نازدار: ئەگەر شوو بكەم بە ئاشكرا رایدەگەیەنم
بۆ بەدواداچوونی ئەم هەواڵە و دڵنیا بوون لە راستی و دروستی مەسەلەكە راستەوخۆ پێوەندیمان بە خاتوو (نازدار)ەوە كرد، بەڵام نازدار ئەم هەواڵەی بە نادروست لە قەڵەمدا و رەتیكردەوە و بێزاری و دڵتەنگی خۆی بەم جۆرە قسانە دەربڕی و وتی: من لەو كەسانە نیم كە بە نهێنی كار بكەم، وەك هەر مرۆڤێكیش ئاساییە ئەگەر ژیانی هاوسەری پێك بهێنم و كەسێك هەڵبژێرم ئەوا بە ئاشكرا لە میدیاكان رایدەگەیەنم و نایشارمەوە، بەڵام ئەم هەواڵە زۆر دوورە لە راستی و نازانم هۆكاری چییە ماوەیەكە هەواڵی لەم جۆرە دەربارەی من بڵاودەكرێتەوە و زۆریش دڵگران دەبم بەم جۆرە هەواڵانە جا دەربارەی من بێت یان هەر هونەرمەندێكی دیكە ئەگەر راست نەبن.
نازدار هەروەها ئەوەشی راگەیاند ئێستا بیر لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەری ناكەمەوە و دەمەوێ زیاتر بە هونەرەوە سەرقاڵ بم، بۆ زانیاری ئێوەش ئێستا خەریكی خۆ ئامادەكردنم بۆ بەرهەمی داهاتووم و لە قۆناغی هەڵبژاردنی تێكست و ئاوازم بۆ بەرهەمە نوێیەكەم و هیوادارم بە دڵی جەماوەر بێت. لە لایەكی دیكەوە نازدار رایگەیاند كەوا ریكلامێكی تۆمار كردووە بۆ كۆمپانیای (زین)بۆ گەیاندن و ریكلامەكە لە وڵاتی لوبنان تۆمار كراوە لەگەڵ هونەرمەندێكی ناوداری عێراقی و بڕیار وایە بەم نزیكانە ریكلامەكە بڵاو بكرێتەوە و لە ماوەیەكی نزیكدا وردكاری زیاتر دەربارەی ئەم بابەتە و ناوی هونەرمەندەكە بڵاودەكرێتەوە.