كانی بۆ گوڵان : بێگومان عاشق بووم
دیمانە/ ڕۆشنە
* بۆچی بەشی ڕاگەیاندنت هەڵبژارد؟
- وەك حەز و ئارەزوو هەمیشە حەزم كردووە لە بواری ڕاگەیاندندا كار بكەم.
* جیاوازی ڕاگەیاندن لە كوردستان و دەرەوە چۆن دەبینی؟
- بە ڕاستی لە هەموو ڕوویەكەوە جیاوازییەكی ئێجگار زۆر هەیە لەنێوان ڕاگەیاندنی هەندەران و كوردستان، بەجۆرێك ناتوانم پێكەوە بەراوردیان بكەم، دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەرووی كوالیتییەوە لێرە واتە دەرەوەی كوردستان زۆر باشترە، هەروەها لەرووی هەڵبژاردنی پێشكەشكار بۆ بەرنامەكان و كارەكان بەپێی پرۆگرام و توانایی ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە ڕاگەیاندنە كوردییەكاندا زۆر كەس دەبینم كە توانای كاری ڕاگەیاندنیان نییە كەچی بەرنامە پێشكەش دەكەن یان دەرهێنان دەكەن.
*رۆڵی ئافرەتان لە ڕاگەیاندنەكاندا چۆن دەبینی؟
- هێشتا ئافرەت زۆر كەمە لەنێو ڕاگەیاندنی كوردی، بەخۆشحاڵییەوە لە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن چەند ئافرەتی بە توانا دەبینم، بەڵام دەتوانم بڵێم لە دوو یان سێ زیاتر نین، بەو هیوایەم لە داهاتوو ژمارەیان زیاتر بێت
* حەز دەكەی لە چ بوارێكی ڕاگەیاندندا كار بكەیت؟
- ئەگەر بكرێت دەمەوێ لە تەلەفزیۆنێكی سەربەخۆدا كار بكەم، كەناڵێكی ڕاستگۆ، یەكسان و كوالیتیەكی باشی هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانم كاری باش و خزمەتێكی زیاتر پێشكەش بە بواری ڕاگەیاندنی كوردی بكەم.
*چۆن بوو بەرەو هۆنینەوەی شیعر و هۆنراوە هەنگاوتان نا؟
- ئەوەی ڕاستی بێت لە دارشتنەكانی قوتابخانەوە فێری نووسین بووم، بەڵام دەتوانم بڵێم خەمی غوربەت و شەوە تاریكەكان هاندەری سەرەكیم بوون بۆ بەهرەی شیعریم، هەر بۆیە دوای دوو ساڵ نیشتەجێ بوونم لە وڵاتی هۆڵەندا یەكەم هۆنراوەم بڵاوكردەوە بەناوی (بیرت ئەكەم)، غوربەت وشەی هێنایە بەر دەرگای دڵی من و داوایان كرد بیاننووسم.
* چ پێناسەیەكت بۆ شیعر هەیە؟
- شیعرتەنیاییم لە باوەش دەگرێت، فرمێسكەكانم دەسڕێت، بێدەنگی پڕ ئاواز دەكات، دەتوانم بڵێم شیعرهەناسەم پێدەبەخشێت.
* تا چەند بایەخ بە شیعری كلاسیكی دەدەی؟
- شێعری كلاسیكی بۆ من قوتابخانەیەكی مەزن و پیرۆزە، چەپكێ نێرگزی چوار وەرزە لە شیعردا، من زۆر حەز بە خوێندنەوەی شێعری كلاسیك دەكەم و زۆر سوودی لێ وەردەگرم، بەڵام بەداخەوە كە وشەی عەرەبی و بێگانەی زۆری تێدایە ئەویش بەهۆی ئەوە داگیركردنە بەردەوامەی كوردستان، كە بە درێژایی مێژوو تووشی وڵاتەكەمان هاتووە.
*زۆرێك لە شاعیران دەڵێن دەبێت زمانی شیعرگشتگیر بێت بۆ ئەوەی خەڵك بە گشتی تێبگات، تۆ ڕات چییە بەرامبەر بەم قسەیە؟
- بە ڕای من ئەمە هەڵەیە، چونكە چینێكێش هەیە لە زمانی گشتی شەقام تێناگات، بە بۆچوونی من شیعرئەگەر لە فەلسەفە دوور بێت باشترە، چونكە ئەو كاتە هەموو چینێك لێی تێدەگەن، بەڵام كە نووسینی فەلسەفی خرایە ناو شیعرەكەوە ئەوا زۆر كەس سەر لەو نووسینە دەرناكەن و ناتوانن هەستەكانی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە
*تائێستا هیچ لە هۆنراوەكانت لەلایەن هونەرمەندەكانی تر كراوە بەگۆرانی ؟
- بەڵێ هۆنراوەكانی من لەلایەن چەند گۆرانیبێژێكەوە كراوە بە گۆرانی، لەوانە هونەرمەند ئەیوب عەلی، دانیا، دەروون، بڕوا تەها، ڕێكەوت، جوانەمەرگ ئەردەلان بەكر و چەندین هونەرمەندی دیكە كە ڕەنگە ئێستا ناوەكانم لە بیر نەبێت، هەروەها چەند هونەرمەندێكی دیكە كە سەرقاڵی تەواو كردنی بەرهەمەكانی خۆیانن كە هەندێكیان تێكستی منە
* ئێستا هونەرمەندە ئافرەتەكانمان گلەیی ئەوە دەكەن كە گوایە ئافرەتی تێكست نووسمان نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر تێكست نووسی پیاو؟
- ڕاستە ئافرەتی ئێمە كە دێتە مەیدانی نووسین زۆربەیان بڕوایەكی تەواویان بەخۆیان نییە، پێویستە پیاو زیاتر لە نووسینی ئافرەتان بەكار بهێنرێت، بە هەستی كچێك یان ئافرەتێك بێت بەرامبەر ڕەگەزی بەرامبەر بنووسرێتەوە و بكرێتە گۆرانی. هێشتا ئافرەتی گۆرانیبێژ هەیە بەسەر ئافرەتدا گۆرانی دەڵێت كە ئەمە زۆر زۆر جوان نییە، لە كاتێكدا ژیان بەو شێوەیە پێشكەوتووە.
* تاچەند توانیوتە لە هونراوەكانت باس لەڕەگەزی بەرامبەرت بكەی؟
- پێویست ناكات بۆخۆم ئەوە باس بكەم، چونكە خوێنەر شایەدی ئەوەیە كە من تا ڕاددەیەكی باش هەوڵەكانم سەركەوتوو بووە، لە نووسینی هۆنراوە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر و لە زۆر هۆنراوەكانیشدا وشەی كوڕ و هەستی تەواوی كچێك دەبینرێت، بە خۆشحاڵییەوە بەردەوامیش دەبم
* بیستوومانە خەریكی تۆمار كردنی گۆرانی و دەتەوێ لەم بوارەدا هەنگاو بنێی؟
- من گۆرانیبێژ نیم، بەڵام لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە نواندن و گۆرانی بووە و دەمێكە حەز دەكەم گۆرانییەك بكەمە دیاری ڕۆحی بێگەردی شەهیدانی شاری باو باپیرانم هەڵەبجەی شەهید، خۆشبەختانە توانیم ئەم ساڵ گۆرانییەكە تۆمار بكەم كە تێكستەكەی هی خۆمە و ئاوازی بافڵ سەرهەنگە و وێنەگرتن و دەرهێنانی لەلایەن یاد میدیا ئەنجام دراوە و پەنا بە خوا لە یادی هەڵەبجە بڵاودەكرێتەوە، هیوادارم توانیبێتم شتێكی باشم پێشكەش كردبێت.
* تاچەند باوەڕت بەخۆت هەیە كە لەم بوارەدا سەردەكەوێ ؟
-من ناتوانم بڕیار لەسەر ئەوە بدەم، چونكە تەنیا بیسەری ئەو گۆرانییە دەتوانن دیاری بكەن لە وتیندا سەركەوتوو دەبم یان نا، بەڵام ئەگەر بمزانیبایە توانای گوتنی گۆرانیم نییە هەرگیز بۆ خۆم لەو بوارە نەدەدا.
* گەر سەركەوتنت بەدەست هێناو خەڵك پێشوازیەكی زۆری لیكردی، بەردەوام لەسەر ئەم هونەرەت؟
- ئەو كات بەشێوەیەكی ئەكادیمی پەرە بە دەنگ و ئەدای گوتنی گۆرانی خۆم دەدەم و دواتر بڕیار لەسەر بەردەوامی وتنی گۆرانی و سروودی نیشتمانی دەدەم.
* ڕات بەرامبەر ئافرەتە هونەرمەندەكانی كورد چۆنە ؟
- بە ڕای من هەر كەسێك دێت و شتێك پێشكەشی جەماوەر دەكات و جەماوەرێكی تایبەت بەخۆی دەبێت جا زۆر بێت یان كەم، من بۆم نییە تاكێك برەنجێنم، بەڵام بە ڕای خۆم هەندێك لەو ئافرەتانە بە بوێر و سەركەوتوو و دەنگێكی باش دەزانم، هەندێكی دیكەش هەن گوێیان بۆ ناگرم، چونكە ستایلی گۆرانی گوتنیان لەگەڵ من ناگونجێن.
* تا ئێستا كانی ئاشق بووە؟
- دڵ نییە لەسەر ئەم گەردوونە جارێك بە تاسەوە بۆ كەسێك لێنەدات، من هەموو كاتێك عاشقم گەر عاشقی كوڕێكیش نەبم، دونیایەك عەشقی تری پاك و جوان هەیە وەك قردێلە بە قژی هەست و نووسینەكانمەوەن، بەڵێ بێگومان كانی عاشق بووە.
*حەز دەكەی ئەو كەسەی ببێت بەهاوسەرت چۆن بێت ؟
- وەكو خۆم سادە بێت و ئەوەی لەنێو دڵیەتی لەسەر زمانیشی بێت، كەسێكی ڕاستگۆ و بەسۆز بێت كە بتوانێت دڵم ڕابگرێ و ڕێزی بۆ ئیشەكانم و بۆ خۆمی هەبێت و لەیەك تێبگەین.
* دواپرۆژەت چییە ؟
- ئێستا خەریكی ئەو گۆرانییەم كە بۆ هەڵەبجە ئامادەم كردووە، لە داهاتووشدا چەندین خەون یان پرۆژەی دیكەم لە مێشكدایە، بەڵام نازانم تا چەند ڕۆژگار دەرفەت دەدات بەدییان بهێنم.