عەلی كەریم: پیری بە شێوەیەكی گشتی مەرگەساتە

عەلی كەریم: پیری بە شێوەیەكی گشتی مەرگەساتە
دانیشتن لەگەڵ پیاوێكی خۆشەویستی وەك عەلی كەریم، تاموچێژێكی تایبەتی هەبوو،پیاوێك كە بەقەد گەورەیی دنیا لە خۆیی و كارەكتەری خۆی رازیەو پێیوایە مرۆڤ دەبێت لەخۆیدا خۆیی ببینێتەوە. پیاوێك كە تا ئێستاش پیربوونی خۆی لە گەنجێتیدا دەبینێتەوە و بڕوای وایە قەت پیر نابێت. عەلی كەریم لەدایكبووی شاری كەركوكی خۆشەویستەو لەپاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول راگوێزراون و لە كەركوك گوازراونەتەوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، هەر لەوێش دەستیكردووە بەكاری هونەری. لەكۆتایی حەفتاكانەوە لەزۆربەی گۆڤار و رۆژنامە عەرەبی و كوردییەكان نووسینەكانی بڵاوكردۆتەوە و خاوەنی چەندین كتێبی تایبەت بە بواری شانۆ و ئەزموونەكانی شانۆی كوردییە. خاوەنی دوو كچە بەناوەكانی تاڤ و ڤان و ئێستاش هەر لە سلێمانی ژیان بەسەر دەبات. گۆڤاری گوڵان لە شاری سلێمانی هونەرمەند عەلی كەریمی بەسەر كردەوە و ئەم دیمانەیەی لەگەڵیدا ساز كرد.

دیمانە/ ژینۆ عەلی

* هونەرمەندی سەركەوتوو كێیە؟
- یەك خاڵی زۆر گرنگ هەیە بۆ دەستنیشانكردنی هونەرمەندی سەركەوتوو، ئەویش راستگۆییە لەوكاتەی دەیەوێ داهێنان بكات، هونەرمەند كاتێك بیەوێ سەركەوتوو بێ، دەبێ راستگۆ بێ لەگەڵ خۆی لەگەڵ كارەكتەرەكەی یان ئەو دیمەنەی یان ئەو رووداوەی سیناریۆكە بۆی نووسراوەتەوە. بە سیناریۆی سەركەوتوو، ئەكتەری سەركەوتوو دروست دەكات هونەرمەندێك كە بیەوێ بەردەوام لەكارە هونەرییە كوردییەكان كاربكات، هەمیشە بەردەوام سیناریۆی باش دەخوێنێتەوەو گرێبەست لەگەڵ ئەو لایەنە بەرهەمهێنەرە دەكات كە سیناریۆی چاكی داوەتێ، چونكە چەندە سیناریۆكە جوان بێت و كارەكتەرەكانی سەرەكیی بن و جوانی داڕشتبێ، ئەكتەریش بەرامبەر ئەم كارەكتەرە دەتوانێ هەموو لایەنەكانی كارەكتەرەكە بدۆزێتەوە، هەموو رەهەندەكانی كارەكتەرەكە چ لەرووی كۆمەڵایەتی و جەستەی و فیكری هەبێت بیدۆزێتەوە، دەتوانێت ئەو كارەكتەرە بەرجەستە بكات.
* رۆڵەكانت زیاتر جددییەتیان پێوە دیارە، دەتوانی رۆڵی كۆمیدیش بەهەمان ئاست بنوێنی؟
- ئەوەی ئێستا لەكوردستان بەتایبەتی لەسلێمانی بەناو شانۆی كۆمیدییەوە پێشكەش دەكرێ، شانۆیەكن بۆ بازرگانی كردن، جا ئەگەر مەبەستت كۆمیدییە ئەو جۆرە كارەكتەرانە بن یان ئەو شێوە نواندنەبێ، نەخێر ناتوانم ئەوە بكەم، بەڵام نواندنی كۆمیدی بێت وەك شانۆی كۆمیدی كە باوە لە سەرتاسەری دنیا بەتایبەتی لەسەردەمی گریكەكان تا دەگاتە ئەمڕۆ، دەتوانم بڵێم بەڵێ، دەتوانم بەشداری بكەم لە كارەكتەرێكی كۆمیدی ئەگەر وەك كارەكتەرێكی تراژیدی سەركەوتوو نەبم، بەڵام خراپ نابم، چونكە نواندنی كۆمیدی ئەوە نییە كە بەردەوام خەڵك بێنیتە پێكەنین، لەبەر ئەوە كاری كۆمیدی كارێكی زۆر قورسترە لە كاری تراژیدی.
*بۆچی نەبوویت بە دەرهێنەر؟
- لەكۆتایی شەستەكان ئارەزووی زیاتری نواندنم هەبوو، لەگەڵ ئەوەش سەرگوزشتەی زۆرم هەیە. وەك بنەماڵە كەمدەرامەت بووم نەمتوانیوە رۆژانی هەینی ئەو پارەیەم دەسكەوێ بچم بۆ سینەما سەیری فیلم كەم، تا ئەم ساتەش ئارەزووم نەبووە بۆ كاری دەرهێنان كارێكی قورسە. دەتوانم بڵێم كە توانای یەك لایەنم هەیە كۆنتڕۆڵی بكەم. ئەویش ئەكتەرییە ئەمە سەردەمی پسپۆرییە، یان ئەوەتا ببی بە ئەكتەرێكی باش، هەموو تواناو رۆحیەتی خۆتی بۆ تەرخان بكەی یان تووشی گرفت و سەرنەكەوتن دەبێ لە بەرهەمهێنانی كارێكی هونەری.
* تۆ رۆڵی جوامیر ئاغات بینی لە فیلمی ژاڵە لەهەمان كاتدا هەندێك رۆڵی جیاوازترت بینی لەرووی كۆمەڵایەتییەوە وەك نادری موهەندیس لە خۆرنەوەزان، چۆن توانیوتە خۆت بگونجێنی لەنێوان كوڕە ئاغایەك و پیاوێك كە هەموو هەوڵی ئەوەیە منداڵەكانی لە خوێندن و ئەم سەردەمەی ئێستا دانەبڕێن؟
- لەساڵی 1985 كە بەشداریم كرد لە فیلمی ژاڵە و بەسەركەوتوویی رۆڵی جوامێر ئاغام بینی، بە بەراورد لەگەڵ رۆڵی نادری موهەندیس كە خەمخۆری پێگەیاندنی رۆڵەكانی بوو زیاتر لە رۆڵەكانی تر هەموو ئەمانە بەمەبەستی ئەوەی كە بتوانێت جارێكی تر و سەر لەنوێ بە بەرگێكی تر ژیان بەرێتە سەر ئەم كارەكتەرانە بۆ ئەكتەری راستگۆ زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تووشی یەك شێواز نەبێ ئەو بەراوردەی یان ئەو توانایە دەگەڕێتەوە بۆ سەركەوتوویی و راستگۆی ئەكتەر لەو كارەكتەرەی بۆی دەستنیشان دەكرێت.
من كە رۆڵی كوڕە ئاغایەك دەبینم خۆ دەبێت لە درامایەكی تردا رۆڵی سواڵكەرێك ببینم ئێمە كارەكتەری چین و توێژەكانی كۆمەڵگەین ئەكتەری سەركەوتوو ئەو ئەكتەرەیە كە بەردەوام لە گۆڕانكاریدا بێ، ئەگەر هاتوو ئەكتەرێك بەردەوام بە یەك شێواز كاری نواندن ئەنجامبدات تووشی شكست دەبێت لە كارەكەیدا.
* زۆر لەو كارانەی تۆ رۆڵیان تێدا دەبینی رۆڵی پیاوێكی خاوەن بڕوانامە و خانەدانە، زۆر بە ئاسایی باس لە خواردنەوە و سەرخۆشی دەكات، لەلایەنی كۆمەڵایەتییەوە گرفتی بۆ دروست نەكردی؟
- هەندێك دیمەن هەیە لە درامادا پێویستی بە خواردنەوە و مەستی ئەكتەر هەیە، نە یەكەم كەسم لە بەردەم كامێرا مەی بخۆمەوە نە دوا كەسیش دەبم نە یەكەم كەسم لە ژیانمدا بخۆمەوە و نە دوا كەسیش دەبم. ئەمە بەشێكە لە پێویستییەكانی ژیان و بەشێكە لە رەوشت و نەریتەكانی ژیانی هەموو میللەتان و هەموو مرۆڤایەتی. جا هەست ناكەم لە زنجیرە درامایەكی 30 ئەڵقەیی ئەگەر لە دیمەنێكدا یان چەند دیمەنێكدا مەیم خواردبێتەوە بۆم بووبێتە مایەی كێشە یان گرفت لەلایەن خەڵكی دەوروبەرەوە یان لە سەر شۆستەو شەقامەكان ئەوەندەی كە من تێبینیم كردووە بەبەردەوام لەو كارانەی كە من كردوومن یان ئەو كارەكتەرانەی كە من بینیومن هەستم بەوە كردووە كە بینەر زیاد لە پێویست خۆشیان ویستووم.
* بۆچی حەز دەكەی لە خانەوادەكەتان تەنیا تۆ دەربكەوی؟
-ئەگەر ئەندامانی بنەماڵەكەم بیانەوێ ببن بە ئەكتەر حەقی خۆیانە لە ژیانمدا بڕوام بە پسپۆری هەیە، بە مافی خۆمی دەزانم تەنیا خۆم ببم بە ئەكتەر، چونكە لە هەموو تەمەنمدا جگە لە ئەكتەری و خوێندنەوەی نواندنی ئەكتەری لەهیچ بوارێكی تردا خۆم سەرقاڵ نەكردووە، بۆیە پێمخۆشە تەنیا خۆم بم.
* تۆ هەمیشە هاوڕێی مێینەت هەیە، تۆ بڵێی هۆكاری ئەم هاوڕێیەتییە بەردەوامە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-ژیان و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێكهاتووە لە نێرینەو مێیینە، هەموو بونەوەرەكانی خودا هەر لە ئاژەڵەوە تا ژیانی مرۆڤایەتی پێكهاتووە لە نێرینەو مێینە، وەك سرووشتی خۆم حەزم لە دانیشتن و هاوڕێیەتی رەگەزی مێینەیە، چونكە كەمتر كێشەت بۆ دروست دەكات وەك لە نێرینە، بە ئەزموونەوە دەیسەلمێنم ئەو هاوڕێیەتیەی لەگەڵ مێینەدا هەم بووە ئەگەر بۆ ساتە وەختێكیش كێشەیان بۆ دروست كردبێتم، ئەو كێشەی ئەوان یان ئەو جۆرە خەمەی ئەوان بۆیان دروست كردبێتم جۆرێك لە خۆشحاڵی تێدایە. بەڵام لەگەڵ پیاوەكان ئەگەر تووشی كێشەیەك یان گرفتێك هاتبم لەئەنجامی ركەبەرایەتیەك بووە نەك لەوەوە منیش بووم بۆ ئەوەی بەردەوام لە ناخەوە ئارام بم حەزم لە هاوڕێیەتی مێینەیە. سەد لەسەد عەشق بە مێیینە دەبەستمەوە.
* بیستوومانە زۆر گرنگی بە تەندروستی خۆت دەدەی و حەزیش لە ئۆتۆمبێل ناكەی بۆچی؟
- ئەكتەر بۆ ئەوەی بتوانێت پێكهاتە شانۆییەكانی سەر شانۆ بە بەردەوام پڕبكاتەوە و بیخاتە جووڵەوە پێویستە زۆر ئاگای لە تەندروستی خۆی بێت، ئەكتەری شانۆیی پێویستی بە دەنگێكی زووڵاڵ هەیە. دەنگێگی خۆشی هەبێت گوێ بێزار نەكات جەستەیەكی جوانی هەبێت قەڵەو پڕ نەبێت جەستەیەك بێت بزێو بێت بەردەوام لە جووڵەدا بێت.
ئەمانە وایلێكردووم گرنگی بە تەندروستی خۆم بدەم، هەرچەندە ئێستا لەو گرنگی دانەم بە جەستەم كەم بۆتەوەو تەمەڵیم تێدا كردووە، من كە لەشارێكدا دەژیم دەتوانم ئەمسەر و ئەوسەری پێبكەم بەپێ پێویستیم بە ئۆتۆمبێل بۆچی بێ.
* لەپیری ناترسی؟
- پێموانیە كەسێك هەبێت لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا لەمردن نەترسێ یان لە قۆناغی پێش مردنیش كەپیرییە، پیری لە گەنجێتی ئەهوەنترە، چونكە هەندێك پیری هەیە لەبەرئەوەی بە بەردەوام بەرهەمت هەیە دەجوڵێیت و كاردەكەیت، شتت هەیە پێشكەشی مرۆڤایەتی بكەی من ئەو جۆرە پیرییە بە پیری گەنجێتی دەدەمە قەڵەم، پیرییە لەناو گەنجێتی داو گەنجێتیە لەناو پیریدا، لەكۆتاییدا پیری بە شێوەیەكی گشتی مەرگەساتە.
Top