هونەرمەند زانای محمود هەژار بۆ گوڵان: هونەر گێڕانەوەی ساتە جوان و پاكەكانی ئینسانە
دیمانە/ سۆران مارف كەریم
* چۆن پێناسەی خۆت دەكەیت؟
- بێگومان خوێنەر ئاستەكانیان جیاوازە، خوێنەری وریاو بیرمەند ئەو خوێنەرەیە كەلە باكگڕاوندی وشەو مانشێت و پەیامەكان دەگات و بەپێی ئاستی تێگەیشتنی خۆی هەڵیان دەسەنگێنێ.
* هەندێك باسی قەیرانی هونەری كوردی دەكەن، تۆ قەیرانی گۆرانی موزیكی كوردیدا لە چیدا دەبینیتەوە؟
- میللەتی نەتەوەیی ئەو میللەتەن كە دەست بەهونەرەكەی خۆیانەوە دەگرن تاكو با نەیبات. هیوادارم قسەكانم لە ئاستی جوگرافیای هەرێمەكەی خۆماندا بپێكم. هونەری كوردی تۆپێكە لە مەیدانی پان و بەرینی عەولەمەدا دەخولێتەوە. خەڵكانێك بەكرێگیراوانە لە ناوەندی ماشێتی راگەیاندنی كوردیدا، لەسەر بودجەی ئەم وڵاتە دا نیشتوون لەبەر سپلێتدا زۆر نەزانانە و تێكدەرانە شەقشەقێن بە مێژوو و ئێستای هونەری نەتەوەییمانەوە دەكەن. میزاج گەیشتۆتە ئەو راددەیەی كە رێ بە خەڵكانێك دراوە تصدیری تێكستوو میلۆدی و كلیپی عەرەبی لە جۆرە ئاست نزمەكان بكەن بۆ كوردستان، ئەمە ژەهر و تریاكە بە هونەر و تازەگەری پێمان دەفرۆشنەوە، یان كەسانێك دەستیان داوەتە ئەوەی وردە وردە میلۆدی كوردی دەتوركێنن. لەم بێ سەروبەرەیی و هەڕەمەكی و بێ سیستمیەدا ئەو هونەرە ئاست نزمانە هەڵەتۆقێنن. دەڵێم هونەر گێڕانەوەی ساتە جوان و پاكەكانی ئینسانە. بۆیە زۆر جار مۆرانە داوێتی لە مێژووی میللەتان. ئێستاش ئەم مۆرانەیە لەم میللەتەی داوە. كەواتە قەیرانی گۆرانیی و مۆسیقای كوردی مۆرانەكانن كە تێكیان داوین.
* ئایا خۆبەستنەوە بە فۆلكلۆرەوە بەسە بۆ ئەوەی هونەری كوردی بەرەو پێش بەرین؟
- كە وتت هونەری كوردی، دەبێت مۆرك و رەنگی كوردی بەكارەكەوە دیار بێت. گەر كارەكە بە شێوازی جیهانیش كاری تیا كرابێت. كەواتە بەهونەرێك دەوترێت كوردی كە رەگەكانی لە خاكی نیشتمانەوە لە ئاوی فۆلكلۆریان خواردبێتەوە.
* فۆڕمێكی نوێ و ستایلێكی تا راددەیەك كاریگەری گۆرانی عەرەبی لە بواری هونەرری كوردیدا گەشەی كردووە، ئێوە لەو رووەوە چ قسەیەكتان هەیە؟
- لە دنیادا ئاساییە بەهۆی كاریگەری جوگرافیی و دینیی و پێكەوە ژیانی مێژوویی نەتەوەكان حەزت بۆ دەرەوەی خۆت هەبێت. یان بەهۆی هۆكارەكانی سەرەوە هونەری نەتەوە دراوسێكان پڕیشكی یەكتریان بەر كەوتبێت، بەڵام بەڕای من ئەوانەی بە چاویلكەی عەرەبی و توركی فارسیەوە دەڕواننە هونەری كوردی، ئەوانە یان نەزانن یان خاك فرۆش یان میللەت فرۆشن.
* كێ سەرەتا هاندەرتان بوو تاوەكو بەڕێزتان لە خزمەتی هونەری موزیك رۆڵی خۆتان ببینن؟
- هونەرمەندێك دوور لە خۆدەرخستن بە تواناو لێبوردەیی خۆی بە شێوازێكی كورد پەروەرانە هەموو ژیانی خۆی بەخشی بە ئێمە، ئەم زاتە هەر فێری مۆسیقای نەكردین، بەڵكو بەو سەردەمە سەختەی بەعسدا ئێمەی بەپاكیی بەڕێ كرد. ئەویش هونەرمەند عوسمان محەمەدئەمین بوو.
*سەرەتا بەكام موزیكژەن سەرسام بوون؟
- بەهونەرمەندی گەورە ئەنوەر قەرەداغی.
* پەیمانگای هونەرە جوانەكان ئەو كاتە چ گرنگییەكی هەبوو، ئەو كاتە لە پێناو بەرەو پێشبردنی رەوشی هونەر و پێگەیاندنی هونەرمەندی موزیك ژەن؟
- لەگەڵ ئەوەشدا كە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی تاكە قوتابخانەی هونەری بووە لە سلێمانیدا، دوای چالاكیی قوتابخانەكان. هەر لەوێشەوە دەیان هونەرمەندی زۆر باش پێگەیشتن. نموونەیان عەبدوڵڵا جەمال و بەخە سەرسپی و فەرهاد محەممەد ساڵح و نەبەز حەمە رەشید و تاد...
* هەنگاوە جددییەكانی موزیكی كوردی بۆ بوون بە موزیكی جیهانی لە چ ئاستێكدایە؟
- لەسەر ئاستی نەتەوەیی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی كامگارەكان دوو شێوازی جیاوازی ناوچەیەكی بەرفراوانی كوردستانن. لە ئاستی بە جیهانی بوونیشدا هەنگاوی باش نراوە، بەڵام بێ دەوڵەتی كورد ئەو توانایانەی كورد بچووكتر لە خۆی پیشان داوە.
* تێكەڵاوییەك بە موزیكی كوردییەوە دەبینرێت، ئەنجامە خراپەكانی ئەم تیكەوڵابوونە لای تۆ چییە؟
- بەشێكی كاریگەری بە جیهانی بوونە. ئەویش بەشێكی زۆر لە هەست پاشەكشە دەكات. واتە مەسەلە رۆحییەكانی كە بنەمان بۆ هونەر. هۆكاری دووەم فەوزای سیاسی ناو وڵاتی خۆمانە، هونەریش كەوتۆتە بەینی ئەو بەرداشەوە. لە وڵاتێكدا بەڕێوەبردن كارگوزارێكەوە بۆ سەرەوە بە ئینتیمای حزبی بڕوا بەرێوە لە وڵاتێكدا سسیستەمێك نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی هونەر سەر بە دەسەڵاتێك نەبیت تیا چوویت.... بیگومان هونەر وای لێ بەسەر دێت.
* دەڵێن موزیكی عەرەبی و توركی خەریكە جێ بە موزیكی رەسەنی كوردی لە مۆسیقای كوردیدا لێژ دەكات، ئەمە تا چەند وایە؟
- گەر هەوڵ بدەیت زۆر بیر بكەیتەوە..گوێ بگریت...بخوێنیتەوە كەمتر تێدەكەوی.
* پێتوایە ئێمە تا چ ئاستێك خاوەنی بنەمای موسیقای كوردین؟
- كورد خاوەنی ریتم و میلۆدی لەبن نەهاتووە، بە شێوە جوان و زانستییەكەی كاری كەمی لەسەر كراوە. بێگومانم گەر هونەرمەندی كورد لەو دیدگایەوە بڕواننە داهاتوو دەتوانن هونەری كوردی لە ئاستی ناوچەكەدا بەرنە پێشەوە..