شەیدا: دلبەر بە گۆرانی (تو نزانی) دەركەوت و ناسرا
شەیدا نیشتەجێی شاری حەلەبە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیە كە ئەم هونەرمەندە خاوەن توانایەكی هونەری زۆرە، چونكە سەركەوتن و پێشكەشكردنی بەرهەمی هونەری لە ڕۆژئاوای كوردستان كارێكی زەحمەتە لە زۆر لاوە، بۆیە لە پێوەندییەكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
*گۆرانی (تو نزانی) كە لەگەڵ هونەرمەند دولبەر وتووتە یەكێكە لە گۆرانییە هەرە سەركەوتووەكان، پێتوایە هۆكاری سەركەوتنی ئەم گۆرانییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- لەبەر ئەوەی شیعر و ئاوازەكەی زۆر خۆش بوون و بە ئاسانی لەلایەن جەماوەر تەقەبول دەكرا و دەچوو بە دڵییەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم شیعر و ئاوازی ئەو گۆرانییە بەو جۆرە بوو كە هەموو تاكێك حەز بكات و گوێی لێ بگرێت، هەرچەندە سەرەڕای ئەوەی ئاسانە، بەڵام لە هەمان كاتدا زەحمەتە، ئەو گۆرانییە لە هەموو بوارێكدا مەرجەكانی هونەری سەركەوتووی و ئەو گۆرانیانەی تێدایە كە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بمێنێتەوە كە بریتین لە ئاواز و شیعر و دەنگی خۆش و هەرسێكیان تەواوكەری یەكترن، بەڵام ئایا سەركەوتوو بوو یان نا ئەمەیان بۆ جەماوەر دەگەڕێتەوە.
* چۆن (دلبەر)ت هەڵبژارد بۆ ئەوەی بەشداری بكات لەم گۆرانییە؟
- من حەزم دەكرد كەسێك لەو گۆرانییەدا لەگەڵم بەشدار بێت كە موزیكی خوێندبێ بەشێوەیەكی ئەكادیمی و شارەزای گۆرانی و موزیكی و مەقامات و چۆنیەتی ئەدا كردنی هەبێت بە هەستێك كە لەگەڵ ئاواز و شیعرەكەدا بگونجێت بەجۆرێك كە چێژێكی تایبەت بە گۆرانییەكە ببەخشێت، دلبەریش لە زانكۆ موزیكی خوێندووە، دەمویست دەنگێك بێت كە لەلایەن جەماوەرەوە مایەی گوێگرتن بێت، هەروەها دەنگێكی نوێ بێت كە خاوەن ستایلێكی تایبەت بێت لە هەمان كاتدا نوێ بێت، نەك كەسێك بێت كە تەنیا هەوڵ بدات گۆرانییەكە بڵێت، ئەمە لەلایەك لەلایەكی دیكەوە لە بواری خێزانیشەوە تێكەڵاوییەكمان هەیە و باوكی دلبەر یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانم، هەروەها زۆربەی ئەندامانی خێزانی دلبەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی موزیكیان خوێندووە و شارەزاییەكی باشیان هەیە، سوپاس بۆ خوا كارێكمان ئەنجامدا و زۆریش سەركەوتوو بوو و هیوادارم دلبەر بەردەوام و سەركەوتوو بێت.
* جگە لەم گۆرانییە دلبەر پێشتر هیچ كاری دیكەی هەبووە؟
- نەخێر ئەمە كاری یەكەمی بوو، من حەزم نەدەكرد هونەرمەندێك بهێنم كە ناسراو بێت و خەڵك بیناسێت، بەڵكو حەزم دەكرد گۆرانیبێژێكی نوێ پێشكەش بە جەماوەر بكەم و ببمە هۆی دەركەوتن و ناسینی لەلای جەماوەر و توانیم لەمەدا سەركەوتوو بم.
* ئایا پڕۆژەی هونەری نوێی هەیە كە پێشكەشی بكات بە تەنیا یان بە هاوبەشی لەگەڵ تۆ و هونەرمەندی دیكە؟
- لەو باوەڕەم كە خەریكی چەند كارێكە، بەڵام چۆن و لەگەڵ كێ ئەوەیان نازانم.
* لە بەرهەمە نوێیەكەتدا هیچ گۆرانییەكی هاوشێوەی (تو نزانی)ی تێدا نییە؟
- نەخێر من لەگەڵ ئەو جۆرە كارانە و دووبارەكردنەوەی كارێك لەگەڵ هەمان هونەرمەند دا نیمە، گۆرانیبێژ هەر كارێك ئەنجام بدات پێویست ناكات دووبارەی بكاتەوە، چونكە هەمان تام و چێژی نابێت و حەز ناكەم بۆ ماوەیەكی زۆر بە یەك شێوە دەربكەوم، ئێستا زۆر گۆرانی هاوشێوەی و بە هەمان ئەو ستایلەی گۆرانی (تو نزانی)یم لەبەر دەستە، بەڵام نامەوێ وەك ئەوی بڵێم، بەڵكو خۆم بە تەنیا دەیڵێم بێ ئەوەش كەس بەشداریم لەگەڵدا بكات.
* ئەم هەڵوێستە لە ئەنجامی ترسە لە سەرنەكەوتنی گۆرانییەكە یاخود ستراتیژیەتێكی تایبەتی خۆتە وەك هونەرمەند؟
- نەخێر بە هیچ شێوەیەك پێوەندی بە ترسەوە نییە، چونكە من نامەوێ كارێك بكەم كە نەگاتە ئاستی بەرهەمی پێشووترم و هەوڵ دەدەم هەمیشە كاری نوێ بكەم نەك تەنیا لە ئاستی بەرهەمی پێشووترمدا بێت، بەڵكو دەبێ زۆر باشتر بێت، هەر بۆیەش بەرهەمی داهاتووم ماوەیەك دواكەوت و ڕەنگە هێشتا دوابكەوێت ئەویش تەنیا بۆ ئەوەی بەرهەمێك پێشكەش بە جەماوەرە خۆشەویستەكەم بكەم كە بە تەواوی لێی ڕازی بێت.
گۆرانی (تو نزانی) كارێك بوو ئەوەی دەخواست من و دلبەر بە یەكەوە بیڵێین دوای بیركردنەوەیەكی زۆر و پەنا بەخوا وتمان و زۆریش سەركەوتوو بوو، پێموایە ئێستا پێویست ناكات هەمان شت دووبارە بكەینەوە جا لەگەڵ دلبەر بێت یان لەگەڵ هەر هونەرمەندێكی دیكە.
*نیازی ئەوەت نییە سەردانی باشووری كوردستان بكەیت؟
- ئەوەی ڕاستی بێت زۆر جار داوام لێكراوە سەردانی باشووری كوردستان بكەم، بەڵام هەندێك گرفت و ئاستەنگ هەن كە ڕێگرن لە هاتنم، ئەمە جگە لەوەی كاری ڕۆژانە و خێزانیش ڕێگرن لەوەی لە نزیكەوە جەماوەر و گەلی خۆم ببینم لە باشووری كوردستان، بەڵام زۆر بە پەرۆشەوەم بۆ ئەوەی سەردانی كوردستان بكەم و پەنا بە خوا لە نزیكترین دەرفەتدا ئەو ئاواتەم دێتە دی.
* هونەر و هونەرمەندانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لە چ بارودۆخێكدان؟
- نەك تەنیا هونەرمەندە كوردەكان من دەتوانم باس لە هونەرمەندە عەرەبەكانی سوریاش بكەم، بەڕاستی لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە مافی هونەرمەند بە تەواوی و بە ئاشكرا پێشێل دەكرێت مەبەستم لێرە مافی چاپ كردن و لەبەرگرتنەوەی بەرهەمە هونەرییەكانە تا ئێستا لایەنێك نییە بەرگری لە هونەرمەندان بكات، ئەم دیاردەیەش تەنیا لە كوردستان نییە، بەڵكو لە هەموو وڵاتانی دەوروبەری كوردستاندا هەیە و زۆر زیاتریشە لەوەی لە كوردستان ئەنجام دەدرێت.
* گرفتەكانی ئێوەی هونەرمەند لە ڕۆژئاوای كوردستان چین؟
- گرفتەكانمان زۆرن كە ڕەنگە نەتوانم هەموویان باس بكەم، لەوانە نەبوونی ئاوازدانەری كورد، ئەگەر هەشبن، ئەوا ژمارەیان زۆر كەمە هەروەها موزیكژەنیش زۆر كەمە، من كە بمەوێ لەگەڵ گروپێك كار بكەم دەبێ سەردانی شام بكەم تا دەستم دەكەوێت، ئەمەش یەكێكە لە چەندین گرفت كە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.
* نوێترین كاری هونەریت چییە؟
- ئێستا خەریكی بەرهەمێكی نوێم كە لە نزیكەی 9 گۆرانی نوێ پێكدێت، تێكستەكان هی شاعیری نەمر جگەرخوێن و چەند شاعیری دیكەیە كە پێشتر شیعرەكانیان كراون بە گۆرانی، ماوەیەكی زۆری پێویستە تا بتوانم بەرهەمێك پێشكەش بە جەماوەر بكەم كە بە تەواوی لێی ڕازی بم و بە دڵی جەماوەر بێت، دەربارەی ئاوازەكانیش تا ئێستا بڕیارمداوە هەموویان خۆم دایانبنێم، لەوانەیە لەگەڵ هەندێك هونەرمەندی دیكە گفتوگۆ بكەم بۆ ئەوەی ئاوازی هەندێك لە گۆرانییەكان بە چەند هونەرمەندێكی دیكە بسپێرم، بەڵام تا ئێستا هەموو ئاوازەكانی هی خۆمە.