نارینا كوردی: زۆر دەركەوتنی هونەرمەند خەڵك بێزار دەكات

نارینا كوردی: زۆر دەركەوتنی هونەرمەند خەڵك بێزار دەكات
نارینا كوردی خەڵكی شاری (وان)ە لە باكووری كوردستان و هەر لە تەمەنێك زوودا گۆرانی گوتووە، ئێستا لە كوردستانی ئازاد نیشتەجێیە و خەریكی خۆ ئامادە كردنە بۆ چەند كارێكی هونەری نوێ، بۆیە بە پێویستمان زانی لە نزیكە بیدوێنین دەربارەی كارە هونەرییەكان و بەرهەمە چاوەڕوان كراوەكانی بۆیە لە پەێوەندییەكدا ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ساز كرد.
* نارینا كوردی ناوی هونەرییە یان ناوی راستەقینەی خۆتە؟
- نەخێر ناوی راستەقینەم ( جان سۆی)ە و نارینا كوردی تەنیا ناوێكی هونەرییە، ئەم ناوەش مامۆستاكەم بۆی هەڵبژاردووم لە سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەریم، ئەم مامۆستایەم خۆیشی هونەرمەند بوو و هەموو ئاواتی ئەوە بوو هونەرمەندان پێ بگەیەنیت و فێری زانستی هونەری و مۆسیقایان بكات .
* بەشێوەی ئەكادیمی لە بواری هونەریدا چیت خوێندووە؟
- بەداخەوە نەمخوێندووە و تا ئێستا هیچ ئامێرێكی مۆسیقیش ناژەنم، هەرچەندە زۆر حەز دەكەم ببم بە ژەنیاری كەمان و ئۆرگ، بەڵام مامۆستاكەم پێم دەڵێ تۆ هێشتا لە سەرەتای تەمەنی هونەریدای و ئەگەر زۆر بە ئۆرگەوە ببەسترێیەوە رەنگە لە دواڕۆژدا ئەوەندە خۆشەویستیت بۆ گۆرانی گوتن نەمینێت و لێی دوور بكەویتەوە.
* زیاتر ئارەزووی گۆرانی گوتنت هەیە یان ژەنیاری و مۆسیقا؟
-هەر كەسێك ئارەزووی تایبەتی خۆی هەیە، خوای گەورە بەهرەی گۆرانی وتن و دەنگخۆشیی بە هەندێك كەس داوە، هەروەها بەهرەی ژەنینی مۆسیقاشی بە هەندێك كەسی تر داوە و هەر كەسێك ئەو كارەی ئارەزووی لێیەتی دەیكات، من خۆم عاشقی هونەری خۆمم، لە هەمان كاتدا دەتوانم خۆم فێرە ژەنینی گیتاریش بكەم بەڵام ئەم كارە بۆ من كاتێكی زۆری پێویستە تا بتوانم زۆر بە باشی فێری ژەنین ببم
* ئەگەر دوای ماوەیەك گیتار بە تەواوی فێر بووی، ئەمە لە گۆرانی گوتن دوورت ناخاتەوە؟
- باوەڕ ناكەم هیچ شتێك هەبێت لە دونیا لە گۆرانی گوتنم دوور بخاتەوە، بەڵام ئاساییە و بگرە زۆر باشتریشە ئەگەر لە یەك كاتدا گۆرانی بڵێم و بتوانم ئامێری گیتاریش بژەنم.
* سیدی تایبەتت هەیە؟
- لە توركیا سیدیەكم بڵاوكردەوە بەناوی (نارین ئەزەلیان) بەداخەوە بێ ئەوەی من لێرە بڵاوی بكەمەوە بڵاوكرایەوە لە رێگای كۆپی كردن، ئەمەش زۆر ناڕەحەت و دڵگرانی كردم بۆیە بڕیارمداوە لەو ماوەیەدا سیدی بڵاو نەكەمەوە، بەڵام لە ماوەی چەند رۆژێكی دیكە گۆرانییەكی نوێم بە شێوەی كلیپ بڵاو دەبێتەوە كە لە هۆنراوەی مامۆستا نیهاد و ئاوازی كاك زانا جەبەلییە وسیناریۆو دەرهێنانی سامان عەدنانە.
* هەڵبژاردنی تۆ لە گۆرانی (ناز مەكە) لەگەڵ هونەرمەند عەزیز وەیسی چۆن بوو؟
- من و كاك عەزیز و سەعید گاباری لە كۆنسێرتێك بووین، دوای تەواو بوونی كۆنسێرتەكە هونەرمەند عزیز وەیسی وتی حەز دەكەم كلیپێكت لەگەڵ ئەنجام بدەم، منیش رازی بووم و كارەكەمان ئەنجامدا و منیش زۆر دڵخۆش بووم و كلیپەكەمان ئەنجامدا و پێموایە زۆریش سەركەوتوو بوو ئەمەش زۆر دڵخۆشی كردم و بووە هۆی زیاتر دەركەوتن و ناسینم لەلایەن ژمارەیەكی زیاتری جەماوەرە و یەكێكە لەو كارە جوان و سەركەوتوانە كە هەمیشە شانازی پێوە دەكەم.
* خۆشترین كات لای تۆ چی بوو لە تۆمار كردنی (ناز مەكە)؟
- بۆ من كاتێك عەزیز بایسكلەكەی لێدەخوڕی یەكێك بوو لە دیمەنە خۆش و سەرنجڕاكێشەكان.
*لەو گۆرانییەدا هیچ گرفتت بۆ دروست نەبوو؟
- نەخێر ناتوانم بڵێم گرفتم بۆ دروستبوو، بەڵام فۆنەتیكی من بۆ شێوەزاری سۆرانی تا رادەیەك من خۆم لێی رازی نەبووم، هەرچەندە ماوەیەك پرۆڤەشمان كرد، بەڵام بە ڕای من ئەمە بە گرفت دانانرێت و شتێكی ئاساییە، چونكە ئێستا ریكلامێكی بازرگانیم ئەنجامداوە ئەویشیان بە شێوەزاری سۆرانییە، بەڵام لەو ریكلامەدا فۆنەتیكی سۆرانیم زۆر باشترە لە گۆرانییەكە.
* ئەگەر بە توانجیش بێت كەس پێی نەگوتی تۆ و عەزیز وەیسی لە زۆر رووەوە لە یەكتری دوورن و چۆن دەبی گۆرانی لەگەڵی بڵێی؟
-بەڵێ لەوانەیە ئەو قسەیان كردبێت، بەڵام سمێڵ و شێوە وجلوبەرگی هونەرمەند عەزیز وەیسی بۆ من هیچ گرفتێك نییە. گرنگ ئەوەیە دوو دەنگ لە یەك گۆرانیدا باش و خۆش بوون و گونجان.
*گۆرانی هونەرمەندانی نەمر و خاوەن ئەزموونت دووبارە نەكردۆتەوە؟
- لە یەكەم سیدیدا هەموو گۆرانییەكان نوێ بوون تەنیا یەكیان هی هونەرمەند (كازۆ) بوو، بەڵام من زۆر حەز لە گۆرانییەكانی هونەرمەندان تەحسین تەها و عایشەشان دەكەم لە تەلەفزیۆن و رادیۆ و كۆنسێرتەكاندا گۆرانییەكانیان دەڵێمەوە و بە نیازم گۆرانی (ئاسۆ)ی هونەرمەند تەحسین تەها بە كلیپ بڵاو بكەمەوە، بێگومان ناتوانم وەك خۆی بیڵێمەوە، بەڵام ئەگەر باشتر نەبێت ئەوا خراپتر نابێت،چونكە كارێكی زۆرم لەسەری كردووە و هەر كارێك بكەم بە جددی دەیكەم بۆ ئەوەی بتوانم مافی خۆی پێبدەم، هەروەها هەوڵ دەدەم سیدییەك لە گۆرانییەكانی هونەرمەندان تەحسین تەها و ئەردەوان زاخۆیی بڵاوبكەمەوە.
* هەموو كاتێكی خۆت بۆ هونەرەكەت تەرخان كردووە؟
- بێگومان هەر كەسێك هونەر بە جددی بكات خۆی ماندوو دەكات منیش یەكێكم لەوانە، هەروەها وەك كچێكی ئاساییش لەگەڵ هاوڕێكانم كاتم بەسەر دەبەم و بەردەوام سەیری دیمانە و چاوپێكەوتنەكانی هونەرمەندان دەكەم بۆ ئەوەی لە هەموو رووەك ئەوەی پێویست بێت لێیان فێر بم.
* حەز دەكەی زۆر لە رۆژنامە و گۆڤار و كەناڵەكان دەركەوی؟
- بە هۆی بڵاوبوونەوەی سیدیەك و زۆر كلیپ من تا رادەیەك لە توركیا ناسراوم، بەڵام من بە دڵ حەز دەكەم ببم بە هونەرمەندێك كوردستانی و هەر لێرە نیشتەجێ بم، چەند جارێك لە TRT6 داوەت كراوم، بەڵام نەچووم. ساڵی پار لە كەناڵی ئورفا میوان بووم هەرچەندە پێشكەشكارەكە بە توركی قسەی لەگەڵ دەكردم من هەر بە كوردی وەڵامم دەدایەوە.
* لەو تەمەنە بچووكەدا كە خەڵك لە بازاڕ بتبینن و بتناسن هەست بەچی دەكەی؟
- بێگومان هەموو هونەرمەندێك حەز دەكات جەماوەرەكەی بیناسێت ئەو كات هەست دەكات كە شتێكی پێشكەش بە میللەتەكەی كردووە و ئەمەش ئەركەكەی من زەحمەتتر دەكات.
*ئەی ئەگەر و داوای وێنەت لێ بكەن؟
- بە راستی ئەگەر كچێك داوای وێنەیەكم لێ بكات زۆر ئاساییە و بە خۆشحاڵییەوە وێنەی لەگەڵ دەگرم، بەڵام بۆ وێنەگرتن لەگەڵ كوڕان تێكدەچم بەتایبەتی كاتێك وێنەیەكم بە تەنیا دەگرن هەرچەندە دەبێ هونەرمەند سنگی فراوان بێت، هەروەها زۆر لە تۆمار كردنی دەنگیش دەترسم، چونكە لەوانەیە كەسانێك هەبن ئەو وێنە و دەنگی هونەرمەند بۆ مەبەستی دیكەی خۆیان بەكار بهێنن و لە رێگای كۆمپیوتەرەوە دەستكاری بكەن و وێنەی رووت یان شتی دیكەن لەسەر دابنێن بەشێوەیەك كە كاریگەری هەبێت لەسەر ناوبانگی هونەرمەند، بۆیە بە دوو دڵییەوە بە مۆبایل قسە دەكەم، ئەمە لە لەخۆبایی بوونەوە نییە، باوەڕ ناكەم هونەرمەندێكی راستەقینە هەبێت لەخۆبایی بێت بە پێچەوانەوە هونەرمەند كەسێكی هەست و دڵ ناسكە، خۆم كە كەسێكی هەژار دەبینم ئەگەر تەنیا پێنج هەزار دینار لە گیرفانم هەبێت پێمخۆشە پێشكەشی بكەم با خۆم برسی بم.
* هیچ كاتێك مافت خوراوە وەك هونەرمەند؟
- دوو جار مافم خوراوە،یەكەمیان كاتێك سیدییەكەم لە توركیا هێنا بۆ كوردستان ویستم خۆم بڵاوی بكەمەوە بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت ئەو خەرجییەی كردوومە بۆم بگەڕێتەوە، كەچی بێ ئەوەی ئاگادار بم كۆپی كرا، دووەمیشیان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كلیپێكم بلاوكردەوە و چەند كۆنسێرتێكیشم ساز كرد، بەتایبەتی كلیپەكە بووە هۆی ئەوەی من نەتوانم بە ئاسانی سەفەری توركیا و ئێران بكەم بۆیە هەست دەكەم لە مەشدا مافم خوراوە.
* گۆرانی (ناز مەكە) سەركەوتوو بوو لەگەڵ عەزیز وەیسی دووبارەی ناكەیتەوە؟
- نەخێر، چونكە پێموایە شتێك ئەگەر زۆر دووبارە ببێتەوە یان خۆم ئەگەر زۆر لە كەناڵەكان دەربكەوم خەڵك لێم بێزار دەبێت، بۆیە دووبارە كردنەوەی ئەم كارە دەبێتە هۆی بێزار بوونی خەڵك.
* ئاواتەكانت چین؟
- من لە منداڵییەوە بە ئاواتەوە بووم ببم بە هونەرمەند و میللەتەكەم بمناسێت، هەروەها لە دڵەوە حەزم دەكرد بێم لە كوردستانی ئازاد گۆرانی بڵێم و نیشتەجێ بم، ئەمانە هەردووكیان هاتوونەتە دی، تەنیا یەك ئاواتم ماوە ئەویش ئەوەیە لە نزیكە بە دیداری سەرۆك بارزانی شاد ببم هیوادارم ئەوەشم بێتە دی.
Top