دەشنێ بە فریشتەی میهرەبان دێتەوە

دەشنێ بە فریشتەی میهرەبان دێتەوە
دەرباز یونس

سەر لە ئێوارەی رۆژی دووشەم، ٢٨ ی مانگ (ئادار/مارس) لە هۆڵی هۆتێل دڵشاد پاڵاس لە شاری دهۆک، کۆمپانیای “ڤین پڕۆدەکشن” کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ هونەرمەند “دەشنێ موڕاد” رێکخست کە تیایدا وردەکاری تەواو سەبارەت بە نوێترین ئەلبومی گۆرانییەکانی “فریشتەی میهرەبان” ئاشکرا کرا کە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە لایەن کۆمپانیای ناوبراو بێتە بڵاوکردنەوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کە ژمارەیەک رۆژنامەنووس ئامادەی بوو، دەشنێ وێرای ئەوەی سوپاسی کۆمپانیای “ڤین پڕۆدەکشن” ی کرد کە هاوکاری بڵاوکردنەوەی دەکەن، وردەکاری تەواوی سەبارەت بە نوێترین ئەلبومی گۆرانییەکانی ئاشکرا کرد و گوتی “ئەلبومەکەم لە ١٦ تڕاک پێکهاتووە، میلۆدییەکانی لە لایەن هونەرمەند “هەڵکەوت زاهیر” ئامادەکراوەو تێکستەکانیش هەر یەکە لە “حەمە سەعید حەسەن، بەرهەم عەلی، ئەدیب چلکی، خۆشناو، حەمە سەعید ئیبراهیم، هەڵکەوت زاهیر” نووسراوە، هاوکات بەرهەمی کۆمپانیای “شانێل موزیک” ـەو لە لایەن کۆمپانیای “ڤین پڕۆدەکشن” بڵاودەکرێتەوە”.

دواتر دەشنێ لە وەڵامی رۆژنامەنووسێک سەبارەت بە دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکەی کە بڕیار وا بوو لە نەورۆزی ئەمساڵ بڵاوبکرێتەوە گوتی “هەندێ کاری موزیکی ئەلبومەکە لە تورکیا دوا کەوت، بووە هۆی ئەوەی نەتوانین لە کاتی خۆی ئەلبومەکە بڵاو بکەینەوە”.
لە وەڵامی پرسیاری (کوردمیلۆدی) کە ئاراستەی دەشنێ موڕاد کرا سەبارەت بەو گۆرانییەی کە لە نێو ئەلبومەکەیدایە بە ناوی “دایک و باوک” گوتراوە دەشنێ گوتی “دایک و باوکی من زۆر هاوکاری من بوون، لە کاتێکدا کە لە نێو خەڵکی تووشی کۆمەڵێک دژایەتی بووم بێگومان کاریگەری خراپی لەسەر دایک و باوکم دروست کرد، بەڵام ئەوان بە هێزێکی گەورەوە لە پشت من وەستان و هاوکاریان کردم بۆ بەردەوام بوون، بۆیە منیش بە پێویستم زانی بەهاوکاری مامۆستا حەمە سەعید حەسەن کە تێکستەکەی بۆ نووسیم بە گۆرانییەک سوپاسی دایک و باوکم بکەم.
دەشنێ زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی “ئێستا هەموو کارەکانی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکەم ئامادەیە، لە لایەن کۆمپانیای ڤین پرۆدەکشن بە رێکلامێکی باش و شیاو لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بڵاودەکرێتەوە”.
دەشنێ گوتیشی “بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوان من و ڤین پڕۆدەکشن هەیە، کۆمپانیای ناوبراو ٣ کلیپی پرۆفیشناڵ بۆ گۆرانییەکانی نێو ئەلبومەکەم دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە”.
لە کۆتاییشدا دەشنێ دووبارە سوپاسی ئامادەبوونی رۆژنامەنووسان و کۆمپانیای ناوبراوی کرد، هاوکات گرێبەستەکەی واژوو کرد و هیواشی خواست کە ئەو ئەلبومەی بە دڵی زۆری گوێگرانی بێت.
Top