مەریام فارس بۆ گوڵان: ژیان كورتە و پێویست ناكات ئازاری یەكتر بدەین

مەریام فارس بۆ گوڵان: ژیان كورتە و پێویست ناكات ئازاری یەكتر بدەین
رۆژی 21/3/2011 كچە گۆرانیبێژی لوبنانی مەریام فارس سەردانی شاری بەغدای كرد و بەو بۆنەیەوەش بۆ یەكەمجار ئاهەنگێكی ساز كرد، هاوكارمان عومەر هادی كە لە هەمان كاتدا رێكخەری كارەكانی مەریامە لە عێراق ئەم دیمانەیەی لەگەڵیدا ساز كرد.


* سەرەتا با لەو سەردانەوە دەست پێبكەین؟
-زۆر سوپاستان دەكەم، دەمێكە خەونم بەوەوە دەبینی سەردانی عێراق بكەم، ئەو وڵاتەی كە چەندین هونەرمەندی گەورەی تێدا هەڵكەوتووە و زۆر دڵخۆش بووم بەو ئاهەنگە.

* بۆچی پێت سەیر بوو كە باسی بارودۆخی عێراقم بۆ كردی؟
- ئەوەی تۆ دەیڵێی راستە، بەڵام كەناڵەكانی راگەیاندن باس لە ئارامی ناكەن، بەڵكو تەنیا باس لە نا ئارامی دەكەن، بەداخەوە عێراقیش بووەتە باسی سەر زاری دەزگاكانی راگەیاندن، من زۆر دڵخۆشم بەوەی بینیم و بە دڵنیاییەوە ئەوەی بینیم وەك خۆی دەیگوازمەوە.

* ئاهەنگەكە چۆن بوو؟
- هەمیشە چاوم بە جالیەی عێراقی دەكەوێ، بەڕاستی كاتێكی خۆشم بەسەر برد.

* بۆچی گۆرانییەكانی كازم ساهیر و نازم غەزالیت وتەوە؟
- من زۆر سەرسامم بەم دوو هونەرمەندە مەزنە، نازم غەزالی خاوەنی چەندین گۆرانییە كە تا ئێستاش زیندوون، بۆیەش گۆرانییەكی ئەوم وتەوە تاكو دڵی جەماوەر خۆش بكەم و زیاتر سەرنجیان رابكێشم، سەبارەت بە قەیسەر كازم ساهیریش ئەو گۆرانییەم هەڵبژاردبوو كە هەموو جەماوەر خۆشی دەوێت و بە چۆپی ناسراوە لە عێراق.

* گۆرانی (ارتاح) عێراقییە مەریام چۆن وتوویەتی؟
- بە پێكەنینەوە ئایا پێت وابوو سەركەوتوو بووم لە شێوەزاری عێراقی؟ ئەم گۆرانییە پێشتر وتوومە و هەمیشە لە ئاهەنگەكاندا دەیڵێمەوە یەكێكە لە گۆرانییە خۆشەكانم، ئاواز و شیعرەكەی هی یوسف عومانییە.

* ئایا دەبێتە یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەت؟
- بێگومان لەبەر ئەوەی جەماوەر زۆری پێخۆشە ناچارم بیكەم بە یەكێك لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەم.

*كەی ئەلبوومەكەت تەواو دەبێت؟
- پەنا بە خوا بەم نزیكانە تەواو دەبێت و ئێستا لە قۆناغە كۆتاییەكانی ئەم ئەلبوومەم و چەندین شاعیر و ئاوازدانەری بەناوبانگ بەشدارییان تێیدا كردووە.

* چۆن فێری ئەم سەما عێراقییە بووی؟
- بەڵێ لە فەوازیردا زۆر مەشقم كرد بەتایبەتی لەسەر گۆرانی (ارتاح) لەگەڵ سەماكاری عێراقی (ملایین) كە لە لەندەن چاوم پێیكەوت و لەوێ داوام لێیكرد فێری سەمای عێراقیم بكات بۆ فەوازیر، بۆیە كاتێك ئەم سەمایەی لەبەردەم خەڵكی عێراقدا دەكرد هەستم بە خۆشییەكی زۆر كرد.

* سەمای عێراقیت بە دڵ بوو؟
- بێگومان، چونكە جیاوازە لەگەڵ هەموو جۆرە سەماكانی دیكە و جووڵەی وای تێدایە كە لە سەمای دیكەدا نییە و پێشتر لە هیچ شوێنێكی جیهان نەمبینیوە.

* رات چییە بەرامبەر بە ماسی عێراقی كە ئەمڕۆ خواردت؟
-ئەوەی راستی بێت ئەمە یەكەم جارە كە ماسی (مسگوف) بخۆم زۆر سەرسامم بەشێوازی ئامادە كردن و برژاندنی، چونكە جیاوازە لەگەڵ ماسی دیكە لەبەر ئەوەی ماسی رووبارە كەچی ئێمە تەنیا ماسی دەریایی دەخۆین.

* رات چییە بەرامبەر بە یانەی (صید)؟ - پرۆژەیەكی زۆر سەركەوتووە و ئەو كەسانەی لەوێش بوون كەسانی رۆشنبیر بوون، هیوادارم لە هەموو وڵاتان ئەم جۆرە پرۆژانە هەبێت و زۆر سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە بەشدارییان كردووە لە سەركەوتنی ئەم ئاهەنگە و پێش هەمووان جەنابتان كە هەموو كاتی خۆت بۆ ئێمە تەرخان كرد.

* ئایا سەردانی كوردستان دەكەی؟
-هیوادارم لە نزیكەوە گەلی كورد ببینم، چونكە گەلێكی هونەر دۆست و خاوەن مێژووكی دیارە، زۆر سەرسامم بە دەنگی هونەرمەندەكانیان، ئەگەر پرۆژەی ئاهەنگێكیش هەبێت، ئەوا لە رێگەی جەنابتانەوە بێت و هیوادارم لە كاتێكی نزیكدا ئەم ئاهەنگەم بۆ رێك بخەی.

*بەر لە چەند رۆژێك تەندروستی دایكی بەڕێزتان تێكچووبوو تۆش هاتی بۆ عێراق ئێستا تەندروستی چۆنە؟
- راستە خوا تەمەنی درێژ بكا، دایكم بەر لە ماوەیەك دووچاری رووداوێكی هاتووچۆ بۆوە و چەند شوێنێكی لەشی شكا و من خوشكم ترسێكی زۆرمان هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی لە باش بوونی تەندروستی دڵنیا بووین هاتین بۆ عێراق، هەموو لایەك دەزانن كە من و زۆر بەستراوم بە دایكمەوە و لەم سەردانەش كە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی دایك گۆرانیم بۆی وت، هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو پیاوەكان دەكەم گرنگی بە هاوسەرەكانیان بدەن و لە توندوتیژی و رق و كینە دووربكەونەوە، خۆشەویستی جوانی بە ژیان دەبەخشێت، چونكە ژیان كورتە و پێویست ناكات ئازاری یەكتر بدەین.

* ئایا ئەمە پەیامێكە بۆ پیاوان؟
- بەڵێ دەتوانم بڵێم ئەمە پەیامێكی ئاشكرایە بۆ پیاوان.

-بۆ بینینی وێنەكانی میریام فارسلێرە كلیك بكە
Top