دەشتی كەلهوری:پێویستە سەرەتا ناسنامەی كەلتوری خۆمان بەخەڵكی بیانی بناسێنین
• حەز دەكەین باس لە بەرهەمی «دەبا بەس بێت»مان بۆ بكەی؟
- ئەلبوومی «دەبا بەس بێت» پێكهاتووە لە هەشت تراك، كە پێنجی ئاوازەكانی هی خۆمن، ئاوازێكی فارسیشی تێدایە كە بە كوردی وتوومەتەوە، هەروەها یەكێكیشیان ئاوازی نامدار قەرەداغییە، كە تێكستەی هی خۆمە. ئەوانیتریشی هی «ئەحمەد باوەڕ، تاوە حوسێن، مامۆستا محەمەد ئەحمەد و ئەحمەد بالایان»ن و موزیكژەنان عارف ئیبراهیم پور و هیلال مەتی بەشداریان تێدا كردووە، زۆربەی كارەكانیشم لەئێران و توركیا ئەوروپا ئەنجامدراوە. یەكێك لە گۆرانییەكانیشم بەناوی «دلبەرا من» لەلایەن ڤین تیڤیەوە كلیپ كردووە.
• بەنیاز نیت جگە لە كلیپی (دلبەرا من) كلیپ بۆ گۆرانیەكانی دیكەش بكەی؟
- بڕیارە بۆ چەند كارێكی هونەری مانگی چوار بگەڕێمەوە كوردستان، ئەوكات یەكێك لەگۆرانییەكانی تریشم كلیپ دەكەم.
• لە بەرهەمەكەت زۆر بایەخت بەمەقام داوە بۆچی؟
- خۆم خەڵكی گەرمیانم لە شاری كەركوك لە دایكبوومە، گەرمیانیش یەكێكە لەو ناوچانەی كە زۆر دەوڵەمەندە بە مەقام، هونەرمەندە مەزنەكانی وەكو مامۆستا عەلی مەردان خزمەتی ئەو بوارەیان كردووە، مەبەستم لەوەیە كە مەقامە كوردییەكان جارێكی تر بە گوێی خەڵك ئاشنا بكەمەوە، چونكە ناسنامەی میوزیكی كوردی بە لاوك حەیران و مەقامەوە جوانە، هەوەرها خزمەت بە زاراوە كوردیەكانیشی تێدایە.
• ئێستا زۆرێك لە هونەرمەندا حەیران دەڵێن، تۆش لەبەرنامەت دانییە حەیران بڵێی؟
-حەیران یەكێكە لەو ئاوازە خۆشانەی كە زۆر حەزی لێدەكەم و پڕۆڤەشم لەسەركردووە، هیوادارم لەداهاتوودا لەبواری حەیرانیش خزمەت بكەم و كاری لەسەربكەم.
• پێش ئەوەی بەرهەمەكەت بڵاو بكەیتەوە تاچەند هەستت دەكرد سەركەوتوو دەبی؟
-دڵنیابووم لەو بەرهەمەم كە سەركەوتوو دەبم، چونكە ئەو كەسانەی بەشدار بوون لەو بەرهەمە هەموو میوزیك ژەنی بەناوبانگ بوون، لەوانە (ئەرسەلان كامگار و شاهۆی عەندەلیبی و ئالان عارەف و كارزان قەرەداغی). بۆیە بەسەركەوتووی دەزانم، بەڵام زیاتر ئەم سەركەوتنە دەگەڕێنمەوە لای خەڵك كە بڕیاری لەسەر بدەن.
• دوایین پڕۆژەی هونەریت چییە؟
- ئێستا لەهۆڵەندا سەرقاڵی كۆنسێرتێكی زۆر گەورەم بۆ جەژنی نەورۆز، ئەمجارە كۆنسێرتەكە بەشێوەیەكی نەتەوەییە. بەنیازم گۆرانییەك بۆ هەڵەبجە بڵێم، هەروەها گۆرانی «ئەم ڕۆژی» جارێكی تر بەشێوەی سەنفۆنی دەڵێمەوە. ئەم گروپە سەمفۆنیایەش پێكهاتووە لە سێ كۆراڵ، كۆنسێرتەكەش لەشاری لایڤنی نزیكی هۆڵەندایە، لە19/3ئەم كۆنسێرتە ئەنجام دەدرێ. من تەنیا گۆرانیبێژێكم بەشێوەیەكی سەرەكی بەچوار گۆرانی بەشدارم، ئەوانیتر تیپی نامۆی منداڵانن بەسەرپەرشتی نامدار قەرەداغی، هەروەها گۆرانییەكی تر بەشێوەی دویت لەگەڵ هونەرمەندێكی ئافرەتی هۆڵەندی كە بەكوردی گۆرانیم لەگەڵدا دەڵێت، ئاوازەكە هی مامۆستا نامدار قەرەداغییە. هەروەها هونەرمەندێكی تر بەناوی «كامەران موستەفا» ئەویش بەگۆرانییەك بەشداری كردووە.
• زۆر لەهونەرمەندان بەناوی داهێنانەوە پەنا دەبەنە بەر مۆسیقای بیانی، تۆ بۆ ئەم دیاردەیە چی دەڵێیت؟
- من هەمیشە دەڵێم دەبێت ئێمە سەرەتا ناسنامەی كەلتووری خۆمان بەخەڵكی بیانی بناسێنین، دوای ئەوە دەتوانین سوود لە میوزیكی بیانی ببینین. باشترین نموونە ئەو وڵاتەیە كە من لێ دەژیم، واتە وڵاتی ئەڵمانیایە، تاڕاددەی كەلتووری خۆیان نازانن، بەڵام لەبەر ئەوە دەوڵەتێكن پلەو پایەیەكیان هەیە و هونەرێكی كلاسیكیان بۆخۆیان دروست كردووە، ئەگەر سوود لەمۆسیقای وڵاتانی تریش وەربگرن هیچ كێشەیەكیان نییە، چونكە كلاسیكێكیان بۆخۆیان دروست كردووە، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا میللەتی كورد كلاسیكمان نییە، خاوەن ناسنامەیەك نین. ئێمە میوزیكی كلاسیكمان هەیە، بەڵام ناسنامەی كلاسیكمان نییە. هیوادارم لەپەیمانگاو كۆلێژەكان میوزیكی كلاسیكی كوردی وەكو وڵاتانی دراوسێمان بڵێنەوە. لێرە كاتێك قوتابییەك دەچێتە پەیمانگا یان زانكۆ پێی دەڵێن، دەتەوێ كلاسیكی ئەوروپی بخوێنی یان كلاسیكی وڵاتەكەی خۆت، هیوادارم لەكوردستانیش وای لێبێت، تابتوانین زیاتر خزمەتی میوزیكی كوردی بكەین.
• چەندە پێویستە گۆرانیبێژ ئەكادیمی بێت؟
-ئەگەر هونەرمەند ئەكادیمی بێت و بزانیت یەكێك لەئامێرەكان بژەنێت بۆ ئەوەی تۆنەكانی دەنگی خۆت بزانیت، ئەوە زۆر پێویستە. چەند ساڵێكە بۆ گۆرانی وتن خۆم ئامادە دەكەم، دوای هەوڵێكی زۆر ئینجا دەستم بە گۆرانی وتن كرد. هەرچەندە زۆر هونەرمەندیشمان هەن كە ئەكادیمیش نین، بەڵام سەركەوتوون، بۆ نموونە هونەرمەند «حەسەن زیرەك».
• بەنیازنی لەگەڵ هونەرمەندانی دیكە بە شێوەی دویت گۆرانی تۆمار بكەی؟
-لەداهاتوو ئەگەر كارێكی وام بۆبڕەخسێت و هەمانگی هەبێت لەنێوان هونەرمەندان و دەنگی هونەرمەندێك لەگەڵ دەنگی من بگونجێت، بەدڵنیاییەوە ئامادەم.
• زۆر لە هونەرمەندان بۆ دیمانەكردن جا بۆ تیڤی بێت یان ڕۆژنامەو گۆڤارەكان، چەند مەرجێك دادەنێن، ڕات بەرامبەر بەو مەرجانە چییە؟
-بەداخەوە ئێمە وەكو گۆرانیبێژ هەموو ئەركەكانمان لە ئەستۆی خۆمانە. لە ئەوروپا گەر هونەرمەندێك بیەوێ دیمانەیەك لەگەڵ ڕاگەیاندنەكان بكات چەند مەرجێكی هەیە، بۆئەوەی بژێوی ژیانی خۆی بەڕێوە ببات. هەرچەندە من پێموایە هونەرمەند دەبێ كراوە بێت، چونكە هەموو شتێك ماددە نییە.
• لە فەیسبووكدا ئەندامی؟
-بەڵێ لەفەیسبووكدا بەشدارم، هاوڕێیەكی زۆرم هەیە لەڕێگەی فەیسبووكەوە لەگەڵ كەسە نزیكەكانم ئاشنادەبم، بەڵام لەبەر نەبوونی كات لەفەیسبووكدا چات ناكەم، تەنیا وەكو ڕێكلامێك بۆ كارەكانم بەكاردەهێنم.
• جگە لەكاری هونەری، ڕۆژانە كاتەكانت چۆن بەسەر دەبەی؟
-سەرقاڵی خوێندنەوەو وەرزش كردنم، هەوەها لە ئەڵمانیا فەرمانبەرم.
• تاچەند لەگەڵ خوێندنەوە هاوڕێی؟
-زۆربایەخ بەخوێندنەوە دەدەم بەتایبەتی چەند جارێك كە دەگەڕێمەوە كوردستان ئەو كتێبانە لەگەڵ خۆم دەهێنم، كە باس لە مۆسیقاو مەقامە ڕۆژهەڵاتییەكان دەكات، جگە لەوەش چەند كتێبێك بەزمانی ئەڵمانی دەخوێنمەوە، هەروەها ڕۆژانە سەیری ڕۆژنامە كوردییەكان دەكەم، لەڕێگەی تۆری ئینتەرنێت دەیانخوێنمەوە.
• بەرامبەر بەخۆشەویستی ڕات چییە؟
- خۆشەویستی بەهەوێنێك دای دەنێم، جا خۆشەویستی دایك بێت یان خۆشەویستی خاك بێت.
• وەكو هونەرمەندێكی كەركوكی چ پەیامێكت بۆ كەركوك هەیە؟
- هەموو كاتێك بەخۆشی و ناخۆشی لەگەڵ شاری كەركوك دام، هیوادارم هەموو ناوچە دابڕاوەكان بگەڕێنەوە سەر كوردستان.