شاڵاو:پێناسەی ئافرەت وەك مانای شیعر وایە
ماوەی چەند ساڵە لەدەرەوەی كوردستان ژیان بەسەر دەبات.
یەكەم هۆنراوەی بەناوی (شەپۆلی چاوە شینەكانت) لەساڵی 1989 لە رۆژنامەی هاوكاری بڵاو كردۆتەوە.
لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ گوڵان باس لەو كارانە دەكات كەهونەرمەندەكان كردووبانە بەبەشێك لەبەرهەمە گۆرانییەكانیان، و بەشیرعرەكانی ئەو ناسراون
دیمانە: رۆشنە عومەر
* سەرەتادەتوانین بڵێین یەكەم هۆنراوەت كەی و دەربارەی چی بوو؟
- یەكەم هۆنراوەم كە نووسی پۆلی پێنجەمی ئامادەیی بووم، ئەو كات بە هاوڕێكانم نیشان دا كە لە ئامادەیی لەگەڵمدابوون بەتایبەتی پۆلی شەشەكان باوەڕیان نەدەكرد كە خۆم نووسیومە لەبەر جوانی هۆنراوەكە، بەڵام یەكەم هۆنراوە كە بڵاوم كردەوە لە ساڵی 1989 بوو لە ڕۆژنامەی هاوكاری بە ناوی (شەپۆڵی چاوەشینەكانت) كە ماوەیەكی كەم پاشتر لەلایەن مامۆستا كەمال غەمبار كرا بە عەرەبی لە ڕۆژنامەی (العراق) بڵاوی كردەوە كە بۆ من دەستكەوتێكی زۆر گەوەرەو خۆش بوو. زۆر كەس بەم هۆنراوەیە منیان ناسی.
* شیعرەكانت لە چەند نامیلكەدا كۆكردۆتەوە؟
- تا ئێستا هیچ نامیلكەم چاپ نەكردووە، تەنیا چەند هۆنراوەیەك نەبێ كە لەم لاو ئەولا چاپ كراون، بەڵام ماڵپەڕی خۆم هەیە خەڵك دەتوانن هۆنراوەكان بخوێننەوە و سەرنجیان بنووسن. ئەوەش ناونیشانی ماڵپەڕی منە(www.shallaw.com)
* تاچەند سوودت لەشیعری كلاسیك بینیوە؟
- زۆر سوودم لە شیعری كلاسیك وەرگرتووە، ئەگەر چی وەك دەق یان ڕێك وەرم نەگرتوون، چونكە سەرەتای خوێندنەوەم بۆ هۆنراوە بە هۆنراوەی كلاسیك دەستم پێ كرد، بۆیە پێموایە كاریگەری كلاسیك زۆرە لەسەر هۆنراوەكانم.
* چ جیاوازییەك هەیە لەنێوان زمانی هۆنراوەی گۆرانی و هۆنراوەی ئاسایی؟
- جیاوازییەكی بەرچاو هەیە لە نووسینی هۆنراوەی گۆرانی یان تێكستی گۆرانی لەگەڵ هۆنراوەی ئاسایی، من ناتوانم بڵێم زمانی شەقام، بەڵام دەتوانم بڵێم زمانێكی سادەتر و گشتی. هۆنراوەی گۆرانی پێویستی بە زمانێكی مۆسیقی هەیە و هەستێكی هونەری زیاتری دەوێ و زیاتر وردبینی و ئاسانكاری پێویستە، شاعیر دەبێ زیاتر شارەزایی هەبێت لە فەرهەنگی میللەتەكەی بۆ دۆزینەوەی ئەو وشانەی كە گشت كەس تێی دەگەن و هەستی پێ دەكەن. شاعیر دەبێ شارەزا بێت لە دۆزینەوەی ڕیگەیەكی خێراتر بۆ دڵی خەڵك و ئازارەكانی عاشقان هەموو یەك بخات، واتە كە قسە لەسەر عیشق بكات دەبێ هەموو عاشقان خۆیان بكەن بە خاوەنی ئەو هۆنراوەیە، چونكە شیعری گۆرانی دەبێ بە زمانی هەموو خەڵك بنووسرێ.
* گەر سەیر بكەین ئێستا زۆرێك لەهونەرمەندە ئافرەتەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە گوایە تێكست نووسی ئافرەتمان نییە، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك تێكستنووسی پیاو هەن خۆیان لەجێگەی ژن دادەنێن و هۆنراوە بەسەر پیاو دەنووسن بۆ ئەوەی گۆرانیبێژە ئافرەتەكان بتوانن گۆرانی بەسەر پیاو بڵێن، رات چۆنە بەرامبەر بەمە؟
- من هەرگیز بیرم نەكردۆتەوە شتێكی وا بكەم وەك ئەوەی ئێستا باوەڕم پێی هەیە، باوەڕیش ناكەم شتی وابنووسم، چونكە ئەوكاتە بە ئیحساسەوە نانووسرێ دەبێتە بیزنسێك، ئەندێشەو خەیاڵ هیچ ڕۆڵێكیان نابێت لەم هۆنراوەیە، شاعیریش زۆر جار خۆی بە خاوەنی ئەم شیعرە نازانێ یان بۆت ڕوون دەكاتەوە كە ئەوهۆنراوەی بە داوالێكراو نووسیوە، دەكرێ ژنیش بۆ پیاو بنووسێ یان بە پیاودا هەڵبدا، بەڵام نەك بە جوانی و چاو و برۆی پیاو، بەڵكو بە ئازایەتی و زیرەكی و لاوچاكی مەردایەتیدا.
* تاكو ئێستا چەند هۆنراوەت كراوەتە گۆرانی لەلایەن هونەرمەندەكان؟
- تائێستا لە نێوان سی تا چل هۆنراوەم كراوە بە گۆرانی لەلایەن هونەرمەندانەوە.
* هیچ گلەییت هەیە كە هۆنراوەكانی تۆیان شێواند بێت یاخود ئاوازەكەت بەدڵ نەبێت؟
- تائێستا هیچ گلەییم نەبووە لەوانەی هۆنراوەكانی منیان كردووە بە گۆرانی، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێخۆشحاڵ بوومە.
* بۆچی زۆربەی هۆنراوەكانت لەلایەن هونەرمەند زەكەریا كراوەنەتە گۆرانی؟
- نزیك بوونم لە هونەرمەند زەكەریا بە تایبەتی لە ساڵەكانی 1999 تاكو 2005 ئەوكاتەی زەكەریا لە سوێد بوو زیاتر بە یەكەوە بووین و زیاتر كاری هونەریمان دەكرد، ئەوە لەلایەك. لە لایەكی تر من خۆم زۆر دەنگی زەكەریاو شێوازی گۆرانی وتنەكەی زەكەریام لا خۆش و سەركەوتووە، لەسەرەتاكانی سەرهەڵدانی زەكەریا واتە لە بەرهەمەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم زیاتر شیعرم بۆ هونەرمەند زەكەریا دەنووسی یان بڵێین زیاتر زەكەریا ئاوازی خۆش و جوانی بۆ هۆنراوەكانم دادەنا.
*زەكەریا لەبەرهەمی ئەم جارەی، بۆچی تێكستەكانی تۆی نەكرد بەگۆرانی؟ بەنیاز نیت لەبەرهەمی داهاتووی تێكستەكانی خۆتی پێبدەی *بۆئەوەی بیان كات بەگۆرانی؟
- دووری من لە زەكەریا و نەبوونی كاتی تەواوم بۆ نووسینی هۆنراوەو یارمەتیدانی، وایكرد نەتوانم بەشداری دوا بەرهەمی زەكەریا بكەم، ئەگەر چی سێ چوار هۆنراوەی منی كردبوو بە گۆرانی، بەڵام لەكاتی دیاریكراودا من نەمتوانی هۆنراوەكان تەواو بكەم و هۆنراوەكانم بە نیوە نیوە نووسیبوو، لە بەرنامەمدا هەیە كە لە بەرهەمی ئاییندەی بتوانم بە شێوەیەكی باش هەندێك لە گۆرانیەكان لە هۆنراوەی من بێت.
* پێوەندیت چۆنە لەگەڵ هونەرمەندان؟
- پێوەندیم زۆر باشە لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی لە دەرەوەی وڵاتن. هەر جارێكیش كە دەگەڕێمەوە كوردستان سەردانیان دەكەم و پێم خۆشە بیانبینم، مەبەستم ئەوانەیە كە لە كوردستانن.
- چ یادگاریەكت هەیە لەگەڵ هونەرمەندەكان كە لات خۆشبێت؟
زۆر یادگاریم هەیە كە لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان و بیریان لێ دەكەمەوە، بەتایبەتی لەگەڵ هونەرمەند زەكەریا زۆر یادگاری خۆش و لە بیرنەكراومان هەیە كە زۆر جار بەسەرماندا دەهات لە كاتێك كە لە زۆربەی شارەكانی سوێد خەریكی كاری هونەری بووین..
* یەكەم ترپەی عیشق لەدڵت كەی لێیدا؟
- زۆر زوو.
* ئافرەت لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
- ئەوپرسیارەیە كە زۆر كەس نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، ئەوتێگەیشتنەیە كە هەركەس بە جۆرێك تێی دەگا..لای من پێناسەی ئافرەت وەك پێناسەی شیعر وایە، كە مرۆڤ توانی پێناسەی شیعر بكات دەتوانێ پێناسەی ئافرەتیش بكات، بەڵام من پێموایە ئافرەت كەناری دەریای ئارامییە.
* تاراوگە چی پێبەخشیوی و چی لێسەندووی؟
- تاراوگە ئەگەر بۆ زۆر كەسان مایەی خۆشی بووبێت، بۆ من تەنیا خەم و پەژارەو دووری پێ بەخشیووم و فرمێسكی پێ ڕژیوم، خۆشەویستی كوردستان و دایكمی لێ سەندووم واتە دووری خستوومەتەوە لە هەموو شتە جوانەكانی كە لەناو دڵمدان و وەك نەقشی سەر بەرد هەڵكەندراون، تاراوگە كۆمەڵێك نەخۆشی پێ بەخشیوم و كۆمەڵێك خۆشی لێ سەندوومەتەوە..
پرۆفایل
- ڕەشید عەلی لەساڵی 1965لەگوندی سەربەشاخ سەر بەناوچەی كەندێناوەلە دایكبووە.
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو كردووە بۆ ماوەی دوو ساڵ كۆلێژی یاسای لە هەولێر خوێندووە.
- لەساڵی 1997چۆتە دەرەوەی كوردستان و ئێستا لە وڵاتی سوید نێشتەجێیە. مامۆستایە لەیەكێك لە قوتابخانەكانی وڵاتی سوید.