هەڵسەنگاندنی گۆڤاری گوڵان بۆ ئیبراهیم حەكیم

هەڵسەنگاندنی گۆڤاری گوڵان بۆ ئیبراهیم حەكیم
لەم ژمارەیە بە پێویستمان زانی هەڵسەنگاندنێك بۆ كارە هونەرییەكانی هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و بە توانا (ئیبراهیم حەكیم) بكەین، هەرچەندە رەنگە نەتوانین بەم هەڵسەنگاندنە حەقی خۆی پێ بدەین، بەڵام چەند كەسێكی شارەزا لەو بوارە بە ئازادی باس لە هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم بكەن و راو سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان بخەنە روو.

ئەو هونەرمەندەی حەقی خۆی نەدراوەتێ
هونەرمەند ئەحمەد سالار دەڵێت «هونەرمەند (ئیبراهیم حەكیم) ئەو ناوە درەوشاوەیەی هونەری گەلەكەمانە، كەتا ئەمڕۆ نە ئەو هەل و دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە كە بەتەواوی خزمەتی بەهرە و توانا گەورەكەی بكرێ و نە وەك پێویست كاری بۆ كرابێ. لەحەفتاكانەوە دەیناسم و منیش یەكێكم لەو هەزارەها كەسەی كە بەدڵ خۆشیان دەوێ و ئاشنایە بە گیانیان. هونەرمەندێكی ئێسك سووك و بە ڕەوشت دەوڵەمەندە، سەلماندوویەتی كە ئەو دەتوانێ چاپووكانە لەهەردوو رووەكەی هونەری نواندندا واتە تراژیدیا و كۆمیدیا، هونەری باڵای بنوێنێ و هەر دەورێكی نواندبێ كورد وتەنی لێوان لێو و پڕ بەپێستی بووە، بەكورتترین ڕێگە و كەمترین ماوە پردێكی توند و تۆڵی لە نێوان خۆی و وەرگر دروستكردووە. چەپكە بەهرەیەكی گوڵ ئاسا لەگوڵدانی بوونی نەخشاوە و بەدرێژایی تەمەنە هونەریەكەی كە چل ساڵ پترە كەمتەرخەمی و خەم ساردی نەكردووە. دەبێ ئەوەش بڵێین كەیەكێك لەدەسكە گوڵەكانی ئەم هونەرمەندە بۆ هونەری گەلەكەی گۆش كردنی كاكە كارۆخی كوڕیەتی، كە سەرتۆپی بەهرە گەنجەكانی كوردە، دەك دەست خۆش.

ئیبراهیم حەكیم كەسێكی روح سووك ئێسك سووكە لەكاتی كاركردنی
هونەرمەند ناسر حەسەن دەڵێت «ئیبراهیم حەكیم هونەرمەندێكە دەمێكە لەبواری شانۆ و تەلەفزیۆن و كورتە فیلم و دراما بەشداری دەكات. ئیبراهیم حەكیم كەسێكە زۆر پابەندە بەكات لەكاتی ئامادەبوونی دەرهێنانی فیلم بێت یاخود دراما یان شانۆ، بەڕاستی ئەمەش زۆر گرنگە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەرهێنەر و ستاف زۆر باشە، كەسێكی ئێسك سووكە زۆرجار لەكاتی كاركردن دەبینی كێشەیەك هەیە جەوەكە ناخۆشە ئیبراهیم بەدوو قسەی خۆش جەوەكە دەگۆڕێت. كاتێك درامای مەمی ئالانمان تۆمار كرد ئیبراهیم حەكیم بەڕێوەبەری بەرهەم بوو. ئالان درامایەكی زۆر گەورە بوو كۆنترۆڵی ئاسان نەبوو بەڕاستی من دوای بینینم بۆ مەمی ئالان كە پێشكەش كرا وتم ئیبراهیم چۆن توانیت بەرگەی ئەم ئیشە بگری و كۆنترۆڵی بكەی. بێجگە لەوە ئیبراهیم یەكێكە لەئەكتەرە سەركەوتووە كۆمیدییەكانی كوردستان.

یەكێكە لەو هونەرمەندە سەركەوتووانەی بواری كۆمیدیا
هونەرمەند بەكر مەعروف وتی «هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم ساڵانێكی زۆرە خەریكی شانۆ و تەلەفزیۆن و درامای كوردیە. ئەو هونەرمەندە هەر لەسەرەتای ژیانییەوە ڕێڕەوی شانۆی كۆمیدی گرتۆتە بەر، یەكێكە لە هەرە هونەرمەندە سەركەوتووەكانی هونەری شانۆی كۆمیدی. من وەكو هونەرمەندێكی نزیك لەئیبراهیم حەكیم لە پاڵ ئەوەی كە ئەو هونەرمەندە كەسێكی تێكۆشەر و چەندین ساڵ پێشمەرگەبووە، ئیبراهیم حەكیم كاتێك بەشداری لەكارێكی هونەری دەكات دەقەكە جوان دەخوێنێتەوە لەگەڵ هەموو دەرهێنەرێكیش كار ناكات. بۆیە دەڵێم یەكێكە لەهونەرمەندە سەركەوتووەكان، چونكە دەزانێت چ كارێك باشە چ كارێك خراپە.

ئیبراهیم حەكیم بە سروشتی خۆی كەسێكی كۆمیدیە
هونەرمەند سەلام كۆیی سەبارەت بەكارەكانی ئیبراهیم حەكیم دەڵێت «ئەگەر باس لەكۆمیدیا بكەی چەند كەسانێك دەستنیشان دەكرێن چ لە ئێستا چ لەكۆندا، بەڵام ئەوەی كە كۆمیدیایەكی ڕەش پێشكەش دەكات و شێوەی دەگونجێت خەڵك بێزار نەبێت لێی، چونكە دروستكەر نییە كە سادە و ساكاری ئەنجامی دەدات ئەویش ئیبراهیم حەكیمە. ئەگەر سەیری شێوەو جەستەی ئەو هونەرمەندە بكەی ئەوا دەزانی ئەو هونەرمەندە كۆمیدیە. زۆر جار رۆڵی تراژیدیای دراوەتێ وتوومە ئەم رۆڵەی پێمەدەن، چونكە ئەگەر لە لوتكەی تراژیدیا دابیت خەڵك پێدەكەنێت، بەڵام ئیبراهیم حەكیم شێوەكەی كۆمیدیە ئەگەر لەبازاڕ كەسێك قسەی لەگەڵ بكات خەڵك پێدەكەنێت، تایبەتیمەندییەكی هەیە وەكو خەڵكانی دیكە نییە بڵێت ئەگەر زەحمەت نەبێ قدیلانێم ناكەیەوە بۆ ئەوەی پێبكەنم. كۆمیدیا تاڵە مووەكە، بەڵام تا ئێستا ئیبراهیم حەكیم لەو تاڵە مووە لای نەداوە سەركەوتوو بووە لەكارەكانیدا.

ئیبراهیم حەكیم پاشای هونەری كۆمیدیە
هونەرمەند خەلیل یابە دەڵێت «ئیبراهیم حەكیم هەر لەسەرەتای دەست پێكردنی بەكاری هونەری دیار بوو ئەو بەهرەیەكی هونەری هەیە جیا لەخەڵكی دیكە زیاتر ئەو بەرەو كۆمیدیا دەڕویشت. هەموو كەسێكیش لەكاری كۆمیدیا ناوەشێتەوە. تەنانەت ئەگەر دەورێكی تراژیدیشی پێبدرێت ئەو لە قسە و هەڵسوكەوتی بەدیار دەكەوێت كە هونەرمەندێكی كۆمیدیە. لەكاتی خۆی تەندروستی باش نەبوو نووسراوێكم نووسی كە ئیبراهیم حەكیم پاشای هونەری كۆمیدیە. كۆمیدیاكەشی گاڵتەجارییە بەبێ ئەوەی لەكاتی نواندنی خۆی تێك بدات. راستە هەندێك جار لەدەقەكەی دەچێتە دەرەوە، بەڵام ئەوا هەموو هونەرمەندە كۆمیدیەكانی جیهان وان، ئەمەش نابێتە عەیب بەتایبەتی لە وڵاتی ئێمە، چونكە هیچ سانسۆرێك نییە. هەموو خەڵك حەز دەكات كارەكانی ببینێت.

توانیویەتی پردێك دروست بكات لەنێوان بینەری هونەری كۆمیدیا
هونەرمەند ماهیر حەسەن لەبارەی كارەكانی هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم وتی «ئیبراهیم حەكیم كەسێكی ئازیزە لەنێو هونەری شانۆ و تەلەفزیۆندا. ئەو شێوازەی كە ئیبراهیم حەكیم دەردەكەوێت لەكاری هونەری كە بە شێوەیەكی كۆمیدی دەردەكەوێت یەكێكە لەو هونەرمەندە بەتوانایانەی شاری هەولێر كە لە بواری كۆمیدیا كار دەكات. كاری كۆمیدیا كارێكی قورسە كەم كەس دەتوانێت خۆی لەقەرەی بدات، بەڵام ئیبراهیم حەكیم توانیویەتی جێگەی خۆی بكاتەوە لەو بوارە. ئەو كەسایەتیانەی ڕۆڵی بینیوە توانیویەتی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە ڕۆڵەكان ببینێت و شێوەی سروشتی خۆی زۆر هاندەر بووە بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لەكارەكانی، هەروەها توانیویەتی پردێكی باش دروست بكات لەنێوان هونەر و بینەردا.
Top