ئەیوب عەلی: ونبوونی خۆی بە بەرهەمێكی نوێ دەردەخات

ئەیوب عەلی: ونبوونی خۆی بە بەرهەمێكی نوێ دەردەخات
هونەرمەندی لاو خاوەن ستایل و شێوازێكی تایبەتە لەگۆرانی گوتندا كە پێی ناسراوە و زۆریش لەمجۆرە ستایلەیدا سەركەوتوو بووە، هەرچەندە خەڵكی شاری هەولێر نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هەولێر قوتابی كۆلێژی ئەندازیاری بوو، بۆیە ماوەیەكی زۆر لەوێ مایەوە و هەر لەوێش سەرەتاكانی هاتنە نێو جیهانی هونەریی دەستیپێكرد و ئاشنایی لەگەڵ چەند هونەرمەندێك پەیدا كرد كە هاوكار بوو بۆ ئەوەی زیاتر بێتە ناو جیهانی هونەر، هەر لەكارە سەرەتاییەكانیدا توانی سەركەوتوو بێت و ببێتە یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە جەماوەر تەقەبولی گۆرانییەكانی بكەن، بۆیە چەند بەرهەمێكی بڵاو كردەوە كە ئێستاش گۆرانییەكانی زیندوون، ئێستاش دوای بڵاوكردنەوەی بەرهەمی مۆم لەخۆ ئامادەكردندایە بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی نوی، هونەرمەند ئەیوب عەلی لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* لەرۆژانی ئاساییت چەند کاتژمێر لەکاتی خۆت بۆ هونەر تەرخان دەکەیت؟
-هەموو رۆژەکان بۆ کات بەسەر بردن و بەرپرسیارێتی جیاوازن. هەر رۆژەو بەشتێک خەریکم، بەڵام هیچیان لەکاری هونەری بەدەر نین، چونکە هونەر بە بەردەوامی لە رۆحمدا دەژیت.
*جگە لە گۆرانی و مۆسیقا بە چیترەوە خەریکی؟
ساڵانێکی زۆری پێشوو لە فەرمانگەیەکی پەنابەری کارم دەکرد بۆ خزمەتی پەنابەران، بەڵام لە ئێستادا تەنیا سەرقاڵی کاری هونەریم.
* تۆ ئەندازیاری لە هەمان کاتیشدا گۆرانیبێژی، ئایا هیچیانت بەقوربانی ئەویتر نەکردووە؟
-لە کۆلیژی ئەندازیاریەوە من ئاشنای جیهانی مۆسیقا و گۆرانی بووم، هەر لەوێشەوە دۆستایەتم لەگەڵ چەندین هونەرمەند دروست کرد، بەڵام دیارە مۆسیقا و گۆرانی بەشێک بووە لە رۆحم، بۆیە توانی خۆی بسەپێنێتە سەر دنیای ئەندازیاری، بەلام پێموانیە ئەندازیاری بەشێک نەبێت لەهونەر.
* بۆچی دوای بەرهەمی مۆم بێ دەنگ بووی؟
- خۆم زۆر حەز بە دەرکەوتن ناکەم لە دەزگا راگەیاندنەکاندا. پێموایە کاری من زیاتر خزمەتکردنە نەک دەرکەوتن! دوای بەرهەمی مۆم زۆر سەرقاڵی بەرهەمی نوێم، تاوەکو ئێستا هەمیشە تواناکانی خۆم بۆ بەرهەمێکی نوێ کۆکردۆتەوە کە لەداهاتوویەکی زوودا ونبونی خۆم بەچەند بەرهەمێکی نوێ دەردەخەم.
* حەزدەکەین بە راشکاوی بیروبۆچۆنی خۆتمان بۆ دەربڕی دەربارەی راگەیاندنی کوردی و خزمەتکردنی بە هونەری کوردی بەتایبەتی ئێستا چەندین رۆژنامەو گۆڤاری هونەری دەردەچن؟
- زۆربوون و بەرفراوانبوونی راگەیاندنی کوردی شتێکی باشە و هێمای دیموکراسی ئەو وڵاتە نیشان دەدات. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی لە خزمەتی هونەری کوردین لە پەنچەکانی دەست دەرناچن. بە هیوام کارەکان لەسەر ئاستی چۆنیەتی بن نەک چەندایەتی.
* هەمیشە هونەرمەندان داوادەکەن کە کۆپی کردن و پێشێلکردنی مافەکانیان بووەستێت. پێتوایە ئەم بارودۆخە تاکەی بەردەوام دەبێت؟ پێتوایە چارەسەری بنەڕەتی تەنیا بە بڕیاری پەرلەمان دەبێت؟
- ئەوە یەکەمجار بێت ئەم پرسیارەم ئاراستە بکرێت و منیش چەندین جار وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانەم داوەتەوە. کۆپیکردن و مافی هونەرمەندان کارێك نییە تەنیا بەرپرسیارێتی حکومەت و پەرلەمان بێت، بەڵکو ئەوە بەرپرسیارێتی خەڵکیشە. دەبێت ئاستی بەرپرسیارێتی خەڵک بگاتە ئەو رێژەیە کە بەبێ هیچ بڕیارێکی پەرلەمان و حکومەت خۆیان پاڵپشت و هاندەری هونەرمەندان بن. ئەوە خەونێکی منە کە میللەت و هونەردۆستانی ئێمە بگەنە ئاستی خەڵکانی بەرپرس وەک وڵاتانی دنیا.
*زۆر لە هونەرمەندانی بێگانە لەرێگەی کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە دێنە کوردستان و ئاهەنگ ساز دەکەن و ئەو جەماوەرەی ئامادەی ئاهەنگەکان دەبن زۆربەی کوردنین. پێتوایە سەردانی هونەرمەندای تورک و فارس و عەرەب چی دەبێت لەسەر هونەر و هونەرمەندانی کورد؟
- پێموایە دیاردەی هاتنی هونەرمەندانی بێگانە بۆ کوردستان کارێکی زۆر ئاساییە. بەڵام لەهەمان کاتیشدا ئەو جیاوازیە زۆر بەروونی دەبینم لەنێوان جەماوەری خۆمان و جەماوەری بێگانە لەرووی کڕینی بەرهەم و ئامادەبوونیان لە کۆنسێرتەکانتاندا. پێموانیە هیچ زیانێکیان هەبێت لەسەر تاموجێژی بیستنی کورد. خەڵک ئازادە حەز بەچی دەکات و چی رەت دەکاتەوە.
* ئایا چیرۆکی گۆرانیەکانی ئەیوب عەلی رەنگدانەوەی ژیانی خۆیەتی؟
- زۆربەیان لەناخی خۆمەوە هەڵدەقوڵێن و هەندێکیشیان رەنگدانەوەی عاشقانی کوردە.
* بیرت لەوە نەکردۆتەوە گۆرانیەک بە دوێت لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژێکی کورد بڵێیت؟
- بەڵێ زۆر بیرم لەوە کردۆتەوە، بەڵام پێموانیە ئەوە کارێکی وا ئاسان بێت. هەمیشە حەزم بەمکارە کردووە، بەڵام پێموایە هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە.
*موژدەی چیت هەیە بە عاشقان و بیسەرانی خۆت بگەیەنیت؟
-ئەلبومێکی نوێم لەبەر دەستە کە لەماوەیەکی زۆر نزیک دەگاتە بەر دەست و گوێی هەوادارانم کە زۆربەی هۆنراوەو ئاوازەکانی هی خۆمن، پێموایه ئەوجارە وەڵامی خواست و داواکاری گوێگره خۆشەویستەکانم دێنمە دی، کە هەمیشە داوام لێدەکان کە کار لەسەر ئاواز و تێکستی خۆم بکەم.
Top