دۆمینیك حۆرانی بۆ گوڵان: ئێمەی هونەرمەند بە شتی ساختە دەورەدراوین

دۆمینیك حۆرانی بۆ گوڵان: ئێمەی هونەرمەند بە شتی ساختە دەورەدراوین
زۆر كەس بە گۆرانیبێژی وروژێنەر ناوی دەبەن، بەڵام ئەو پێیوایە ئەوەی پێشكەشی دەكات جۆرێكە لە هونەر و ئافرەت بە سرووشتی خۆی بوونەوەرێكی وروژێنەرە، ئەویش هیچ شتێكی زیاد ناكات تاكو سەرنجڕاكێش بێت، جگە لەوەی كە جوانی خۆی نیشان دەدات وەك مێینە. بەر لە ماوەیەك ژیانی هاوسەری پێكهێنا و ئەوەی تێبینی دەكرێت ماوەیەكە زۆر چوست و چالاكە لە بوارەی كلیپ و سازكردنی ئاهەنگ و كاری هونەری، بۆیە لە پێوەندییەكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

*دوای شووكردن هەست دەكرێ چالاكییە هونەرییەكانت زیاتر بوونە، هۆكاری ئەم چوست و چالاكییە چییە؟
-رەنگە ئەمە بۆ ئەو ئاهەنگە زۆرانە بگەڕێتەوە كە لەماوەی ئەمساڵدا سازم كردوون، هەروەها بۆ چاوپێكەوتنی بەردەوامم لەگەڵ جەماوەرە خۆشەویستەكەم و ئامادەبوونیان لە ئاهەنگەكان و پێشوازی گەرمیان لە كارەكانم هۆكارێكی دیكەی ئەو چالاكییە زۆرانەیە.
* هاوكاری نێوان تۆ و هونەرمەندی سووری عەلی ئەلدیك چۆن دروستبوو؟
- عەلی ئەلدیك یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانم و زۆر حەز دەكەم كاری لەگەڵدا بكەم، لە كاركردنم لەگەڵیدا زۆر سەركەوتوو بووم، چونكە خاوەن دڵێكی كراوە و باش و كەسایەتییەكی خۆشەویستە لای جەماوەر.
* ئەم هاوكاری و كاركردنەی نێوانتان تاكەی بەردەوام دەبێت؟
- جگە لەو ئاهەنگە زۆرانەی كە لەماوەی رابردوو بەیەكەوە سازمان كرد و بەردەوامیشن، ئێستا خۆمان بۆ دیۆیەكی نوێ ئامادە دەكەین و بە نیازی ئەنجامدانی چەند گەشتێكی هونەری جیاجیاین لە زۆربەی وڵاتان.
* هەندێك لە هونەرمەندە عەرەبەكان سوودیان لە هونەری كوردی وەرگرتووە، تۆش هەوڵت نەداوە؟
- ماوەیەك خۆم فێرە زمانی كوردی دەكرد و زۆریش حەزدەكەم گۆرانییەك بەزمانی كوردی بڵێم.
* هاوسەرەكەت بێزار نابی لەو هەموو كار و چالاكییە هونەریانەی تۆ؟
- هاوسەرەكەم دەربارەی هونەری من رای ئەوەیە كە هیچ كەسێك هەرچییەك بێت بۆی نییە دەست بخاتە نێو كاروباری منەوە بەهیچ شێوەیەك.
* بەو سەرقاڵییە بەردەوامە چۆن گرنگی بە كچەكەت دەدەیت؟
- پێموایە بوونی كچەكەم گرنگترین دەسكەوتە لە ژیانمدا، ئەو شتە راستەقینەیەی من دەمویست بۆم هاتە دی، چونكە ئێمەی هونەرمەند هەمیشە بەشتی ساختە و نادروست دەربارەی ژیان و خۆشییەكانی ژیان دەور دراوین، لە هەموو گەشتە هونەرییەكانمدا كچەكەم لەگەڵ خۆم دەبەم، زۆر حەز لە شانۆ دەكات، بەڵام كاتێك دەست بە گۆرانی گوتن دەكەم لەلای دایكم بەجێی دەهێڵم.
* رۆژانە چۆن دەست بە كارەكانت دەكەیت؟
- وەك هەموو رۆژێك سەرەتا بە وەرزش ئینجا سەما و مەلەوانی و پایسكلسواری دەست پێدەكەم، بێگومان ئەمە جگە لەوەی رۆژانە گۆرانی دەڵێم.
* بڕوات بە بورج هەیە؟
-بەڵێ بڕوایەكی زۆرم پێی هەیە و دەزانم بورجەكەم كە شێرە هەمیشە كەسێكی خاوەن چانسە.
* ئەگەر رۆژێكیان لە بورجەكەتدا هاتبوو كە تووشی رووداوێكی ناخۆش دەبیتەوە، كاردانەوەت چۆن دەبێت؟
- كارەكانی خۆم زۆر بەشێوەیەكی سرووشتی ئەنجام دەدەم، بەڵام زۆر وریا دەبم و ئاگام لە هەنگاوەكانی خۆم دەبێ بۆ هەموو شتێك كە لە دەوروبەرم روودەدات.
* ئایا راستە تۆ ئامۆژگاری ئەلیسات كردبوو بەوەی زوو شوو بكات بۆ ئەوەی دوا نەكەوێت؟
-نەخێر راست نییە، بەهیچ شێوەیەك ئەم قسەیەم نەكردووە، چونكە ئێمە هاوڕێین و زۆر كەسایەتی ئەلیسام خۆشدەوێ، چونكە كەسێكی زیرەك و سرووشتییە.
* چی دەڵێی دەربارەی نەجوا كەرەم؟
- بەڕای من نەجوا كەرەم بەبێ ركابەر باشترین هونەرمەندە و دەركەوتنی نەجوا كەرەمم زۆر بەدڵە، چونكە وەك كەسایەتی خۆی چوست و چالاكە، هەروەها مرۆڤێكی رۆشنبیر و تێگەیشتووە.
* ژمارەیەك هونەرمەندی لوبنانی هاتوون و لە كوردستان ئاهەنگیان ساز كردووە، تۆش بیرت لەوە نەكردۆتەوە بێی بۆ كوردستان؟
- بێگومان زۆر حەز دەكەم بێم بۆ كوردستان و زۆریش وڵاتی ئێوەم خۆشدەوێ، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن لە كارەكانتاندا.
Top