هونەرمەند عەدنان شینۆ بۆ گوڵان: هونەری شێوەكاری و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی مێژوو

هونەرمەند عەدنان شینۆ بۆ گوڵان: هونەری شێوەكاری و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی مێژوو
هەرچەندە لەكوردستان هونەرمەندی زۆر بەتوانا هەن لەبواری شێوەكاریدا و لەكۆلێژ و پەیمانگاكانی هونەرە جوانەكان بەشێكی تایبەت بەشێوەكاری هەیە، بەڵام هەست دەكرێ وەك پێویست ئاوڕ لەم هونەرە نەدراوەتەوە، عەدنان شینۆ یەكێكە لەهونەرمەندە شێوەكارە دیار و بەرچاوەكانی دەڤەری بادینان، لە دیمانەیەكدا باس لە گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم هونەری شێوەكاری دەكات و بەم شێوەیە بۆ گوڵان هاتە ئاخافتن.
دیمانە: سۆران مارف كەریم (دهۆك)
* هونەری گۆرانی و موزیك لەكوردستانی عێراق زۆر گرنگی پێدراوە، تۆ پێتوایە بەهەمان شێوەش بۆ هونەری شێوەكاری ئەو گرنگییە دراوە؟
- پێموایە نزمی ئاستی رۆشنبیریی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵكی ئێمە لە رابردوودا تووشی ئازار و ئەشكەنجەی زۆر بووە، نەیتوانیووە خاوەن بڕیار و بۆچوونی خۆی بێت و نەیهێشتووە ئینسانی كورد هەست بە وجوودی خۆی بكات. دوای ئەو گۆڕانكارییەی كەوا لەكوردستان كرا و ئازادی بەرقەوار بوو، تا راددەیەكیش لەلایەن دەسەڵاتەوە گرنگی بە هونەری شێوەكاری نەدراوە. نەبوونی خەڵكی رەخنەگر ئەوە بۆخۆی گرفتێكی تری بواری شێوەكارییە، چونكە رەخنەگر ئەو كەسەیە كە پردی پێوەندییە لەنێوان تابلۆ و هونەرمەند و بینەری كاری هونەری، زۆرجار خەڵكی هونەرمەند كەسێكی عاجزە، هونەرمەند وابەستەیە بەكێشەی ژیان و خەیاڵەوە، بۆیە هەبوونی رەخنەی شێوەكاری زۆر گرنگە، بەداخەوە تا ئێستا لەكوردستان رەخنەگری شێوەكاریمان نییە. هەر جوڵانەوەیەك هەبێت دەبێت كارتێكەر هەبێت، بۆیە ئێستا هەست دەكەیت هونەرمەندی راستەقینە دروست نابێت، بەداخەوە ئێستا قوتابی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكان دوای بەدەست هێنانی بڕوانامە ناگاتە ئەو ئاستەی جێگەی دڵخۆشی بێت، چونكە پێموایە هونەر كارتێكەرێكی زاتیە و لەناخی مرۆڤەوە دەردەچێت، دەتوانم بڵێم جووڵانەوەی شێوەكاری هەیە، بەڵام دەبوایە لە ئاستێكی گەورەتر بوایە.
*پێتوانییە هونەری كوردی هونەرێكە و تا ئێستا نەیتوانیوە موخاتەبەی عەقڵی تاكەكانی وڵاتەكەی خۆی بكات؟
- بەدڵنیاییەوە من لەگەڵ ئەو پرسیارەم، دەبێت زۆر بەوردی هونەرمەندی شێوەكاری بچێتە ناو وردەكارییەكانی هونەرەكەیەوە و هەوڵی نوێكاری بدات، دەبێت هونەرمەند كەسێكی بەئاگا بێت.
* ماوەی (15)ساڵ لە ئەوروپا ژیانت گوزەراندووە لەوێ چۆن توانیووتانە وەكو هونەرمەندی شێوەكاری پردی لێگەیشتن لەنێوان هونەرمەندانی كورد و وڵاتانی دەرەوە دروست بكەن؟
-ئەوروپا دەرگایەكی موعەقەدە ناتوانی هەروا بە ئاسانی لە دەرگای بدەیت، هونەرمەندی كورد لەوێ بۆتە چەند بەشێك و بەشێكی بەهونەریكی سادە و موباشیر دەیەویت هونەری خۆی بباتە پێش كە ئەمە سەركەوتوو نەبووە و هونەرمەندیش هەبووە توانیوویەتی بچێتە پشتی هونەری جیهانییەوە و سەركەوتن بەدەست بهێنێت و تایبەتمەندی خۆی بپارێزیت، لەوێ هونەرمەندی زۆر باش هەن كەوا تەمەنی خۆیان تەرخان كردووە بۆ خزمەت كردنی هونەری كوردی.
* زۆر جار باس لە ئالیەتێك دەكەین تاكو هونەری شێوەكاری پێ بكەینە هونەرێكی جەماوەری، واتا هونەری شێوەكاری موخاتەبەی عەقڵ و ئینسانی كورد بكات، تۆ پێتوایە ئەو هەنگاو و ئالیەتانە چین؟
- دەبێت هونەری شێوەكاری بگاتە ئەو ئاستەی بەجددی موخاتەبەی ئیحساسی خەڵك بكات، بۆ نموونە هەوڵمداوە لە پانۆرامای ئازادیدا لە دهۆك هونەركەم ببمە ناو خەڵكەوە ئێستا ئەوەی بێتە دهۆك دەبێت سەردانێكی پانۆرامای ئازادی بكات، پێموایە هونەر ئیحساسە ئەگەر وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت، ئەوا بێگومان دەچێتە ناو خەڵك و خەڵك گرنگی پێدەدات، تۆ چەند بدەیتە خەڵك خەڵكیش ئەوەندە دەداتە تۆ. هونەری شێوەكاری جیهانێكی زۆر فراوانە تاكە شت كە تۆ پێویستیت پێیە ماندووبوون و بیركردنەوەیە.
* لەجیهاندا دوو جۆر هونەر هەیە، هونەرێكیان بازاڕییەو هونەرەكەی دیكەیان هونەرێكی راقییە ئایا كورد هونەری راقی هەیە لە بواری شێوەكاریدا؟
- پێموایە كورد خاوەنی هەردوو جۆر هونەرەكەیە ئەمەش لە هەموو دنیادا هەیە، واقیعی ژیانی ئێمە واقعێكی تاڵ بووە، وەكو نەتەوەی كورد، ئایا ئێمە توانیوومانە لەهونەری شێوەكاریدا ئەو مێژووەی وەكو كورد هەمانە بیگێڕینەوە؟ نەخێر نەمانتوانیوە لەهونەری شێوەكاریدا بەجددی مێژووی خۆمان بگێڕینەوە، لەكاتێكدا وەزیفەی هونەر ئەوەیە.
Top