"ماندوو" له‌ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پووسان" نمایشكرا

فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له‌ ده‌رهێنانی "ئیبراهیم سه‌عیدی" له‌ سێ سانسی جیاوازدا له‌ به‌شی "ده‌لاقه‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا" له‌ پازده‌هه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پووسان" له‌ وڵاتی كۆریای باشوور نمایشكرا.

به‌ پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" له‌ تاران، فیستیڤاڵی فیلمی "پووسان"، به‌ نمایشی 308 فیلم له‌ 11 به‌شی جیاواز، له‌وانه‌: "ره‌وتی نوێ"، "ده‌لاقه‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا"، "دیاری فیستیڤاڵ"، به‌شی "فله‌ش فۆروارد"، "سینه‌مای ئه‌مڕۆی كۆریا"، به‌شی تایبه‌ت "سینه‌مای كوردستان ـ رۆحی فه‌تح نه‌كراو"، به‌شی "سینه‌مای كۆماری چیك"، به‌شی "گۆشه‌ی كراوه‌"، به‌شی "سینه‌مای كراوه‌" و به‌شی "نیوه‌ شه‌و" له‌ رۆژانی 7 تا 15ی ئۆكتۆبری 2010 له‌ شاری به‌نده‌ری پووسان له‌ كۆریای باكوور به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
فیلمی سینه‌مایی "ماندوو" سه‌ره‌تا كاتژمێر 6ی ئێوارێ هه‌ینی 8ی ئۆكتۆبر له‌ هۆڵی "سینه‌ما لۆته‌ كێنتۆم شاری 4" و پاشان كاتژمێر 30/9ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی ئۆكتۆبر له‌ هۆڵی "سینه‌ما لۆته‌ كێنتۆم شاری 3" نمایشكرا و بڕیاروایه‌ كاتژمێر 30/5ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه‌ 12ی ئۆكتۆبر له‌ هۆڵی "سینه‌ما دیۆنگ 8" نمایش بكرێت.
هه‌روه‌ها فیلمی دیكۆمێنتی بڵندی "دایكانی من" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكارانی كورد "ئیبراهیم سه‌عیدی" و "زه‌هاوی سنجاوی" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی "عه‌باس غه‌زالی" له‌ به‌شی تایبه‌ت به‌ ناساندن و ته‌ركیز له‌ سه‌ر سینه‌مای كوردستان به‌ ناونیشانی "سینه‌مای كوردستان ـ رۆحی فه‌تح نه‌كراو" له‌ میانه‌ی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "پووسان" نمایش ده‌كرێت.
له‌ به‌شی "سینه‌مای كوردستان ـ رۆحی فه‌تح نه‌كراو"دا 7 فیلمی كوردی دیكه‌ له‌ سینه‌ماكارانی كورد نمایش ده‌كرێن، له‌وانه‌: فیلمی سینه‌مایی "رێگا" له‌ ده‌رهێنانی "یه‌ڵماز گۆنای"، فیلمی سینه‌مایی "نیوه‌ مانگ" له‌ ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی"، فیلمی سینه‌مایی "په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار" له‌ ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، فیلمی سینه‌مایی "ده‌یوید تۆلهیڵدان" له‌ ده‌رهێنانی "مانۆ خه‌لیل"، فیلمی سینه‌مایی "براكوشی" له‌ ده‌رهێنانی "یه‌ڵماز ئه‌رسه‌لان"، فیلمی سینه‌مایی "منداڵانی دیاربه‌كر" له‌ ده‌رهێنانی "میراز بیزار" و فیلمی سینه‌مایی "ڤودكا لێمۆن" له‌ ده‌رهێنانی "هونه‌ر سه‌لیم".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی فیلمی سینه‌مایی "ماندوو".
Top