به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فێرگه‌ی بالێی سلێمانی

به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فێرگه‌ی بالێی سلێمانی
ئا/ سۆزان عه‌لى
فێرگه‌ى بالێی سلێمانى له‌ساڵى 1998به‌ فه‌رمی كراوه‌ته‌وه‌ و له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردووه‌. تائێستا دوو فیستیڤاڵى له‌شاره‌كانى كوردستاندا كردۆته‌وه‌.
بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌گرنگمان زانى دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مامۆستا رووبار ئه‌حمه‌د به‌رِێوه‌به‌رى فێرگه‌كه‌ ساز بكه‌ین.
مامۆستا رووبار له‌ساڵى 1968له‌دایك بووه‌ له‌ساڵی 1992 ئه‌كادیمیاى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى له‌به‌غداد ته‌واو كردووه‌. له‌ماوه‌ى خوێندنى ئه‌و چوار ساڵه‌یدا له‌قوتابخانه‌ى مۆسیقاو بالیه‌ى عێراق سه‌رجه‌م وانه‌كانى تایبه‌ت به‌هونه‌رى بالێی ته‌واو كردووه‌. ئێستا به‌رِێوه‌به‌رى فێرگه‌ى (بالىَ)ى سلێمانییه‌.
* سه‌ره‌تا حه‌ز ده‌كه‌ین كه‌مێك باس له‌ مێژووى دروست بوونى هونه‌رى (بالىَ) مان بۆ بكه‌ی؟
- هونه‌رى بالىَ له‌ساڵى (1576) له‌ئیتالیا بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رى هه‌ڵدا. مه‌لیكه‌ى ئیتالیا به‌رِێوه‌ی ده‌برد، به‌ڵام دواتر شوو ده‌كات به‌ مه‌لیكى فه‌ره‌نسا به‌مه‌رجێك ئه‌م هونه‌ره‌ بباته‌ وڵاتى فه‌ره‌نسا. بۆیه‌ وشه‌ى بالىَ وشه‌یه‌كى فه‌ره‌نسیه‌و به‌ماناى ئه‌وه‌ دێت كۆبوونه‌وه‌ی ده‌ورى خوان. واته‌ كاتێك میوانى كۆشكه‌كان هاتووه‌ ئه‌م سه‌مایه‌ له‌ده‌ورى مێزى نان خواردنه‌كه‌دا كراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو جووڵه‌ هونه‌ریه‌كانى بالیا. ناوى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و پێوانه‌ى هه‌یه‌، واته‌ به‌سه‌نتیمه‌تر پێوانه‌ ده‌كرێت. ناوه‌كان (بێریڤه‌یس، ئاره‌بیسك، كوپىَ.... تاد)
به‌ڵام دواتر رووسییه‌كان قوتابخانه‌ى تایبه‌ت به‌ بالیایان دانا، زۆر جوانتر له‌فه‌ره‌نسییه‌كان و ئیتالییه‌كان توانیان هونه‌ره‌كه‌ باشتر پێش بخه‌ن. له‌سه‌رده‌مى رێنیسانسدا فه‌ره‌نسییه‌كان باشتر په‌ره‌یان پێدا. به‌ جۆرێك به‌شێوه‌ى وانه‌ وتنه‌وه‌ وه‌ك چۆن نۆته‌ى مۆسیقا ده‌نووسرێته‌وه‌ ئاوا نۆته‌ى سه‌ماى بالىَ ده‌نووسرێته‌وه‌. ئێستا له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا بلیتى چوونه‌ ژوره‌وه‌ى له‌هه‌موو بلیته‌كانى ترى هونه‌رى گرانتره‌.
* له‌ كوردستان له‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ گه‌شه‌ى كردووه‌؟
- له‌ساڵى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ هه‌وڵم داوه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ له‌ كوردستان دروست بكه‌م ، چ له‌ رێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ چ له‌ رێگه‌ى ده‌سه‌ڵات و وه‌زاره‌ته‌ پێوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرِۆژه‌یه‌ى من گه‌یشته‌ ساڵى 2008 له‌لایه‌ن وه‌زیرى پێشووى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان د.دڵشاد عه‌بدولره‌حمان ئه‌و برِیاره‌ ده‌رچوو كه‌ فێرگه‌ى بالىَ بكرێته‌وه‌. واته‌ له‌به‌روارى 21/2/2009 یه‌كه‌م وانه‌مان وته‌وه‌ و له‌به‌روارى 18/8/2009 دا یه‌كه‌مین فیستیڤاڵى بالێمان كرده‌وه‌ و نمایشه‌كه‌مان برده‌ هه‌ولێر و دهۆكیش. ئه‌مساڵیش له‌ یادى جه‌ژنى مناڵان نمایشێكى ترمان كرده‌وه‌.
* ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ چۆن به‌ره‌و پێشچوونی زیاتر به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئاستێك كه‌ شایه‌نی باس كردن بێت؟
- ئێمه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى سونه‌تیمان هه‌یه‌ له‌رِووى ئایینیه‌وه‌ ئه‌م سه‌مایه‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا ئاوا لێی ده‌رِوانن دواتر بۆ خۆیى ده‌بێته‌ كولتوور و بۆ خه‌ڵكیش ئاسایى ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ڵىَ ئه‌مه‌ هونه‌ره‌و هیچ عه‌یب و عارێكى نییه‌.
* ئایا كێشه‌ى كه‌مى قوتابیتان نییه‌؟
- سه‌ره‌تا كێشه‌ى قوتابیمان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌مان كه‌متربۆته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ى كه‌پێویستمانه‌ به‌هۆى بچووكى بیناكه‌مانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ى قوتابییه‌ی كه‌هه‌مانه‌ به‌قه‌د تواناى فێرگه‌كه‌مانه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كێشه‌ى ترمان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ندێك قوتابی هه‌ن زۆریان حه‌ز به‌م هونه‌ره‌یه‌، به‌ڵام كاتى ده‌وامى خوێندنى له‌گه‌ڵ ده‌وامى فێرگه‌ى منه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و خوێنكاره‌ى تووشى بێزارى و نائارامى ده‌روونى كردووه‌، له‌كاتى نمایشى فیستیڤاڵه‌كه‌دا قوتابیم هه‌بووه‌ له‌كاتى نمایشه‌كه‌دا فریانه‌كه‌وتووه‌ تا نمایشه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ گریاوه‌، ئه‌مه‌ بۆ من و ئه‌و قوتابیه‌ش كێشه‌یه‌. كێشه‌یه‌كى ترمان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و شوێنه‌ى كه‌فێرگه‌كه‌ى لێیه‌ ئه‌وه‌نده‌ دووره‌ له‌ماڵى هه‌ندێك قوتابیه‌وه‌ كه‌ له‌كاتى مه‌شقه‌كاندا ناتوانن له‌كاتى خۆیاندا ئاماده‌بن.
* ئایا ئه‌م هونه‌ره‌ نابێته‌ هۆى تێكچوونى جه‌سته‌ى قوتابی؟
- له‌ رووى ته‌ندروستیه‌وه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ى كه‌ مه‌شق به‌قوتابیه‌كان ده‌كات ده‌بێت شاره‌زا بێت و ئاگاى له‌وه‌ بێت چۆن قوتابی هانبدات بۆ ئه‌وه‌ى ئاگاى له‌ماسوولكه‌ى قوتابیه‌كان بێت، شوێنى مه‌شقى ئێمه‌ زۆر گونجاوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ تائێستا تووشى هیچ گرفتێكى ته‌ندروستى قوتابی نه‌بووینه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستم به‌ دكتۆرێكى پسپۆر هه‌یه‌ له‌ئێسك و ماسوولكه‌دا، چونكه‌ نابێت هه‌ر شتێك ببێت خۆم بیكه‌م.
Top