سلاَح حاجی له‌ سوید فیلمێكى دیكۆمێنتى نمایش كرد

سلاَح حاجی له‌ سوید فیلمێكى دیكۆمێنتى نمایش كرد
دواى ساڵێك ژیان له‌ غوربه‌تى و جێهێشتنى ولاَت، هونه‌رمه‌ندى كورد سلاَح حاجى له‌ سوید و به‌ زمانى سویدی فیلمێكى دیكۆمێنتى به‌رهه‌مهێناو له‌ نمایشه‌كانیدا بووه‌ جێی سه‌رنجى بینه‌ران.

له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا سلاَح حاجى ده‌رهێنه‌ر وتى" دواى ساڵێك ژیانم له‌ سوید فیلمى دیكۆمێنتى قوتابخانه‌م به‌رهه‌مهێنا، كه‌ ئه‌و فیلمه‌ باس له‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر هاوولاَتیه‌ك رووده‌كاته‌ ئه‌و ولاَته‌ ده‌بێ بچێته‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌و بخوێنێ تا فێری زمانى سویدی بێ، ئه‌م فیلمه‌ كه‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانى خۆم ئه‌نجامم داوه‌ یه‌كه‌م نمایشی له‌ په‌یمانگاى زانست و هونه‌ر بوو، دووه‌م نمایشیشی له‌ په‌رتوكخانه‌ى شارى خێرنێ بوو، نمایشی سێیه‌میشی بۆ گروپێكى تایبه‌ت بوو".

سلاَح حاجى وتیشی: ئه‌وه‌ى بۆ من بووه‌ مایه‌ى خۆشحاڵی ئه‌وه‌بوو پێشوازییه‌كى گه‌رمى لێكراو بووه‌ جێگاى ره‌زامه‌ندى بینه‌ران، له‌كاتى گفتوگۆكانیش ده‌رباره‌ى فیلمه‌كه‌ وه‌لاَمى پرسیار و سه‌رنج و راكانم دایه‌وه‌و ئه‌وه‌ى زیاتریش مایه‌ى سه‌رنج و تێرِامان بوو هه‌وڵی من بۆ له‌وه‌ى كارى وێنه‌گرتن و سیناریۆ و ده‌رهێنان و مۆنتاژی كاره‌كه‌ خۆم ئه‌نجامم داوه‌و گه‌رِاومه‌ته‌وه‌ بۆ مێژووى قوتابخانه‌كه‌ به‌ به‌كارهێنانى میوزیكى كوردی".
شایانى باسه‌ سلاَح حاجى وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له‌ كوردستان وه‌ك ده‌رهێنه‌رى ته‌له‌فزیۆنى و شانۆیی چه‌ندین كارى كردووه‌.
Top