فیلمی "ئه‌نتێنا" خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی فیستیڤاڵی بابلی به‌ده‌ستهێنا

فیلمی
كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا" له‌ ده‌رهێنانی عه‌دنان عوسمان خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان و خه‌ڵاتی رێزلێنانی تایبه‌تی له‌ دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی بابلی سینه‌مایی له‌ وڵاتی عێراق به‌ده‌ستهێنا.
به‌ پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا" له‌ هه‌ولێر، كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا" Antennaله‌ نووسین و ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد عه‌دنان عوسمان و به‌ رۆڵ بینینی خاتوو "نه‌سرین غه‌فار" خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی بابلی سینه‌مایی له‌ وڵاتی عێراق به‌ده‌ستهێنا و هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی ئم فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی رێزلێنانی تایبه‌تی پێبه‌خشرا و عه‌دنان عوسمان له‌ ساڵی 2011 بوو به‌ باشترین ده‌رهێنه‌ری عێراق.
كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا" له‌ لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلم" له‌ شاری سنه‌ به‌ به‌رپرسیارییه‌تی خاتوو "ڤیدا ساڵحی" و "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" له‌ سه‌رتاسه‌ری دنیا به‌ شێوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی بابل به‌ به‌شداری 25 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی سه‌رتاسه‌ری عێراق له‌ به‌شی پێشبڕكێی له‌ رۆژانی 28 تا 30ی مارسی 2011 له‌ شاری بابل له‌ وڵاتی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتی عێراق ساڵانه‌ كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام ده‌دات و له‌ لایه‌ن زۆربه‌ی سینه‌ماكارانی شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی عێراق فیلم بۆ نووسینگه‌ی فیستیڤاڵ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، ئه‌مساڵیش له‌ كۆی 60 فیلم له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی فیستیڤاڵ 25 فیلمیان بۆ به‌شی پێشبرِكێ ده‌ستنیشان كرد.
له‌ ڕێوه‌ڕه‌سمی كۆتایی دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی بابل، خه‌ڵات به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی سه‌ركه‌تووی فیستیڤاڵ دابه‌شكرا و كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا" له‌ ده‌رهێنانی عه‌دنان عوسمان خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق وه‌رگرت، جگه‌ له‌مه‌ش، فیلمی "ئه‌نتێنا" خه‌ڵاتی رێزلێنانی فیستیڤاڵیشی وه‌رگرت و به‌م جۆره‌ عه‌دنان عوسمان بۆ ساڵی 2011 بوو به‌ باشترین ده‌رهێنه‌ری
عێراق.
ستافی ئاماده‌كردنی كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا" بریتین له‌:
نووسه‌ری سیناریۆ: عه‌دنان عوسمان
ده‌رهێنه‌ر: عه‌دنان عوسمان
به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن: محه‌مه‌د جانۆ
یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر: ئیبراهیم ره‌مه‌زان
مونتاژ: ره‌جه‌ب ئه‌حمه‌د
ده‌نگ: هێمن حامید
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م: ئیبراهیم ره‌مه‌زان
ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌: نه‌سرین غه‌فار
ستافی وێنه‌گرتن: سیروان گلی و رێكار عه‌دنان
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی: مه‌نسوور جیهانی
به‌رهه‌مهێنه‌ر: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان ـ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سینه‌ما
بڵاوكردنه‌وه‌: كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلم"
ماوه‌: 12 خوله‌ك
ساڵی به‌رهه‌مهێنان: 2010

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كورته‌ فیلمی "ئه‌نتێنا".
Top