هەڵسەنگاندنی گوڵان بۆ كارە هونەرییەكانی لەیلا فەریقی
چاوەڕوانی خوێندنی دەنگێكی ئۆپێرالیمان لێدەكرد
هونەرمەند فەرهەنگ غەفور سەبارەت بە كارەكانی هونەرمەند لەیلافەریقی وتی: (لەیلا فەریقی) كە دەتوانم بڵێم ئەو خاتوونە توانیویەتی لە ئەزموونی رەسەنایەتی دەربچێ و هەڵگری پەیامەكانی (مریەم خان) و (ئایشەشان) و (نەسرین شێروان) بێ، هەروەها لە دەریا پان و بەرینەكەی (رەزازی)دا مەلە بكات و وەك ژنە لاوێك هەوڵبدات جوانیەكانی قورگی ئافرەتی كورد بە مرۆڤایەتی بناسێنێ، دەتوانم بڵێم (فەریقی) سەرەتایەكی جوان و پڕ میهرەبانی بوو، هەروەها زەنگێكی رووناك بوو بۆ ئافرەتی كورد كە قۆڵ و قامكەكانی خۆیان هەڵماڵن لە كۆت و كایەی كۆمەڵگەی داخراودا بێنە مەیدانی هونەر و گۆرانی، هەروەها داكۆكیكارێكی بەهێز بن لە رۆڵ و بزاڤی ژنانی كورد، هەر لەو مینبەرەوەش توانی بەردەوامی بە كارەكانی خۆی بدات، حزوری خۆی هەبێ لە زۆرێك لە كۆنسێرت و ئاهەنگ و كلیپ و گۆرانی دەنگ و رەنگ، ئەویش لە چینە دەنگیەكانی ئافرەتان (ئالقو) كە چینە دەنگێكی ئافرەتانە و هەندێ جارانیش لە چینە دەنگیەكانی (پیاوان) یش بە لاسایی كرنەوەی هونەرمەندی گەورەی كورد (تاهیر تۆفیق) بێتە مەیدان، ئەوەشیان رەنگە زیاتر ئەو سەروەریە بۆ خانەوادەی (رەزازی) دەگەڕێتەوە كە هەڵقولاوی باخچەكانی (مشكۆ و سێوە و سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی)یە، توانی بە شێوازێكی جوان كارە هونەریەكان ئەدا و بەرجەستە بكات، بە تایبەتی ئەگەر هەڵەم نەكردبێ یەكەمین كەس بوو بەم ستایلە جوانە لە كوردستانی عێراق، كە مەقامی كوردی بە دەنگی ئافرەتان بڵێتەوە، ئەویش یەكێك لە شاكارەكانی (قەلبی منی) تایەر تۆفیقی نەمر بوو، ئەگەر چی ئەفسوس ئەو دەنگە نەیتوانی وەك دەنگێكی ئۆپێرالی زانستی گەشەی پێبكات، بەڵام وەك ناوێك لە ناوەكانی ئافرەتان مانەوەی هەبوو، من سەیرم بەوە دێت دەنگێكی وەك فەریقی وەك خەرمانێكی لەبن نەهاتووی كەشكۆڵی گۆرانی و موزیكی كوردی، بۆچی دەبێ بەرەو كزی و كوژانەوە بچێ؟ چونكە من پێموایە ئەو هەلەی كە بۆ (لەیلا فەریقی) هاتە پێش، رەنگە بۆ دەنگبێژێكی تری ئافرەتی كورد نەهاتبێتە پێش بەوەی كە لەیلا خان لە دەرەوەی وڵات بوو چاوەڕوانی خوێندنی دەنگێكی ئۆپێرالیمان لێدەكرد، خۆزیا ئێستاش لەیلا خان بتوانی ئەو خەونەمان بێنێتە دی بەوەی كە بتوانێ لە ئاییندەیەكی نزیك ببێتە خودان بڕوانامەی (دەنگی) ئەكادیمی و زانستی و بۆیر لە مەیدانی گۆرانی و ئاوازی كوردیدا، بەتایبەت ئەو دەنگانەی وەك (فەریقی) چاوەڕوانی زۆر لەوە زیاتری لێدەكرێ، دەخوازم لەیلاخان ببێتە هاندەرێكی زانستی گۆرانی و دەنگی بەهرەمەندی ئافرەتان لەوێوە وانە دەنگیە جوانەكانی ئافرەتی كورد بڵێتەوە بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەكی نزیك پێشبڕكێی تواناسازی دەنگەواری گیژان بێ و بەهرە و دەنگی ئافرەتی كورد بە هەموو دنیا بناسێنێ.
خۆزگە لەیلا فەریقی لەسەر ستایلە كۆنەكەی خۆی مابایەوە
بژار دیلانی هونەرمەند لە هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆیدا دەربارەی لەیلا فەریقی دەڵێ «من لەسەرەتای دەست پێكردن بەكاری هونەری كارم لەگەڵی كردووە، لەیلا فەریقی یەكێكە لەو هونەرمەندە سەركەوتووانەی كە بەدەنگی خۆی گۆرانی دەڵێت، ئەمە زۆر گرنگە، بەڵام خۆزگە لەیلا فەریقی لەسەر ستایلە كۆنەكەی خۆی مابایەوە، چونكە ستایلێكی كوردانەی بەكاردەهێنا خۆی دەنگێكی كوردانەی هەیە با میوزیك و ئاوازەكانی پێشكەوتووتر كردبا نەك ئاوازی توركی و عەرەبی بەكارهێنابا. من خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كەدەنگی لەیلا فەریقم زۆر بەلاوە خۆشە.
بەشێك لەكارەكانی موڵكی كوردانەی پێوە دیار بوو
خانمە هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و شارەزا لە گۆرانی شەهێن تاڵەبانی دەربارەی كارەكانی لەیلا فەریقی دەڵێت «لەیلا دەنگێكی زۆر خۆشی هەیە، بەشێك لەكارەكانی زۆر جوان بوون، بەڵام بەشێكی دوور بوو لەستایلی كوردی، حەزم دەكرد وەك سەرەتا چۆن دەستی بەكاری هونەری كرد هەر لەسەر ئەم ستایلە ڕۆیشتبا، چونكە ئەوكات ستایلی كوردیانەی بەكار دەهێنا.
یەكێكە لەو ئافرەتە سەركەوتووانەی توانی خۆی لەقەرەی مەقام بدات
هونەرمەند هەڵبەست سەڵاح شارەزا لەبواری گۆرانی و موزیك دەڵێت «لەیلا یەكێكە لەو هونەرمەندە ئافرەتانەی توانیویەتی لەڕووی ئەداو بوێری گۆرانی وتن ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆی دابنێت و توانیویەتی زۆر بەسەركەوتووانە لەسەر ستایلی خۆی گۆرانی بڵێت بەتایبەت لەسەر شانۆ و ستۆدیۆ زۆر بەجوانی ئەو میلۆدی و ئاوازانە دەڵێت. هەر هونەرمەندێكیش ئازادە بەچ شێوەیەك گۆرانی دەڵێت، بەڵام بە بۆچوونی من ئەو ستایلانەی لەسیاچەمانەو هەروەها زیندوم كەوە كە بورهان موفتی كاری بۆ كرد، ئەمانە یەكێك بوون لە هەرە كارە سەركەوتووەكانی لەیلا. هەروەها ئەو ئافرەتە توانیویەتی زۆر سەركەوتووانە خۆی لەقەرەی مەقام بدات، لەراستی لەكوردستان ئەم جۆرە ئافرەتانە كەمن.
لەیلا توانی بەهۆی ئەلبوومی یەكەم و دووەم ئاستی بەرزی خۆی سەلماند
هونەرمەند بورهان موفتی زادە شارەزا لەبواری ئاوازدانانەوە دەڵێت «هیچ گومانێك لەوەدا نییە لەیلا هونەرمەندێكی بەتوانایە. لەیلا دوو قۆناغی هونەری تێپەڕكردووە، یەكێكی لەسەرەتای دەستپێكردنی كارە هونەرییەكانی بوو كە هاتە ئەوروپا، ئەو كات لە تەلەڤزیۆنە كوردیەكان بەتایبەت لەمیدیا تیڤی ئەوەی سەلماند كە هونەرمەندێكی بەتوانایە. ئەو كارانەی كە لەئەوروپا ئەنجامی دا لەسیدی یەكەم و دووەم ئاستی بەرزی خۆی سەلماند و لەم دوو ئەلبوومە لەقۆناغی دووەم گەڕایەوە كوردستان و ئەلبومی سێیەمی ئەنجامدا زۆر قسە لەسەر ئەلبوومی سێیەمی ناكەم، چونكە خەڵك زۆر قسەی لەسەر كردووە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەدوو بەرهەمی یەكەم و دووەم زیاتر سەركەوتنی بەدەست هێنا، لەبەرهەمی دووەمی حەوت تراك هی من بوو. ئێستاش نازانم بەرنامەی چییە، بەڵام هیوادارم لە كارەكانی سەركەوتوو بێت، ماوەیەكە بێدەنگە نازانم هۆكارەكەی چییە، هیوادارم بەزووترین كات دەست بەكارەكانی خۆی بكاتەوە».
بەم دواییانە تێكستەكانی زیاتر لەقسەی ئاسایی ڕۆژانە دەچێت
تێكستنووس و شاعیر ڕێدار سابیر دەڵێت «بەڕای من یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە توانی لەماوەیەكی كەمدا هونەرێكی جوان پێشكەش بكات، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كەخاوەن دەنگێكی بەرزە، ئەو دەتوانێت لەقوڵایی دەنگیەوە هەستی شاعیرانە دەرببڕێت. بۆیە هەمیشە بەهەڵچوونەوە گۆرانی دەڵێت كە هێوریش دەبێتەوە هەموو هەستەكانی خۆشمان هێور دەكاتەوە، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بەهەڵبوون و دامركانەوە گۆرانی دەڵێت، ئەمەش یەكێكە لەسیفەتە باشەكانی هونەرمەند، چونكە خاوەن دەنگێكی خاو و بێزار كەر نییە، بەڵام هەندێك جار زیاد لەپێویست دەنگی خۆی بەرز دەكاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەڵچوون و داچوونەی دەنگی چێژێكی خۆشمان پێدەبەخشێت، چونكە دەنگی سروشتی خۆیەتی. پێویستە سایكۆلۆژی شاعیری خۆی ئاوێتەی یەكتر بكات، بۆئەوەی جوانتر ئەداكە پێشكەش بكاتن. ماوەیەك تێكستەكانی هەڵیدەبژارد پڕ ماناو بەچێژ بوون، بەڵام بەم دواییانە تێكستەكانی زیاتر لەقسەی ئاسایی ڕۆژانە دەچێت. لەكلیپەكانی نمایشێكی جوان دەكاتن كە تەعبیر لەگۆرانییەكە دەكات و حاڵەتی تێكستەكە نیشان دەدات، بەڵام پێویستە لەكاتی كلیپەكانی ڕای و خۆی شاعیرەكەی لەگەڵ دەرهێنەرەكە یەك بێت بۆئەوەی زیاتر سەركەوتوو بێت، چونكە كلیپ نمایشكردنی دەقە شیعرەكەیە.