گولا كوردی حەز لە دەنگی محەمەد شێخۆ دەكات

گولا كوردی حەز لە دەنگی محەمەد شێخۆ دەكات
گولا كوردی یەكێكە لە كچە گۆرانیبێژەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كە توانیویەتی شوێنی خۆی لە دڵی جەماوەرەكەی بكاتەوە، بۆیە لە زۆربەی ئاهەنگەكانی ئەو ناوچەیە بەشداری دەكات.

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (وەڵاتێ مە) گولا كوردی دەڵێ: من زۆر ڕازیم لەو ئاهەنگانەی كە پێشكەشی دەكەم، هەرچەندە لەڕووی ماددییەوە داهاتەكەیان دیاریكراوە، بەڵام لەڕووی هونەری و مەعنەوییەوە داهاتەكەی زۆربووە و لە هەموویشیان زیاتر ئەوەیە كە جەماوەر لە نزیكەوە دەمناسێت، ئەمەش بۆ من گەورەترین سەرمایەیە. دەربارەی هۆكارەكانی دواكەوتنی بەرهەمەكەشی دەڵێت: یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوەیە كە بەرهەمێكی تایبەت بەخۆم هەبێت و تا ئێستا چەندین كەس ئاواز و شیعریان پێشكەش كردووم، بەڵام تۆماركردنی بەرهەمێك پێویستی بە داهاتێكی ماددی زۆر هەیە كە من ناتوانم لە ئێستادا دابینی بكەم، گولا كوردی هەروەها دەڵێت: من یەكێكم لە شەیدایانی دەنگی هونەرمەندی نەمر محەمەد شێخۆ و زۆریش كاریگەرم بە گۆرانییەكانی، لە هونەرمەندە نوێیەكانیش زۆر حەز لە دەنگی خانمە هونەرمەند چۆپی فەتاح دەكەم.
Top