دەروێش سەرحەدی: با پێشخستنی هونەری كوردی لەسەر حیسابی رەسەنایەتی نەبێت

دەروێش سەرحەدی: با پێشخستنی هونەری كوردی لەسەر حیسابی رەسەنایەتی نەبێت
ئەگەرچی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تا راددەیەكی زۆریش رێگر و بەربەست بوون لەبەردەم هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نەبوونەتە هۆی ئەوەی كە بتوانن رێگە لە دەركەوتنی بەهرە هونەرییەكان بگرن بۆ ئەوەی لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا خزمەت بە گەلەكەیان بكەین. دەروێش سەرحەدی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە خاوەن بەهرەیەكی هونەری لە بن نەهاتووە، چونكە جگە لە دەنگە خۆشەكەی، شارەزاییەكی زۆری لە ژەنینی چەندین ئامێری مۆسیقی رەسەنی كوردی هەیە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز بكەین.

*چۆن رەسەنایەتی ئامێرە مۆسیقییەكانی خۆمان دەپارێزین؟
- ئەم پرسیارە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆرە بۆ ئەوەی ئێمە سەرەتا ئامێرە مۆسیقییە كوردییەكان جیا بكەینەوە لە ئامێری مۆسیقی میللەتانی دیكە، بە بڕوای من (رەبابە) یەكێكە لە ئامێرە هەرە رەسەنەكانی كورد كە لە دێر زەمانەوە بەكارهاتووە و هەر ئێمەی كوردیش دروستمان كردووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوەی نییە كە تەنیا لە گۆرانی و مۆسیقای كوردیدا بەكاردێت، بەڵكو هەموو گەلانی دنیا دەتوانن بەكاری بهێنن، بە هەمان شێوە نەتەوەكانی دیكەش ئامێری مۆسیقی تایبەت بە خۆیان هەیە كەچی لەلایەن گەلانی ترەوە بەكار دەهێنرێت.

* لە هەموو پارچەكانی كوردستان پێتوایە ئێستا هونەری كوردی لە چ قۆناغێكدایە؟
- سەرەڕای هەموو شتێك دەڵێم بەشێوەیەكی گشتی هونەری كوردی پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە جا گۆرانی و مۆسیقا یان شانۆ یان شێوەكاری بێت، جاران هونەری كوردی لە گوند لە شایی و گۆڤەندەكان زیاتر ناسرا بوو، ئێستا چووەتە شار و ئۆركێسترا و تاد .. بەڵام ئێستا هەوڵ بدەین ئەم پێشكەوتنە پەرە پێ بدەین بەرەو باشتر و پرۆفیشناڵتر بەتایبەتی لە بواری مەقام و گۆرانییە رەسەنە كوردییەكان كە ئێمە پێی ناسراوین بۆ ئەوەی ناسنامەی هونەری خۆمان لە دەست نەدەین.
سەبارەت بە پارچەكانی كوردستان دیارە هەر پارچەیەك بە بارودۆخی سیاسی تایبەتیدا تێپەڕیوە، ئەمەش كاریگەری بەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانەوە هەبووە، لەوانەش لایەنی هونەری.

* راستە هەندێك كەس دەڵێن هونەری كوردی رەسەنایەتی خۆی لە دەستداوە؟
- زۆر جار وا هەست دەكەم كە مۆسیقای كوردی ناسنامەی خۆی لە دەستداوە، چونكە دەبینین رۆژ دوای رۆژ مۆسیقای راستەقینە بەرەوە كەمبوون دەچێت و ون دەبێت، هەر هەرێم و ناوچەیەك مۆسیقای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پێویستە ستایلێكی كوردی هەبێـت كە پێی بناسرێتەوە، هەروەها ئێستا ئێمە نازانین ناسنامەی هونەریمان چییە و لە چی پێكهاتووە ئەمەش كێشەیەكی دیكەی گەورەیە، ئەمەش بە ڕای من بۆ سەربەخۆ نەبوونی هونەرمەندان دەگەڕێتەوە هەموویان لەژێر فەرمانی ئەم و ئەو كار دەكەن كە ئەمەیان كاریگەری لەسەر كەسایەتی خودی هونەرمەندەوە هەیە، وایلێهاتووە هونەرمەند نەتوانێت بۆ خۆی كارێكی هونەری بەرهەم بهێنێت و بینێریتە بازاڕ، بۆیە قەدەری كورد لە دەست كەسانێك دایە كە ئەوانیش تواناكانیان سنووردارە، لە لایەكی ترەوە هەر هونەرمەندێك سەر بە لایەنێكی دیاریكراوە و ناتوانێت لە فەرمانی دەربچێت، پاراستنی رەسەنایەتی هونەری كوردی بەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایە كارێكی ئاسان نییە.

* ئایا هونەرێك هەیە پێی بڵێین هونەری نەتەوەیی كوردی؟
-بێگومان هەموو هونەری كوردی هونەرێكی نەتەوەییە تەنانەت گۆرانییەكانی ئاشق و ئەڤیندارانیش هەمووی بەر لەوەی راستەوخۆ بۆ كچ یان كوڕ بێت بۆ كوردستان بووە و ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەمەش بۆ بندەستی و مێژووی پڕ لە نەهامەتی گەلی كورد دەگەڕێتەوە.

* هونەرمەندان چۆن دەتوانن هونەری كوردی پێش بخەن؟
-بێگومان پێویستە هونەرمەندان هەوڵێكی زۆر بدەن بەلایەنی كەمەوە هەوڵ بدەن لە ئاستێكی جێگیر، بەڵام نابێ پێشخستنی هونەری كوردی لەسەر حیسابی ونكردنی مۆركی نەتەوایەتی بێت، دوای دەیەها ساڵ لە داگیركاری و وێرانكاری كوردستان، بە هەوڵ و خەباتی هەموو لایەك وڵاتی ئێمە ئازادبوو، ئێمە سەر لە نوێ وڵاتی خۆمان دەكەینەوە لە پرۆسەیەكدا كە ئاوەدانی هەموو بوارەكانی ژیانی گرتۆتەوە و پێمان ناوەتە قۆناغێكی نوێ.

*تا چەند گەشبینی بەرامبەر بە داهاتووی هونەری كوردی؟
_ وەك پێشتر وتم هونەری كوردی هەنگاوی باشی ناوە، هەروەها ژمارەی كەسانی بەتوانا و گرووپی مۆسیقا لەزیادبووندان ئەمەش مایەی دڵخۆشییە، بەڵام پێویستە هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر لەنێوان هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان زیاتر بێت بۆ ئەوەی بە هەموومان بە جیهان بڵێین كە ئێمەی كوردیش خاوەن هونەر و كولتووری نەتەوەیی و تایبەتی خۆمانین و لە كۆڕ و كۆبوونەوە جیهانییەكاندا شانازی پێوە بكەین.

* تایبەتمەندییەكانی موزیكی كوردی چین؟
- پێویستە نەوەكانمان موزیكی كوردی بناسنەوە رەنگە ئەمە بۆ هاووڵاتییەكی ئەوروپی زۆر گرنگ نەبێت، چونكە ئێمە لە ناوچەیەكداین پێویستیمان بەوەیە بوون و ناسنامەی خۆمان بپارێزین تا ئەو كاتەی دەگاتە ئاستێكی بەرز، بۆ پاراستنیشی پێویستە هەر لە منداڵەكانمانەوە زۆر گوێ لە موزیكی رەسەنی كوردی بگرین، خەریكی لێكۆڵینەوەیەكم تێیدا بۆم دەركەوتووە هەرچەندە ئێمە و باب و باپیرانیشمان گوێیان لە موزیكی كوردی گرتووە، بەڵام تا ئێستا بە تەواوی موزیكی رەسەنی كوردی ناناسین، چونكە ئەوەندە دەوڵەمەندە بە رەنگ و جۆرەكانی، كاتێك ئەم موزیكە رەسەنە نۆژەن بكرێتەوە و خەڵكانێكی بێگانە گوێی لێبگرن بەمە خزمەتێكی زۆر پێشكەش بە موزیكی رەسەنی كوردی و موزیك بە گشتی دەكەن، بەڵام كاتێك ئەگەر كۆپییەكی فارسی یان عەرەبی پێشكەش بكرێت لەسەر گۆرانییەكی كوردی ئەوا بۆ مرۆڤێكی ئەوروپی كارێكی كۆنە و نوێیەكە موزیكی كوردییە، بۆیە پێویستە زیاتر گوێی لێبگیرێت لە قوتابخانە و ماڵەوە، تەلەفزیۆنەكان گرنگی زیاتری پێبدەن، بەمەش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەتوانی كاری رەسەن پێشكەش بكەیت، لە هەمان كاتدا ئاساییە ئەگەر كەمێك فارسی یان عەرەبیشی تێكەڵ بكرێت بە مەرجێك كۆپی نەبێت رەسەنایەتی كوردی پێوە دیار بێت.

* رات چییە بەرامبەر بە كلیپە كوردییەكان؟
- بەڕای من نابێ هەر كەسێك كە كەمێك شارەزای لە وێنەگرتن و كاری دەرهێنەری بێت رێگە بە خۆی بدات كلیپێك بەرهەم بهێنێت، هەروەها نابێ هونەرمەندەكەش رازی بێت بە هەر كەسێك بۆ ئەوەی كاری دەرهێنانی كلیپی بۆ بكات، پێویستە كۆمپانیای تایبەت و پڕۆفیشناڵ هەبێت تایبەت بە كلیپ، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لە باشووری كوردستان ژمارەیەك كلیپی جوان و پێشكەوتوو بەرهەمهاتوون، هەرچەندە جۆرە پێكچوونێكیان پێوە دیارە، بەڵام دڵنیام ئەم كەموكوڕیانەش بە كەمێك ماندوو بوون نامێنن و كاری جوانتر و پێشكەوتووتر پێشكەش دەكرێن لە بواری كلیپدا.

*هونەری رەسەن لای تۆ چییە؟
- بۆ گۆرانیبێژ دەنگی خۆش بە پلەی یەكەم دێت، هەروەها دەبێ گرنگی زۆر بە فۆلكلۆری كوردی بدرێت و بە بەشێك لە ژیان و كولتووری نەمری خۆی بزانێت، ئاساییە هونەرمەند گۆرانی نوێ و سەردەمیانە بڵێ، بەڵام با روحی كوردی تێدا بێت، بە تایبەتی لە موزیك ئەمانە هەموویان دەبنە مایەی بناغەیەك بۆ دروستكردنی گۆرانی كوردی رەسەن كە بتوانین لە هونەری گەلانی دیكەی جیایان بكەینەوە.

*ئایا نزیك بوونێك لە نێوان هونەری كوردی و توركیدا هەیە؟
- هونەر و كولتووری هەر گەل و نەتەوەیەك بەستراوە بە مێژووی و رووداوەكانی ئەم گەلە بە درێژایی مێژوو، راستە بە حوكمی جوگرافیا و نزیكبوونمان لە نەتەوەكانی تورك و عەرەب و فارس بە تایبەتی جۆرە لێك نزیك بوونێك هەبێت، بەڵام هونەری هەر یەكێك لەم نەتەوانە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە كە پێی دەناسرێتەوە، تۆ لە هەر شوێنێك گوێت لە ئاوازێكی ئەم نەتەوانە بێت دەزانی هی كامیانە ئەگەر زۆریش لە یەكتر نزیك بن، بۆ نموونە گوێت لە گۆرانییەكی توركی بێت ئەگەر ئاوازەكەی لە ئەسڵدا كوردی بێت یەكسەر هەست بەوە دەكەی ئەم گۆرانییە مۆركێكی كوردی پێوە دیارە.
Top