هەڵسەنگاندنی گوڵان بۆ كارە هونـــەرییەكانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد

هەڵسەنگاندنی گوڵان بۆ كارە هونـــەرییەكانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد
لە تەوەری ئەم جارەی هەڵسەنگاندنی گوڵان بە پێویستمان زانی بە دید و تێڕوانینی چەند هونەرمەند و شاعیری شارەزا لە بواری گۆرانی و مۆسیقای كوردی، كارە هونەرییەكانی هونەرمەند زیاد ئەسعەد هەڵبسەنگێنین.

ئا-رۆشنە عومەر
كەم كەس هەیە ئەوا شەڕ بێت لەسەری لەنێو گۆڕەپانی هونەری كوردیدا
هونەرمەند وریا ئەحمەد شارەزا لەبواری میوزیك و ئاوازدانانەوە ووتی « زیاد ئەستێرەیەكی گەشی هونەری كوردییە. كاتێك دەستی بە گۆرانی وتن كرد، گۆرانی هونەرمەندانی دیكەی دەگوتەوە، ئەو گۆرانییە كە پێی ناسرا گۆرانی»سووتاندوتە «ئاوازەكە هی «قادری سەیاحی» بوو. من دەنگیم زۆر لا شیرین بوو بۆ درامای «كۆلارە» كۆمەڵێك ئاوازم بۆ تۆمار كرد، تاوای لێهات ئەو گۆرانییانە بەكاسێت لە بازاڕ دەفرۆشران. زیاد دەنگێكی یەكجار شیرین وردەكاری سۆز لەدەنگیدا هەیە، هەمووجار پێمدەوت تۆ دوژمنی» لەشی»خۆتی، واتا بۆ هونەر و دەنگەكەی خۆی زۆر كوڕێكی خەمساردە. بۆ نموونە گەر سەیر بكەین بۆماوەی پێنج شەشە ساڵە هەموو خەڵك تامەزرۆی دەنگییەتی هیچ بەرهەمێكی تازەی نییە، بەداخەوە نازانێت خزمەتی دەنگ و هونەركەی خۆی بكات. ئێستا هەموو گۆرانیبێژە گەنجەكان حەز دەكەن لە بەرهەمەكانیان ئاواز یان تێكستی زیاد ئەسعەدی لەگەڵ بێت، ئەمەش گەورەییە بۆ زیاد ئەسعەد، چونكە كەم كەس هەیە لەنێو گۆڕەپانی هونەری كوردیدا ئەوا شەڕی لەسەر بكرێت، كە زۆربەی گۆرانیبێژەكان داوای لێبكەن یارمەتیان بدات .كاتی خۆی لە ڕۆژنامەدا لەسەرم نووسی، ووتم ئەو دەنگانەی كە بەلای منەوە گرنگن «مەزهەری خالقی و ناسڕی رەزازی و زیاد ئەسعەد « ئەو كات خەڵك زۆر لەسەری نوسیم وتیان چۆن دەبێت هونەرمەندێكی گەورەی وەكو مەزهەری خالقی و ناسر رەزای زیاد ئەسعەدێكی تازە پێگەیشتوو بهێنرێتە ریزی ئەمانە، بەڵام من گوێم بەم قسانە نەداو هەر قسەكەی منیش راست دەرچوو .

زیاد یەكێك بووە لەو كەسانەی كەدەستی هەبووە لەپێگەیاندنی چەندین هونەرمەند كە ئێستا لەگۆرەپانی هونەری كوردی كاردەكەن
هونەرمەندی گۆرانیبێژ ڕۆژكەریم وتی: من وەكو لایەنگرێكی هونەری نەك وەكو هونەرمەندێك ئەوەندەی گوێم لێبووە كارەكانی زیاد ئەسعەد یەكێكە لەو كارانەی كە مایەی گوێلێگرتنە، ناتوانین لێرەدا بەشێوەیەكی كورت باس لە كارەكانی بكەین. لەكارەكانی زیاد هەستێكی تازە هەیە. زیاد یەكێك بووە لەو كەسانەی كە دەستی هەبووە لە پێگەیاندنی چەندین هونەرمەند، كە ئێستا لە گۆڕەپانی هونەری كوردی كار دەكەن، یەكێكە لە ئاوازدانەرە گەورەكان بێجگە لەكاری گۆرانی ووتن تێكست نووسیشە . لە كارەكانیدا گەر ستایلی فارسیش بەكاربێنێت مێژوو ئەمە دەگۆڕێت، ئەگەر سەیری كارەكانی حەسەن زیرەك و ماملێ ئەمانە بكەین و بڵێین و نەڵێین مۆركی كوردی پێوە دیارە، بەڕای من كارەكانی زیادیش لەم بابەتە خۆی دەبینێتەوە. ئێمە زۆر لەمیللەتی فارس نزیكین هەردوو گەل سەر بە رەگەزی ئارین، من ئەوەم پێباشترە تا لە ئەوەی كە لە گەڵ هونەری توركی و عەرەبی تێكەڵ بێت.

هونەرمەند پەیوەند جاف وتی « لەنێو هونەری كوردیدا زیاد هونەرمەندێكی زۆر باش و بەرچاوە، هەوڵێكی زۆریشی داوە تازەگەری بكات. ئەو توانیویەتی ئەگەر گۆرانییەكی رۆژئاواییش بێت هێناویەتی كردوویەتی بەئاوازێكی تازە، من سەلیقەی زیادم زۆر بەدڵە لە دروستكردنی گۆرانی، مەلە كردن لەگەڵ وشەكان لەڕووی تێكستەوە. زۆر جار باسمان لەوە كرد كە شاعیری باشمان نەبووە، بۆیە پەنامان بردۆتە بەر تێكستی كلاسیك، بەڵام زیاد ئەو سەلیقەیەشی هەبووە، هەوڵیداوە تێكست دروست بكات بۆ گۆرانی و وشەی جوان بەكاربێنێت هەوڵیداوە بەپێی ئاوازەكان وشەكان بەكاربێنێت.

سەركەوتنی زیاد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەسێكی ڕۆشنبیرە لە زانستی میوزیك شارەزایە
سەید ئەحمەد ڕواندزی شارەزا لەبواری میوزیك دەڵی: من لە ساڵانی هەشتاكانەوە زیاد دەناسم تاكو ئێستا دەتوانم بڵێم یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كەڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەبواری میوزیك و گۆرانی و پێگەیاندنی چەندین هونەرمەندی ناسراو لەكوردستاندا. زیاد سەرەتا كە دەستی كرد بە گۆرانی وتن عەبدولرەحمان بێلاف زۆر هاوكاری دەكردو زۆربەی تێكستەكانی ئەوی دەكرد بەگۆرانی. هەروەها لەڕووی تێكست و ئاوازەوە دەستێكی هەرە باڵای هەیە لەوانەیە كاریگەری زۆری فارس و هونەرمەندانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتی لەسەربێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا لە ڕووی ئاوازدانانەوە وەستایەكی باشە، هەروەها تێكستێكی جوان بۆ ئاوازەكان ئامادە دەكات. لەساڵی نەوەدەكان لەچەندین بەرهەم و ئاهەنگەكان لەگەڵی بەشداربوومە، كەسێكی هەست ناسكە . سەركەوتووی زیاد بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە كەسێكی ڕۆشنبیرە و شارەزایە لەزانستی میوزیك. كاتێك لەكوردستان بوو هیچ ئامێریكی میوزیكی نەدەژەنی، بەڵام كاتێك چووە ئەوروپا كیبۆرد دەژەنێ، بەس بۆ ئەوەی هاندەرێك بێت بۆئەوەی بە باشی ئاواز دابنێت، بەڵام ئێستا وەكو پێویست نەیتوانی كار بۆ دەنگی خۆ بكات و هەرچەندە زۆر لە هونەرمەندان بەهۆی زیاد ناوبانگیان بەدەست هێنا .

(زیاد ئەسعەد) نەورەسی سپی ئاواز و گۆرانی كوردییە
شاعیری گەورە (شێركۆ بێكەس) لە نووسینێكی پێشووتری دەربارەی كارەكانی (زیاد ئەسعەد) دەڵێ: لەم ساڵانەی دواییدا، (زیاد ئەسعەد) بە گوڕ و تین و تۆنێكی تاسە شكێنەوە هاتە ناومانەوە و هەندێ سنووری تەقلیدی بەزاندو دڵ و گوێچكەمانی بە ریتمی تازەو داهێنەرانە زاخاو دایەوە، لەبەر ئەوەی لاسایی كەرەوە و تەقلیدی نەبوو، واتە هەمان سەدای گۆرانییەكانی رابردووی نەدایەوە، بەگوێچكەماندا فۆلكلۆریشی بۆ خۆی نەكرد بە بەندیخانە، هەروەها هونەرمەند هەر بە تەنیا بەهرە و سەلیقەی نییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا شارەزایی دنیای موزیك و مەقاماتە ئەزانێت، چی ئەكات و عاشقانە لەگەڵ كارەكەی خۆیدا هەڵسوكەوت دەكات، (زیاد ) هەموو ژیانی خۆی داوە بە هونەرەكەی و تەنانەت بۆ چركە ساتێك لێی دوور نەكەوتۆتەوە. بەشی زۆری گۆرانییەكانی تری ئەم سەردەمە، گۆرانییەكانیان تەمەنیان كورتە زۆر زوو بیر دەچنەوە، بەڵام بەشێكی باشی گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە لەوەدایە لەسەر زاری گەنجەكانەوە دەوترێنەوە. كە ئەمەیش بۆ خۆی بەڵگەیەكی زیندووە بۆ زیندوویتی ئەو گۆرانییانە، جگە لەوەی كەدەنگی خۆشە، لەهەمان كاتدا ئاوازدانەرێكی بەتوانایە و چەندین گۆرانی بۆ گۆرانیبێژە ناسراوەكانی ئەم سەردەمە داناوە. بەچاكی ئاگای لە كەلتووری گۆرانی كوردییە، ئاگای لە گۆرانی كۆن و تازەی میللەتەكانی دەوروبەرە و تەنانەت هەناسەكانیان لەیەكتری جیا ئەكاتەوە.

من لەنزیكەوە كاك (زیاد) ئەناسم و تێكەڵین لەگەڵ یەك، بۆ یەكەمجاریش لە رێگەی هونەرمەند(پەیوەند جاف)ـی زاوامەوە لەماڵی خۆمان ناسیم.
زیاد وەك مرۆڤیش پیاوێكی ناسك و رووخۆش و دڵپاكە، ئەو مۆسیقا و گۆرانی كردووە بەنان و ئاو تا سەر ئێسقان عاشقی هەموو گۆرانییەكی جوانە، هەر ئەم عەشقیەش وای لێكردووەكە نەوەستێ و هەمیشە بەخشندە بێ. زیاد لە هەڵبژاردنی ئەو تێكستی شیعریانەوە كە بۆ ئاوازەكانی هەڵیان دەبژێرێت، تێكستەكان روون و بێگرێ و گۆڵن بەتەواوی لەگەڵ ئاوازەكاندا ئەیگونجێنێ، ئەویش بۆتە هۆی ئەوەی كە لەلایەن گوێگرانەوە زوو لەبەر بكرێن. هەڵبەت شیعری گۆرانی دەبێ سادەو رەوان بن و زوو بگەنە ئاستی تێگەیشتنی خەڵكەكە، ئەگەر وانەبێت جۆرە دابڕانێك ئەكەوێتە نێوان وشە و ئاوازەوە، زیاد لە دنیای گۆرانی و مۆسیقای مندا لە نەورەسێكی سپی ئەچێ كە لەبەر هەتاوی ژیاندا دەبرسیكێتەوە.

دواتر تێكستنووس وشاعیر عەبدولرەحمان بێلاف وتی: كاتێك زیاد لە كوردستان بوو، نزیك ترین كەس بووم لێی. ئاگاداری هەموو كارەكانی بووم تەنانەت لە كارە تایبەتییەكانی خۆشیدا پرس و ڕای وەردەگرتم، هەروەها زۆر هاوكاری بووم لەكارە هونەرییە كانیدا، پاڵپشت و ڕێنیشاندەری بووم بۆ ئەوەی سەركەوێت و بناسرێت. زیاد تا لە كوردستان بوو توانی چەند بەرهەمێكی باش لەگەڵ هونەرمەندانی شاری هەولێر پێشكەش بكات. ڕاستە زیاد زۆر كاریگەری مۆسیقای فارسی بەسەرەوە بوو بەردەوامیش گوێی لە هونەرمەندە فارسەكان دەگرت، هەروەها لە هونەرمەندە كوردەكانیش وەكو «خالقی حەسەن زیرەك و لور نەژاد و ئیسماعیل سابووری و قادری سیاحی» . هەروەها بۆ ئاوازەكانیشی پشتی بە هونەرمەندانی وەك «موعین، سابوری، سیاحی دەبەست. بەڵام تابڵێی كەسێكی زیرەك و رۆشنبیر بوو كەسێك بوو بەردەوام رەخنەی دەگرت . دەتوانم بڵێم بڕوا ناكەم لە هەموو كوردستان جگە لە رۆژهەڵات دەنگێكی وەكو زیاد شیرین هەبێت.

مامۆستا جەمال محەمەد سەرۆكی تیپی مۆسیقای دهۆك: زیاد ئەسعەد لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردووە بە شێوەیەكی بەهێز بوونی خۆی سەلماند لە گۆرانی وتن و جەخت كردنەوەی لەسەر جۆری ریتم و هەڵبژاردنی بەجۆرێك كە بگونجێـت لەگەڵ واقعی ئەو كات، لە بواری مۆسیقاش توانی مامەڵەیەكی زۆر باشی لەگەڵدا بكات، دوای ئەوەی رووی لە هەندەران كرد بەگوێرەی زانیاریەكانی من كارێكی زۆری ئەنجام نەداوە تایبەت بەخۆی، بەڵام ئەوەی لە دەزگاكانی راگەیاندن تێبینیم كردووە كاك زیاد هاندەرێكی باش بووە بۆ هونەرمەندانی دیكە بۆ هەڵبژاردنی كاری باش كە ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە لە مۆسیقا و گۆرانیدا كە بزانێت كەی و چ شتێكی باش هەڵبژێریت، زیاد ئەسعەد توانیویەتی دەنگی خۆی بە رەسەنی بپارێزی كە بگونجێت لەگەڵ واقع و فۆلكلۆری كوردی ئەمە لە بواری گۆرانی گوتندا، لە بواری ئاوازیشەوە ژمارەیەكی زۆر ئاوازی پێشكەش بە هونەرمەندان كردووە . لە هەموویش گرنگتر توانیویەتی وەك گۆرانی و مۆسیقای ستایلی تایبەتی خۆی بپارێزیت بە جۆرێك هەر كەسێك گوێی لە گۆرانییەكە بێت بزانێت هی كێیە.

پێویستە زیاتر كار بۆ خۆی بكات
هونەرمەندی موزیكژەن سالار ئازید دەربارەی زیاد ئەسعەد دەڵێ: هونەرمەند زیاد ئەسعەد توانیویەتی ئەدا و سۆزێكی تایبەت بۆ چۆی دروست بكات لەناو هونەرەكەی خۆی چ لە گۆرانی وتن بێت چ لە ئاوازەكانی بێت، كە هەتا هونەرمەندێكی تر گۆرانییەكانی بڵێتەوە دەبێ بە ئەدا و سۆزی زیاد گۆرانییەكانی بڵێتەوە، چونكە جوانتر و خۆشترە.

دەربارەی ئەو تێكستانەی دایدەنێت راستە رەخنەیەكی زۆری لێدەگیرێت، بەڵام زۆر ئاسانە و لە ناخی مرۆڤەوە نزیكە و مرۆڤ زوو لە مەبەستەكەی تێدەگات و وشەكانی لەبەر دەكات، راستە ئاوازەكانی زۆربەی لە هونەری ئێرانی وەرگیراوە یان نزیكە لە هونەری ئێرانی، بەڵام بە زیرەكی خۆی و بە ئەدای خۆی وادەكات بیكات بە موڵكی خۆی، من یەك رەخنەم لێی هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێت زیاتر كار بۆ خۆی بكات، چونكە بەرهەمی سیدی زۆر كەمە.

هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا دەڵێ: كاكە زیاد توانیویەتی ئاواز و تێكستەكانی خۆی بچەسپێنێ لەناو ناخی هەموو لاوێك و هونەر هۆگرێك، هەرچەندە زیاد ئەسعەد تەمەنێكی زۆری لە ژیانی هونەری خۆی لە كوردستان بەسەر برد، بەڵام لە ئەوروپا توانی داهانێنێكی زۆر جیا لە بەرهەمەكانی تری ئامادە و پێشكەش بكات، رەنگە ئەو ئەزموون و ئەو ئێش و ئازارانەی ئەوروپا پێی بەخشی بووبێتە سەرچاوەیەك بۆ ئەم بەرهەمان، هەر كە گوێ لە گۆرانییەكانی زیاد دەگرێت كە بە دەنگی یەكێكی تر دەگوترێت خێرا دەزانی ئەمە بەرهەمی زیادە، ئەوەش بەراستی سامانێكی زۆر گەورەیە بۆر كەسێك كە داهێنەر بێت، مانای ئەوەیە توانیویەتی شێوازێك بۆ ئاواز و تێكستەكان دابنێت كە ببێتە رێچكەیەك.
Top