیداكردنی بژێوی ژیانی هونەرمەند، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی هونەر هونەرمەند بەخێو بكات، واتە دەبێتە هۆی بەڕێوەبردنی هەندێك لە كارەكانی.

*هەندێك كەس پێیانوایە ناكرێ هونەرمەند لە هەر شوێن و كاتێك گۆرانی بڵێت وەك ئاهەنگی تایبەت، رای تۆ سەبارەت بەمە چییە؟
- منیش لەگەڵ ئەو رایەم كە نابێ هونەرمەند لە هەموو شوێنێك گۆرانی بڵێ، چونكە هەر هونەرمەندێك شوێن و سەنگی خۆی هەیە، رێزم هەیە بۆ ئەو هونەرمەندانەی لە زەماوەندەكان گۆرانی دەڵێن، چونكە ئەم دیاردەیە لە هەموو شوێنێك هەیە، هەروەها هونەرمەند هەن كە سیدی بڵاو دەكەنەوە و بەشێوەیەكی ئەكادیمی گۆرانی دەڵێن بەجۆرێك كە مرۆڤ شانازییان پێوە دەكات و دەتوانێت بە خەڵكێكی بناسێنێت و پێیان بڵێت كە ئەمەش هونەری ئێمەیە لەبەر ئەوەی بەشی زۆریان لەسەر بنەمایەكی زانستی كاری هونەری دەكەن، چونكە مۆسیقا زمانە و هونەرمەندی میللی رەنگە بە شێوەیەكی زانستی نەزانێت مۆسیقا چییە و ئەوەی گرنگە بەلایەوە تەنیا وتنی گۆرانییەكەیە و ئەگەر كەسێك لە دەرەوە بێت، لەبەر ئەوەی لە زمانی مۆسیقا و نۆتە شارەزایی نییە نازانێت دەربارەی زانستی مۆسیقا گفتوگۆی لەگەڵدا بكات، سەبارەت بە وتنی گۆرانی لە هەر شوێنێك پێویستە ئەم دیاردەیەش هەبێت، چونكە هەر شوێنێك هونەرمەندی خۆی دەوێ، هونەرمەندی میللی، زەماوەند، كۆنسێرت هەیە، هەروەها كەسانێكی نا هونەرمەندیش هەن كە تەنیا گۆرانی دەڵێن، لە هەمان كاتدا كەسانی هونەرمەند هەن كە بە راستی هونەرمەندن.

* كەواتە پێویستە هەر هونەرمەندێك سەنگ و پێگەی خۆی بزانێت؟
- بەڵێ ئەمە راستە هەرچەندە لەوانەیە ئەو كەسە چەند بوارێك تاقی بكاتەوە، و لە كۆتاییدا دەزانێت سەنگی خۆی چەندە و ئیعتیرافیش بەمە دەكات و دەزانێت لە چ جۆر و ستایلێكی گۆرانی وتندا سەركەوتووە لەسەری بڕوات.

* ئێستا چی نوێت هەیە؟
-ئێستا لە قۆناغی كۆكردنەوە و هەڵبژاردنی چەند تێكستێكم كە نزیكەی 10 تێكست دەبێت و بە هیچ شێوەیەك ئاوازم بۆیان دانەناوە، چونكە هەڵبژاردنی گۆرانییەكە خۆی كارێكی ئاسان نییە و تا ئێستا نزیكەی پێنج گۆرانیم هەڵبژاردووە و بە نیازم لە بەرهەمی داهاتووشدا گۆرانی بەشێوەزاری سۆرانی بڵێم.
Top