هونەرمەند نیان عەبدوڵڵا بۆ گوڵان: زۆر باوەڕم بە كلیپ كردن نییە

هونەرمەند نیان عەبدوڵڵا بۆ گوڵان: زۆر باوەڕم بە كلیپ كردن نییە
نیان عەبدوڵڵا لە سلێمانی ژیان بەسەردەبات و ماوەی دووساڵە ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، لە ساڵی 1996ـەوە دەستی بەكاری هونەری كردووە و خاوەنی 32 گۆرانی تۆماركراوە، لەساڵی 1999 كۆنسێرتێكی لەشاری سلێمانی سازكردووە، ساڵی 2004سیدی كەرنەڤاڵی خەونەكانی بڵاوكردۆتەوە، لە داهاتوودا سیدیەكی نوێی دەكەوێتە بەردەست، ئەندامە لە تیپی كۆراڵی یەكێتی ژنانی كوردستان. لەدیدارێكی گۆڤاری گوڵان خاتوو نیان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
دیمانە/ سۆزان عەلی

*بۆچی كلیپی ساقی بڵاونەبوویەوە؟
-پێش چەند هەفتەیەك لە رۆژنامەكانەوە ئەوەم بڵاوكردەوە كە بەمزوانە كلیپی ساقی-م بڵاودەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە هۆكاری بڵاو نەبوونەوەی كلیپی ساقی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دوای بینینی كلیپەكەو مۆنتاژی كلیپەكە. نەمتوانی بڵاوی بكەمەوە، چونكە مۆنتاژەكەیم بەدڵ نییە. بۆیە گوێگرانی خۆم ئاگادار دەكەمەوە كە بۆ ماوەی زیاتر لە 15 رۆژ كلیپەكەم دوادەكەوێت تا ئەو كارە تەكنیكیانەی تەواو دەبێت ئەو ماوەیە دەخایەنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ماوەیەكی زۆرە كلیپم نەكردووە بۆیە دەمەوێ ئەم كلیپەم بە كوالێتەیەكی زۆر بەرزەوە دابەزێت. ئەوەی راستی بێت ئەبوایە ئێستا كاری سێدیە نوێیەكەم تەواو ببوایە. هەرچەندە زۆربەی كارەكانی بەڕێكەوتووە، بەڵام بەهۆی بەشداری كردنم لە فیسیڤاڵی گەورەی نەمسا لەگەڵ تیپی كۆراڵی كچانی سلێمانی نەمتوانییەوە كارەكانی ئاوا بەزوویی راپەڕێنم. بۆیە كاری تەواوبوونی سیدیەكەم دواخستووە بۆ دوای سەفەری نەمسا.

* هۆكاری كەمی كلیپی نیان عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە بۆچی؟
- زۆر باوەڕم بەكلیپ كردن نییە، ئەوكاتیش كە دەستم بەكاری هونەری كردووە، كلیپم كەم كردووە، ئەگەر چی كلیپ مەرجێكی تایبەتە بۆ گۆرانی بێژ، بەڵام كلیپیش كات و تایبەتمەندی خۆی هەیە. بۆیە زۆر كلیپ ناكەم.

* ئەو ئاوازانەی كە كاری لەسەر دەكەیت زیاتر هی كێییە؟
-وەك یەكەم تەجروبەم لەئاواز داناندا ئاوازی دوو گۆرانیم خۆم دامناوە، چەند هاوڕێیەكی ئاوازدانەر گوێیان لێگرتووە زۆریان بەدڵە. ئەو دوو گۆرانییەم كە ئاوازی خۆمە هۆنراوەكانی لەلایەن كەنار بێباك دانراوە. دوو گۆرانی بادینیشم لەم سیدیەدا هەیە ئەوانیش هۆنراوەی كەریم بەدەلە و ئاوازی ئدریس باڵەتەی-یە.

* كام جۆرانەی هۆنراوە بەكاردەهێنی، نوێ یاخود كلاسیك؟
- زۆرم پێخۆشە كار لەسەر شیعری كلاسیك بكەم، بەڵام تایبەتمەندی ئەو شیعرە كلاسیكیانە وایە ئاوازی تایبەتیان پێویستە، بۆیە ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی كەمتر ئیش لەسەر شیعری كلاسیك بكەم. بۆیە چەندین گۆرانیم هۆنراوە نوێیەكانە و زۆریشیان لێڕازیم.

*پێتخۆشە كام هونەرمەند ئاوازت بۆ دابنێت؟
- زۆرم پێخۆشە كاك بەهجەت یەحیا و عەدنان كەریم ئاوازی گۆرانیم بۆدابنێن، چونكە زۆرم پێباشە بەو ستایلەش گۆرانی بڵێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێوەندیم لەگەڵیان نییە، نەمتوانیوە لەكاتی هاتنەوەیاندا بیان بینم و ئەو پێشنیارەش بخەمە بەردەستی ئەو هونەرمەندانە.

*ئاوازی رەسەن و نوی لای تۆ چی دروستكردووە؟
- رام لەسەر هەبوونی هەردوو ستایلی كۆن ونوێ هەیە، هەردوو ستایلەكە پێویستی ئەم قۆناغەن، بەڵام هەندێك لە هونەرمەندان هەن توانایەكی هونەری باشیان هەیە توانیویانە لەسەر هەردوو ستایلەكە ئیش بكەن. بۆیە زۆر جار ئەوانە سەركەوتوو دەبن كە بەو شێوەیە ئیش دەكەن. بۆنموونە من لەسەر سۆفیگەرێتی ئاوازم داناوە و لەنوێشدا ئیشم كردووە بۆیە پێویستە لەهەردوو شێوەكە هەبێت باشە.

* ئەمە چەندەمین جارە سەفەری دەرەوە بكەن؟
-ئەمە دووەمین سەفەرە كە دەیكەم، ئەویش تایبەتە بە بەشداری كردنم لە فیستیڤاڵی گۆرانی وڵاتی نەمسا. لەم سەفەرانەماندا بەسەر هات و بیرەوەری زۆرمان هەبوو. ئەوەی كەئێمە بەپلەی چوارەمی فیستیڤاڵەكەوە هاتینەوە ئەوە بۆ خۆی خۆشترین یادەوەریمانە كە تائێستاش لەیادمدا مابێت. ئەم جارە دەتوانین بەئاستێكی زۆرباش گۆرانی كلاسیكی ئەوروپی بڵێین. بەو تەمەنە كورتەی كە گروپی كیژانی سلێمانی هەیەتی. ماوەی سی ساڵە دامەزراوە. بەو پێیەی كە ئەو تەمەنە كورتەی هەیە، بەڵام بە ئاستێكی زۆر باش گۆرانی دەڵێین، هیوادارین ئەمجارە پەلەیەكی باشتر بەدەست بێنین.

* لەناو كچە گۆرانی بێژەكانی خۆمان كامە دەنگی كچت پێخۆشە؟
- زۆر دڵخۆشم ئێستا لەم قۆناغەدا ئەوەندە هونەرمەندی كچمان زۆرە هەرچەندە لەو كاتەی كەمن دەستم بەگۆرانی وتن كرد، كچی گۆرانی بێژمان كەم بوو. بەڵام ئێستا جێگەی دڵخۆشیە. گوێ دەدەمە دەنگی زۆربەی هەرە زۆری كچە گۆرانی بێژەكان، ناتوانم كەسیان تایبەت بكەم، چونكە هەموویانم پێخۆشە، لەهونەرمەندە رەسەنەكان كەوەك قوتابخانەیەك وابوون بۆ ئێمە. سەرەتای كاری هونەریم گوێم لێدەگرتن، بەڵام ئێستا نا واهەست دەكەم پێویست ناكات بەردەوام گوێیان بدەینێ، چونكە ستایلی ئەو وتنانەم زانیوە، پێم باشە ئێستا گوێ لە شتی تازە بگرم، چونكە پێویستم بەو ستایلەیە.

* لەسەر كۆپی كردنی سیدی چی دەڵێت بەگوێگرانی دەنگت؟
- ئەم سیدیەم بەرهەمهێناوە بە دنیایەك ماندوو بوون و تێچوونێكی زۆری ماددی. بۆیە داواكارم لە خەڵكی كەسیدیەكەم كۆپی نەكەن و هۆشیاری وەرگرن لەسەر كۆپی نەكردنی سیدی، با ئەرك و ماندوبوونی هونەرمەند عارەبانچی و تۆمارگەكان نەیخۆن.
Top