سه‌دیق ته‌عریف له‌ ئه‌ورووپا ئاواز و گۆرانی كوردی پێشكه‌ش ده‌كات

سه‌دیق ته‌عریف له‌ ئه‌ورووپا ئاواز و گۆرانی كوردی پێشكه‌ش ده‌كات
گروپی موزیكی "نه‌ورۆز" به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی كورد "سه‌دیق ته‌عریف" له‌ وڵاته‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌ورووپا كۆنسێرتی گۆرانی و موزیكی كوردی سازده‌كات.
به‌ پێی راپۆرتی راگه‌یاندنی گشتی گروپی موزیكی "نه‌ورۆز"، گۆرانیبێژی كورد "سه‌دیق ته‌عریف" به‌ هاوكاری گروپی موزیكی "نه‌ورۆز" پێكهاتوو له‌ موزیكزانی كورد "سادق ته‌عریف" به‌ ئامێری ده‌ف و تونبه‌ك، "نه‌وید دێهقان" به‌ ئامێری كه‌مانچه‌، "حامید فه‌كووری" به‌ ئامێری تار و "ئه‌مین گوڵستانی" به‌ ئامێری عوود، له‌ به‌رنامه‌یه‌كدا به‌ ناونیشانی "باغ و به‌هار و ئاوێنه‌" له‌ وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا و هه‌روه‌ها برِیاروایه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی وڵاتانی سوید، هۆڵه‌ندا و دانیمارك، كۆنسێرتی گۆرانی و موزیكی كوردی و هه‌روه‌ها موزیكی ئێران پێشكه‌ش بكات.
ئه‌م زنجیره‌ كۆنسێرته‌ ئه‌ورووپیه‌ی گروپی موزیكی "نه‌ورۆز" به‌ سه‌رپه‌رشتی و ده‌نگی گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی سنه‌یی "سه‌دیق ته‌عریف" سه‌ره‌تا له‌ رۆژانی 18 و 19ی مارس له‌ شاری پاریس له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌رِێوه‌چوو و له‌ رۆژی یه‌كه‌می نه‌ورۆزدا 21ی مارس له‌ شاری لیلی ئه‌م وڵاته‌ درێژه‌ی هه‌بوو.
گروپی "نه‌ورۆز" له‌ درێژه‌ی به‌رنامه‌كانیدا، هه‌ر ئه‌و كۆنسێرته‌ له‌ رۆژانی 25 و 27ی مارس و 1 و 3ی ئه‌پریل له‌ شاره‌كانی پێسكارا، رۆم، ڤێنیز و میلان له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌رِێوه‌ده‌بات. برِیاروایه‌ ئه‌م گرووپه‌ له‌و زنجیره‌ كۆنسێرته‌ی ئه‌ورووپادا له‌ شاره‌كانی ستۆكهۆڵم و یۆتۆبۆری له‌ وڵاتی سوید و هه‌روه‌ها له‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی وڵاتانی هۆڵه‌ندا و دانیماراك كۆنسێرتی گۆرانی و موزیكی كوردی پێشكه‌ش بكه‌ن.
كۆنسێرتی "باغ و به‌هار و ئاوێنه‌" له‌ دوو به‌شدا به‌رِێوه‌ده‌چێت.
Top