له‌سلێمانی قوتابیان نمایشێكی سه‌ما و شیعریان پێشكه‌ش كرد

له‌سلێمانی قوتابیان نمایشێكی سه‌ما و شیعریان پێشكه‌ش كرد
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی فیستیڤاڵی هونه‌ری ساڵانه‌ی قوتابخانه‌كانی شاری سلێمانی، نمایشێكی سه‌ما و هه‌ڵپه‌رِكێ و شیعری له‌ قوتابخانه‌ی بناری كچان له‌ سلێمانی به‌رِێوه‌چوو.
ئه‌مرِۆ پێنجشه‌ممه‌ (14 نیسان/ئه‌پرێل 2011) به‌ئاماده‌بوونی به‌رِێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، به‌رِێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان و قوتابیانی ئاماده‌ی "بناری" كچان، فیستیڤاڵی ساڵانه‌ی خۆی سازكرد، تیایدا چه‌ندین نمایشی هه‌ڵپه‌رِكێی و چالاكی دیده‌وانی و شیعر خوێندنه‌وه‌و نمایشی كاری ده‌ستی خرانه‌ روو.

بلكیان عه‌بدولرِه‌حمان له‌لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ئاژانسی په‌یامنێر گوتی "له‌ فیستیڤاڵی ئه‌مساڵی قوتابخانه‌كان جیاواز له‌ساڵی رابردوو، ئێمه‌ له‌ قوتابخانه‌كه‌مان بایه‌خێكی زیاترمان به‌م چالاكییه‌ داوه‌، چونكه‌ ئه‌مساڵ چه‌ندین نمایشی هه‌ڵپه‌رِكێمان ئاماده‌كردووه‌ به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانمان، چه‌ندین كاری ده‌ست و پۆسته‌ شیعرمان خستبووه‌ روو".

گوتیشی "ئێمه‌ هه‌موو ساڵێك ئه‌م چالاكییه‌ هونه‌رییه‌ بۆ قوتابیه‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین، چونكه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیه‌كان بتوانن چه‌ند ساتێكی خۆشی له‌گه‌ڵ خۆیان و هاورِێكیان له‌ناو قوتابخانه‌كه‌ماندا به‌سه‌ر به‌رن".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد "له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ له‌ناو قوتابخانه‌كه‌ی خۆماندایه‌ زۆر جیاوازتره‌ له‌ساڵانی رابردوو توانیمان به‌باشی خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین، ته‌واوی تێچووی ئه‌م ئه‌م چالاكییه‌ش له‌سه‌ر داهاتی فرۆشگه‌ی قوتابخانه‌كه‌مان بووه‌".

ئارێز كه‌مال یه‌كێك له‌قوتابیانی قوتابخانه‌ی بناری كچان، له‌لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ئاژانسی په‌یامنێر گوتی "چه‌نده‌ گرنگه‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا بایه‌خ بدرێت به‌ وانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه‌ بایه‌خ بدرێت به‌چالاكی هونه‌ری و رۆشنبیری چونكه‌ ئه‌مه‌ نوێبونه‌وه‌یه‌كی قوتابیه‌ كه‌ له‌ناو قوتابخانه‌كه‌یدا ده‌یبینێته‌وه‌".

گوتیشی "ئه‌م جۆره‌ چالاكیانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قوتابیان ده‌توانن هه‌موویان وه‌كو بینه‌ر تێیدا به‌شدار بن، له‌هه‌مان كاتدا ده‌رخستنی به‌هره‌ی ئه‌و قوتابیانه‌یه‌ كه‌ به‌هره‌ی شیعر و شانۆ و هه‌ڵپه‌رِكێ و كاری ده‌ستیان هه‌یه‌، ده‌توانن له‌م جۆره‌ چالاكیانه‌ بیخه‌نه‌ روو".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد "قوتابخانه‌كه‌مان ساڵانه‌ ئه‌م جۆره‌ چالاكییه‌ هونه‌ریه‌ ئه‌نجام ده‌دات، بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌كو قوتابیان زۆر سوپاسی قوتابخانه‌كه‌ی خۆمان و په‌روه‌رده‌ی شاری سلێمانی ده‌كه‌ین".
Top