هونەرمەندی لاو حەسەن غەفور كە لە نزیكەوە ئاگاداری دوایین بەرهەمی چاوەڕوانكراوی هونەرمەند زیاد ئەسعەدە دەربارەی هۆكارەكانی دواكەوتنی ئەم بەرهەمە دەڵێ: بەرهەمە چاوەڕوانكراوەكەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد دوای چەندین ساڵ لە بێدەنگی و نەبوونی بەرهەمی هونەری دێت و ماندوبوونێكی زۆری پێوە بینیوە لە هەموو لایەكەوە بۆیە ئێمە بە دوای سپۆنسەرێكدا دەگەڕێین كە بەشێوەیەك بڵاوی بكاتەوە شایەنی بەرهەمەكە بێت، چونكە زیاد ئەسعەد هونەرمەندێكی جەماوەرییە و چەندین ساڵە بۆ خزمەتی هونەری كوردی كار دەكات و لەو ئەلبوومە نوێیە چاوەڕوانكراوەیدا شێوازێكی نوێی پەیڕەو كردووە لەڕووی شیعر و هەست و ڕاگەیاندنی ئەو تێكستانەی لە گۆرانییەكانیدا دەیەوێ ڕایبگەیەنێت، بە قسەی زیاد خۆی ئەم تێكستانە شێوازێكی تازەی لەخۆ گرتووە، بەگشتی بۆچوونێكی تازەی هەیە لەسەر تێكست و شێوازی ئاواز دانان و ئەو ئاوازە نوێیانەی پێویستە بێتە نێو هونەری كوردییەوە، هەرچەندە ڕەچاوی ئەوەی كردووە لەو چوارچێوەیە دەرنەچێت كە ئێمەی كورد چۆن وەریدەگرین و گوێی لێدەگرین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانییەكان نوێكاری زۆری تێدایە.
بەشێوەیەكی گشتی دەڵێم زیاد ئەسعەد بە هەر شێواز و ستایلێك گۆرانی بڵێ، هەستی ئەدا و نواندنی گۆرانییەكە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد ئەسعەد، لەوانەیە هەندێك گۆڕانكاری هەبێت لە دەستپێكردنی گۆرانییەكە، بەڵام مۆركی زیاد ئەسعەدی پێوە دیارە بە شێوەیەكی ئاشكرا.