دەلال زاخۆیی: حەزدەكەم ببم بە هونەرمەند

دەلال زاخۆیی: حەزدەكەم ببم بە هونەرمەند
لەماوی 10 ساڵدا تەنیا چوار گۆرانی هەیە و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە

هونەرمەند دەلال زاخۆیی وەك خۆی لەم دیمانەیەدا باسی دەكات لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا تەنیا چوار گۆرانی هەیە و ئەمساڵ خەریكی كاركردنە لە ئەلبومێكی نوێ كە بەنیازە لە مانگی ئازاری ساڵی 2011 بڵاوی بكاتەوە. ئەو جگە لەوەی دەنگێكی خۆشی هەیە، لەهەمان كاتدا توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە تەنیا چوار گۆرانی ببێتە خاوەنی جەماوەرێكی زۆر لە دهۆك و سەرجەم شارەكانی كوردستان. لەم دیمانەیەدا دەلال زاخۆیی باسی وردەكاری ئەلبومەكەی دەكات و چەند بابەتێكی دیكە بۆ خوێنەران روون دەكاتەوە.
* كاركردنت لە ئەلبومێكە نوێیەكە بەكوێ گەیشت؟
_ بەڵێ، لەمانگی نیسانەوە دەستم كردووە بە تۆماركردنی گۆرانییەكانی ئەلبومەكەم كە بەنیازم لە نەورۆزی 2011 بڵاو بكەمەوە. ئەو ئەلبوومە لە 13 تراك پێكهاتووە. دوو گۆرانی بە سۆرانییە، ئەلبوومەكەش لەبەرهەمهێنانی كۆمپانیای (Art Colorsـە.
*چەند گۆرانیت تۆماركردووە و چەندی ماوە؟
_نۆ گۆرانیم تەواو كردووە و هەموو كارەكانی تەواو بووە، تەنیا دەنگ و كۆرس ماوە، چوار گۆرانیش ماوە كە دواتر تۆماریان دەكەم.
*بەنیازیت چەند گۆرانی كلیپ بكەی؟
_راستیەكەی كۆمپانیای ئارت كەلەرس بڕیاری داوە سەرجەم گۆرانییەكان كلیپ بكات لەبەر ئەوەی بەرهەمی ئەو كۆمپانیایەیە نەك بەرهەمی خۆم، 30 هەزار دۆلاریان تەرخان كردووە بۆ ئەلبومەكە. ئەوان وتیان حەز دەكەین هەموو گۆرانیەكان كلیپ بكەیت لەبەر ئەوەی هەموویان خۆشن، ئەو كۆمپانیایە بەنیازە تەلەفزیۆنێك بكاتەوە.
*تۆ چۆن دەڕوانیتە رۆلی ئەو كۆمپانیایە؟
_كۆمپانیایەكی زۆر باشە، كەسم نەبینیوە وەك ئەوان بێت، ئەوانەی لەو كۆمپانیایە كار دەكەن زۆر بەڕێزن و یەكەم ئەلبوومی منە ئەوان بەرهەمی دەهێنن.
*باشتر نییە كۆمپانیاكانی دیكەش هەمان هەنگاوی ئەو كۆمپانیایە بگرنە بەر؟
_ بەڵێ زۆر باشترە لەبەر ئەوەی هونەرمەند ناتوانێت سێ دەفتەر یان چوار دەفتەر لەئەلبوومێك خەرج بكات، دواتر سیدیەكە كۆپی دەكرێت و مافی خۆی بەدەست ناهێنێتەوە.
*سەرەتا چەند گۆرانی كلیپ دەكەی؟
_سەرەتا باشترین دوو گۆرانی كلیپ دەكەم، دوای بڵاوبوونەوەی سیدیەكەش گۆرانیەكانی دیكە كلیپ دەكەم.
*پێتوایە گۆرانی لە كوردستان كلیپ بكرێت باشترە یان لەدەرەوە؟
_من بڕوام بەوە نییە بچیتە ئەستەنبۆڵ لەسەر دەریا و ناو شەمەندەفەر و ئەو شوێنانە كلیپ بكەی، پێموایە ئەگەر گۆرانی خۆش بێت و دەنگی گۆرانیبێژەكە خۆش بێت، لەهەر شوێنێك كلیپی بۆ بكات سەركەوتوو دەبێت.
*لەو ئەلبوومەدا هیچ گۆرانی دیۆتۆ هەیە؟
_ئەو گۆرانیەی من و دڵنیا قەرەداغی بەیەكەوە وتوومانە لەو سیدیەشدا بڵاو دەبێتەوە، لە كۆمپانیا پێیان باش بوو ئەو گۆرانیە لەسیدیەكەدا هەبێت، هەرچەندە لەوانەیە لەداهاتوودا من و ئاڤان جەمال گۆرانیەكی دیۆتۆ بڵێین، بەڵام جارێ هیچ دیار نییە.
*پێتوایە لەستایلی خێرا سەركەوتووتری یان ستایلی غەریبی؟
_ زیاتر خۆم لەستایلی رۆمانسی و لەسەرخۆ دەبینمەوە، ئەوە قسەی خۆمە و قسەی جەماوەریشە، لەناو سیدیەكەدا سێ گۆرانی خێرا هەیە.
*خۆشترین سیدی ساڵی 2010 كام سیدی بوو بە رای تۆ؟
_زۆر سەرسام بووم بە سیدی نازدار جزیری.
*لەماوەی 10 ساڵ تەنیا چوار گۆرانیت هەیە؟ ئەوە چۆن دەبینی؟
_ بەرهەمم زۆر كەمە، لەماوەی 10 ساڵ چوار گۆرانیم هەیە نەك سیدی ئەوە زۆر زۆر كەمە. پارەی پێویستم نەبوو ئەلبووم بڵاو بكەمەوە هەتا ئەو كۆمپانیایە پێوەندیان پێوە كردم وتیان جەماوەرت زۆرە ئامادەین ئەلبوومەكەت بەرهەم بهێنین. من زیاتر سەرنجی چۆنیەتی دەدەم نەك چەندێتی، پێم باشە گۆرانیەكی باش بڵاو بكەمەوە نەك سیدیەكی خراپ.
*ئەو چوار گۆرانیە بەناوی چین و ساڵی چەند بڵاوت كردونەتەوە؟
_یەكەم گۆرانی بەناوی ژوان بوو، لەساڵی 2000، دووەم گۆرانی ئەڤیندارم لەساڵی 2002، گۆرانی سێیەم لەساڵی 2004 بەناوی گرتیێ چاڤێن تەمە، دوا گۆرانیش لەگەڵ دڵنیا قەرەداغی بوو لەساڵی 2008. واتە لە 10 ساڵدا تەنیا چوار گۆرانیم هەیە.
*چۆن توانیت بوونی خۆت بسەلمێنی تەنیا بەو چوار گۆرانیە لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا؟
_بەڵێ، پێموایە كەس ناتوانێت بە چوار گۆرانی لەماوەی 10 ساڵ بوونی خۆی بسەلمێنێت وەك من، ئەو جەماوەرەشی هەبێت وەك من ئەمە كارێكی زۆر گران و سەختە.
*گلەییت هەیە لەتیڤیە كوردییەكان سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی گۆرانیەكانی تۆ؟
_كەناڵەكانی ڤین تی ڤی و كۆرەك و جەماوەر و ئەلشەرقیە كلیپەكانم زۆر بەباشی بڵاو دەكەنەوە و زۆر لێیان رازیم، بەڵام كوردسات كلیپی من بڵاو ناكاتەوە نازانم بۆ، ساڵی 2008 كلیپی خۆم و دڵنیام نارد بۆ كوردسات رەتیان كردەوە و پەخشیان نەكرد، كەناڵەكانی دیكە بڵاوی دەكەنەوە و ئەوان نا، من تێناگەم. لەوانەیە كێشەیان لەگەڵ دڵنیا قەرەداغی هەبێت، كوردسات لە ئەلشەرقیە ناسراوتر نییە كە كەناڵێكە لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبیەكان ناوبانگی هەیە، ئەگەر بڵێن بەهۆی خراپی مۆنتاژ و وێنەگرتنە ئەی بۆ ئەلشەرقیە و كۆرەك و ڤین بڵاوی دەكەنەوە. نەمبینیوە رۆژێك دڵنیا قەرەداغی بچێتە بەرنامەیەكی كوردسات بۆیە لەوانەیە بەو هۆیەوە بێت.
*لەو چوار گۆرانیەی باست كرد كامەیان لەهەموویان زیاتر جەماوەر پێشوازی لێكرد و پێیان خۆش بوو؟
_گرتیێن چاڤێت تەمە و گۆرانی من و دڵنیا قەرەداغی. پێموایە زۆر باش جێگەی خۆیان لەناو دڵی جەماوەر كردەوە.
*نهێنی ئەو هاوڕێیەتیە بەهێزە چییە لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان؟
_لەژیانی ئاسایی رۆژانەم زۆر برادەرم هەیە، لەزۆربەی شارەكانی كوردستان. لەگەڵ هونەرمەندانیش هاوڕێیەتیم زۆر بەهێزە.
*هەر سەبارەت بە ئەلبوومەكە، ئاواز و هۆنراوەكانی هی كێن؟
_چوار ئاواز هی خۆمە، ئاوازێك هەڤاڵ ئیبراهیم، دوو ئاواز عەبدولقەهار زاخۆیی، ئاوازێك نوژدار محەمەد تاهر، ئاوازێك عیماد عەلی و ئاوازێكی تر نیهاد عەلی، هۆنراوەكانیش لەلایەن ئەحمەد هەسنی، بەیار باڤی، عەبدولقەهار زاخۆیی، نوژدار محەمەد تاهر، هەڤاڵ زاخۆیی، عومەر ئەركان هەروەها دوو گۆرانیش لەلایەن خۆمەوە نووسراون و هۆنراوەیەكی دیكەش لەلایەن دكتۆر بەدرخان سندی.
*تەنیا 13 گۆرانیت لەبەردەست دابوو یان زیاتر بوون ژمارەی گۆرانیەكان؟
-نزیكەی بیست و پێنج تا سی گۆرانیم هەیە و ئەوانەم هەڵبژارد. ئەوە چەند ساڵە تاكو بڕیارم داوە ئەو گۆرانیانە هەڵبژێرم.
*رای كەست وەرگرت بۆ هەڵبژاردنی ئەو گۆرانیانە؟
_رای خۆم، هەروەها رای هاوڕێكانم و هونەرمەندان لە زاخۆ و دهۆك و هەولێر و تەنانەت سلێمانیش. لەوانە سەمیر زاخۆیی، عەبدولقەهار زاخۆیی، ئاڤان جەمال، بڵند ئیبراهیم، هەڤاڵ ئیبراهیم و گۆران ساڵح و زۆر هونەرمەندی تر.
*داوات لێنەكراوە بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ئایا ئامادەی بەرنامە پێشكەش بكەی؟
_داوام لێكراوە لەلایەن تەلەفزیۆنێكی ناوخۆ لەشاری زاخۆ، هەروەها لەلایەن كۆرەك تیڤی جارێك ئارامۆ وتی بۆ بەرنامەیەك پێشكەش ناكەی؟ بەڵام ئێستا ئەوە لەبەرنامەم دا نییە.
*خۆت وەك هونەرمەندێكی چۆن دەبینی؟
_ئەوە لەسەر جەماوەر دەمێنێتەوە، ئەگەر هونەرمەندێك جەماوەری زۆر بێت، بەدڵنیاییەوە هونەرمەندە. ئەگەر جەماوەری نەبێت، ئەوا هونەرمەند نییە. من ئێستاش دەڵێم زۆری ماوە ببم بە هونەرمەند. لەبەر ئەوەی جیهانی هونەری دەریایەكی زۆر گەورەیە. من حەزدەكەم ببم بە هونەرمەند. ئەوە وەڵامە بۆ ئەوانەی لە كۆڵان و لە شایی گۆرانی دەڵێن و بەخۆیان دەڵێن هونەرمەند. جەماوەریان نییە و لە موزیك نازانن. هەموو كەس دەتوانێت گۆرانی بڵێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانێت داهێنان بكات و جەماوەر پێی خۆش بێت.
Top