ئاشنا عەبدوڵڵا: راگەیاندن خۆشەویستی خەڵكی پێ بەخشیوم
ئا: كەرخی حەیدەر
لە چەند شوێنێك پێم دەڵێن شووشە
سەرەتا ئاشنا عەبدوڵڵا سەبارەت بە كاری راگەیاندن و ئەو ئەزموونەی لە چەند ساڵی رابردوودا لەم بوارەدا پەیدای كردووە دەڵێ: زیاتر لە 14 ساڵە لە بواری راگەیاندندا بوونم هەیە، بە شێوازی جیا و لە شوێنی جیا جیا وەك بێژەری هەواڵ و پێشكەشكاری بەرنامە لە تەلەفزیۆن و رادیۆكاندا كارم كردووە، لەو شوێنانەی كارم تێیدا كردووە لە هەندێكیان بە ئاشنا ناسراوم و لە هەندێكی دیكەش بە شووشە.
بۆیە دەتوانم بڵێم راگەیاندن بەشێوەیەكی گشتی بە كار و خزمەتێكی گەورە و پیرۆزی دەزانم و بەشێكی زۆری لە تەمەنی من داگیر كردووە، هەروەها دەمەوێ ئاماژە بەوەش بكەم كە راگەیاندن بوو خۆشەویستی و رێزی خەڵكی پێ بەخشیوم و لە رێگەی راگەیاندنەوە ناسرام.
دایكم هاندەرێكی سەرەكیم بووە
هەر كارێك مرۆڤ ئەنجامی بدات نەخاسمە ئافرەتێك كە بیەوێ لەو كۆمەڵگەیەدا بوارێكی وەك راگەیاندن هەڵبژێرێت، پێویستی بە پاڵپشتی و هاندان هەیە. جا لە هەر لایەكەوە بێت، لەم بارەیەوە ئاشنا دەڵێ: هاندەری سەرەكی و راستەقینەم دایكم بوو، ئەو زیاتر هانی دام لەو بوارە بەردەوام بم، هەروەها ئەو بەڕێوەبەرانەی كارم لەگەڵیاندا كردووە، ئەوانیش بە هەمان شێوە هانیاندام.
ئاشنا هەروەها دەڵێ: كاری راگەیاندن بە گشتی و بێژەری بەتایبەتی كارێكی وا ئاسان نییە هەر كەسێك بە ئارەزوی خۆی بیەوێ بتوانێت ئەم كارە بكات، چونكە كارێكی سەخت و هەستیار و بەرپرسیاریەتی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی هەر كەسێك بیەوێ ئەم كارە بكات، پێویستە چەند خەسڵەتێكی تێدا بێت لەوانە: پێویستە باكگراوندێكی رۆشنبیری و سیاسی هەبێت، هەروەها خوێندنەوەی باش بێت و بتوانێت پەیامەكە وەك خۆی بگەیەنێتە بینەر و بیسەر.
هەروەها دەبێ درك بەوە بكات كە جیاوازی هەیە لەنێوان بێژەر و پێشكەشكاری بەرنامە، هەرچەندە من خۆم بە هەردووكیان دادەنێم، بەڵام زیاتر لە بێژەرییەوە نزیكترم.
لاسایی كەس ناكەمەوە
ئایا دوای ئەم هەموو ساڵە كار كردن لە راگەیاندن ئاشنا خۆی بە سەركەوتوو دادەنێت، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێ: چۆن دەتوانم بڕیار لەسەر سەركەوتن و سەرنەكەوتنی خۆم بدەم، ئەم پرسیارە پێویستە ئاراستەی جەماوەر بكرێت بۆ ئەوەی هەڵەسەنگاندنێك بۆ من و كارەكانم بكات و لایەنە بەهێز و لاوازەكانی من دیاری بكات، بێگومان ئەمەش لە رێگەی راپرسییەكەوە دەكرێت.
سەبارەت بە لاسایی كردنەوەش دەڵێ: هەندێك كەس پێیانوایە من تەقلیدی بێژەرانی عەرەبی یان بیانی دەكەمەوە، ئەمەش راست نییە، چونكە من تەقلیدی كەس ناكەمەوە تەنیا ئەوە نەبێت دەمەوێ رێچكەیەكی تایبەتی خۆم هەبێت لە كاری بێژەریدا.
پێم باشە هەموو بێژەرەكان ئافرەت بن
سەبارەت بە مەرجی جوانی و رێژە و ژمارەی بێژەرانی ئافرەت و پیاو لە دەزگاكانی راگەیاندندا ئاشنا دەڵێ: ئەمە بۆ بڕیاری بەڕێوەبەری ئەو دەزگایانە دەگەڕێتەوە، خۆم پێم باشە هەموو بێژەرەكان ئافرەت بن بەتایبەتی لە تەلەفزیۆنەكاندا ئەمەش بۆچوونی تایبەتی خۆمە، جوانیش مەرجی سەرەكی نییە بۆ سەركەوتنی بێژەر، بەڵكو خوێندنەوەیەكی باش و چۆنیەتی تێگەیاندنی بینەر و بیسەر لە پەیامەكە ئەوەیان بەڕای منەوە گرنگە بۆ سەركەوتنی.
لە كۆتاییدا ئاشنا دەربارەی وەرزش وتی: زۆر بە كەمی وەرزش دەكەم، بەڵام سەیری تۆپی پێ دەكەم و هاندەری هەڵبژاردەكانی ئەمریكای باشوورم (بەرازیل و ئەرجەنتین) هەروەها زۆریش سەرسامم بە یاریزان لیۆنیل میسی.